دیوانی وەقفی سوننی عێراق ڕایدەگەیەنێت، ئەم ئێوارەیە ناتوانرێت مانگ ببینرێت و بەهۆیەوە ڕۆژی سێ شەممە دەبێتە یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی ئەمساڵ.
لیژنەی هەمیشەیی دیاری كردنی سەرەتاكانی مانكی كۆچی لە دیوانی وەقفی سوننی عێراق لە كۆنووسێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، لەدوای خۆرئاوابوون، هیلالی مانگی ڕەمەزان تەنها 11 خوولەك دەمێنێتەوە و ئاوادەبێت، بەوهۆیەشەوە ناتوانرێت بە چاو و بە تەلەسكۆبیش ببینرێت.
ڕاشیگەیاندووە، بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتە فەلەكییەكان نە بە چاو و نە بە تەلەسكۆب لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی ناتوانرێت مانگ ببینرێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لیژنەكەیان پێشنیاری ئەوەی كردووە، سبەی دوو شەممە 11ی ئادار تەواوکەری مانگی شەعبانە و دەبێتە 30 ڕۆژ و ڕۆژی سێ شەممە 12ی ئادار یەکەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆزی ساڵی 1445ی كۆچییە.
ئەمە لەكاتێكدایە لە 8 وڵاتی دیكەی وەك (ئێران و ئوسترالیا و برۆنای و ئەندونیسیا، سەنگافورە، مالیزیا، یابان، چین) بڕیاریاندا سبەینێ دوو شەممە تەواوكەری مانگی شەعبان بێت و ڕۆژی سێ شەممە بكرێتە یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی ئەمساڵ.