سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارە لە مانگی نیساندا سەردانی واشنتۆن بکات، پێش سەردانەکەی ڕووبەڕووی فشارە بەردەوامەکانی ئەمریکا بووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ کورد.
سودانی پێش سەردانەکەی بۆ واشنتۆن ڕووبەڕووی فشاری ئەمریکا بووەتەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ کورد، لەکاتێکداچارەسەرکردنی ناکۆکیی و ململانێ بەردەوامەکانی نێوان بەغدا و هەولێر لە پێشینەدایە بۆ واشنتۆن.
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیارە لە مانگی نیساندا، یەکەمین سەردانی فەرمی خۆی بۆ کۆشکی سپی ئەنجام بدات، لە دوای دەستبەکاربوونییەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢.
وادەی سەردانیکردنەکەی سودانی بۆ واشنتۆن نزیک دەبێتەوە، بەڵام فشارەکانی ئەمریکا بۆ سەر حکومەتەکەی زیادی کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ کورد.
بەپێی سەرچاوەیەک کە بە “ئەلمۆنیتەری”ی ئەمریکی ڕاگەیاندووە، لە پەراوێزی کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، لە میانی کۆبوونەوەی سودانی لەگەڵ جەیک سۆلیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی، سۆلیڤان بە سودانی ڕاگەیاندووە سەردانەکەی دەبێت لە چوارچێوەیەکی باشدا بێت، کە تێیدا پێشکەوتنەکانی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەولێردا ببینرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، بەغدا بەردەوامە لە ڕاگرتنی پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراق، ڕێگری لە دەستپێکردنی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم لە ڕێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە دەکات، دادگای فیدڕاڵی عێراق پێش ڕاگەیاندنی دەستووری عێراق دامەزراوە، بەردەوامە لە دەرکردنی بڕیارەکانی بە ئامانجی کەمکردنەوەی قەوارەی سەربەخۆی هەرێمی کوردستان، هەرێمی پابەندکردووە بۆ ڕادەستکردنی هەموو داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان بە بەغدا.
فەرشی سوور یان هێڵی سوور؟
سەرچاوەکان باس لەوەدەکەن هۆکاری دیارینەکردنی سەردانەکەی سودانی بەهۆی سەرقاڵییەکانی جۆ بایدنی سەرۆکی ئەمریکایە بە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا.
سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە چارەسەرکردنی ناکۆکییە درێژخایەنەکانی نێوان بەغدا و هەولێر پرسێکی لەپێشینەیە بۆ ئەمریکا، چونکە کاریگەرییان لەسەر سەقامگیری عێراق هەیە، بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناودەبەن.
لە دوای پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە دوای سەرهەڵدانی شەڕی غەززە، ئێران دەسەڵاتەکانی لە بەغدا زیاتر کردووە، فشارەکانی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بەردەوامی هەیە.
شاندێک کە پێکهاتووە لە ڕاوێژکارانی سودانی بۆ کاروباری دەرەوە، ئابووری و وزە، لەنێویاندا فەرهاد عەبدولعەزیز، فەلاح جاسم عامری، کازم محەمەد جەواد حەسەن، عەلی هادی محەمەد موسەوی، فەیاز حەسەن نیعمەت و محەمەد ناجی محەمەد نەجار هەفتەی ڕابردوو لە واشنتۆن بوون و ئامادەکاری دەکەن بۆ سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ واشنتۆن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە سەردانەکەیدا لە 26ی شوبات تا 1ی ئازار بۆ واشنتۆن، دۆسیەیەکی خستووەتە بەردەم دەسەڵاتدارانی ئەمریکا.
مەسرور بارزانی لە ئەمریکا مامەڵەیەکی شایستەی لەگەڵ کراوە، پێی دەڵێن “مامەڵەی فەرشی سوور” لەوانەش کۆبوونەوە لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوە و برێت مەکگۆرک ڕێکخەری کۆشکی سپی بپ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، ئەمۆس هۆچشتاین نوێنەری وزەی ئەمریکا، وەک بەڵگەیەک سەیر دەکرێت کە ئیدارەی بایدن قەوارەی کوردی لە عێراقدا بەنرخ سەیر دەکات.
بڕیارە جۆفری پیات یاریدەدەری وەزیری دەرەوە بۆ کاروباری وزە و هەروەها هۆچشتاین و مەکگۆرک لە چەند مانگی داهاتوودا سەردانی بەغدا بکەن و بۆ پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت فشار لە بەغدا بکەن.
ڕامزی ماردینی، ئەندامی سەنتەری ئاسایش و هاوکاری نێودەوڵەتی ستانفۆرد لەسەر عێراق نووسیویەتی، پێموایە کۆشکی سپی حەز دەکات چارەسەری کێشەی بودجەی نێوان بەغدا و هەولێر ببینێت، بەڵام پێموانییە هیچ کاریگەرییەکی بەرچاویان هەبێت بێجگە لە وشە ڕێکاری کاریگەری کرداری ناگرنەبەر.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئیدارەی بایدن مامەڵە لەگەڵ ساتێکی هەستیاری پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق دەکات، هەوڵدەدات بە یەکجار هاوسەنگی لە نێوان زۆر شتدا دروست بکات، دەیەوێت بە شێوەیەکی کاریگەر نێوەندگیری لە نێوان بەغدا و هەولێر بکات.
ململانێکانی کورد
بیلال وەهاب، ئەندامی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تایبەت بە کاروباری عێراق، بە “ئەلمۆنیتەری” ڕاگەیاندووە، کێشەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان، دابەشبوونی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە، کە ململانێ و تۆمەتبارکردنەکانیان بۆ یەکتر بەردەوامی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم لە بەغدا و واشنتۆن کاریگەر بێت، پێویستە نێوماڵی کورد یەکگرتوو بێت، هەڵبژاردنی حکومەتی هەرێم گرنگە بۆ ئەوەی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم شەرعیەتی تەواو وەربگرنەوە، بڕیارە لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پاش چەندین جار لە دواخستنی ئەنجامبدرێت.