“نابێت دادگای فیدڕاڵی بە بیانووی نابەجێ دەستوور پێشێلبکات”



سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی لەوەکردەوە، ” نابێت دادگای فیدڕاڵی بە بیانووی نابەجێ دەستوور پێشێلبکات”.

دادوه‌ر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ریی هه‌رێمی كوردستان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە سه‌باره‌ت به‌ دوا بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵی له‌سه‌ر پرسی كۆتاكان عێراق و ڕایگەیاند، به‌ پێی یاسای ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ قۆناغی گواستنه‌وه‌ له‌ ساڵی 2004 گۆڕا بۆ ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی و تێیدا سیسته‌می حوكم به‌ پێی مادده‌ چوار له‌و یاسایه‌ ده‌ستنیشان كرا به‌ شێوه‌یه‌ك له‌سه‌ر بنه‌مای ڕاستیی مێژوویی و جوگرافی و جیاكردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كان به‌ پێی ده‌ستور له‌نێوان ناوه‌ند و هه‌رێمی كوردستان بوو.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای په‌سه‌ندكردنی ده‌ستووریش له‌ ساڵی 2005 له‌ ماده‌ 117 / یه‌كه‌م دان به‌ هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌نێت و مافی به‌كارهێنانی ده‌سه‌ڵاته‌كانی پێی داوه‌ ته‌نیا ده‌سه‌ڵاته‌ دیاریكراوه‌كانی فیدراڵی (الصلاحيات الحصرية للسطات الاتحادية) نه‌بێت و ئه‌وه‌ی باسی نه‌كردووه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاته دیاریكراوه‌كان‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتی هه‌رێمدایه‌ و ته‌نانه‌ت له‌به‌رامبه‌ر یاسا فیدراڵییه‌كان ئه‌وله‌ویه‌تی به‌ یاساكانی هه‌رێم داوه، ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ ده‌سه‌ڵاته‌ هاوبه‌شه‌كان كه‌ له ‌مادده‌كانی 110 تاكو 115ی ده‌ستووردا هاتووه‌ مافی هه‌مواركردنه‌وه‌ی جێبه‌جێكردنی یاساكانی فیدراڵی به‌ هه‌رێم داوه‌ كاتێك هاودژی یان ناكۆكی له‌گه‌ڵ یاساكانی هه‌رێمدا هه‌بێت و لێره‌دا باڵاده‌ستی بۆ یاساكانی هه‌رێمه‌.

جەختی لەوەشکردەوە، شایه‌نی ئاماژه‌پێكردنه‌ كه‌ ناكرێت له‌ژێر هیچ پاساوێك ده‌ستكاری مادده‌ ده‌ستوورییه‌كان بكرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ده‌ستووریین و گشت لایه‌ك ده‌بێ پێوه‌ی پابه‌ند بن له‌نێویشیاندا دادگای فیدراڵی كه‌ پێویسته‌ پێوه‌ی پابه‌ند بێت و كێشه‌ی بۆ دروست نه‌كات یان پێشێلی نه‌كات به‌ بیانووی نابه‌جێ، له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایانه‌ش، مافی هه‌رێمی كوردستانه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانی خۆی به‌كار بهێنێت، به‌ڵام دادگای باڵای فیدراڵی سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی دامه‌زراندنه‌كه‌ی به‌ پێچه‌وانه‌ی حوكمه‌كانی ماده‌ 92ی ده‌ستوور و یاسای دادگای فیدراڵی ژماره‌ 30 ساڵی 2005ی هه‌موار كراوه‌، زیاده‌ڕۆیی له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ یاساییه‌كانی كردووه‌ كه‌ له ‌ده‌ستووردا هاتووه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك مافی به‌خۆی داوه‌ كه‌ له‌ هه‌موو گه‌وره ‌و بچوكێكی هه‌رێم ده‌ستێوه‌ردان بكات.

باسی لەوەکرد، هه‌روه‌ك له‌ بڕیاری ژماره‌ 83ی ساڵی 2024 خۆیدا كه‌ بڕیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كۆتاكانی له‌ یاسای هه‌مواركراوی ژماره‌ یه‌كی ساڵی 1992ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستانی كردووه ‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یازده‌ كورسیی په‌رله‌مان و كه‌مكردنیان بۆ سه‌د كورسی، كه‌ به‌ وردبوونه‌وه‌ له‌و بڕیاره‌ به‌ ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌و ده‌سوتوره‌یه‌ كه‌ له‌ژێر سایه‌یدا كار ده‌كات، چونكه‌ ده‌ستوور دانی به‌وه‌دا ناوه‌ كه‌ باڵاده‌ستی بۆ یاساكانی هه‌رێمی كوردستانه‌ كاتێك ناكۆك یان هاودژ بێت له‌گه‌ڵ یاسا فیدراڵییه‌كان، به‌ڵام یاسای نێوبراو هیچ شتێكی ناده‌ستووریی تێدا نییه‌ و دادگای فیدراڵی له‌ بڕیاره‌كه‌یدا، خۆی له ‌شوێنی یاسادانه‌ر داناوه‌ كاتێك هه‌ستاوه‌ به‌ هه‌موار كردنی كورسیه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و یاسای ژماره‌ 11ی ساڵی 2007ی كۆمیسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان كاتێك دابه‌شكردنی ناوچه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌ ده‌سه‌ڵاته‌كانی دیاریكراوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌و به‌ دوور و نزیك هیچ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ دادگای فیدراڵییه‌وه‌ نییه‌ به‌ شێوه‌یه‌ك كه‌ وا ده‌خوازێت پێداچوونه‌وه‌ به‌ بڕیاری دادگاكه‌دا بكرێت، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ كۆتاییه‌و هه‌موو ده‌سه‌ڵاته‌كان ده‌بێ پێوه‌ی پابه‌ند بن، به‌ڵام پێویستی به‌ پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ڕه‌چاوی دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی بكات، چونكه‌ یه‌كسانی و دادپه‌روه‌ری بناغه‌ی حوكمرانیه‌ و په‌یڕه‌وكردنی له‌نێو خه‌ڵكدا هێز و پێگه‌ و سه‌نگ و قورسایی له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا پته‌و ده‌كات ئه‌ویش بۆ گه‌ره‌نتی كردنی ماف و كه‌رامه‌تی هاووڵاتیان به‌ بێ جیاكاری ئیتنی و دینی و نه‌ته‌وه‌یی و مه‌زهه‌بی یان ره‌گه‌زیی.

نرخی تەماتە دابەزی
پێت نرخی تەماتە دابەزی
بایدن و ترەمپ دەنگی پێویستان بۆ خۆکاندیدکردن بەدەست هێنا
دوات بایدن و ترەمپ دەنگی پێویستان بۆ خۆکاندیدکردن بەدەست هێنا
پەیوەنیدر