فرۆشتنەكانی بانكی ناوەندی عیراق، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوو دەگەنە نزیكەی 600 ملیۆن دۆلار.
بەپێی ئامارە بڵاوكراوەكانی بانكی ناوەندی عیراق، لەماوەی هەفتەی ڕابردوودا 585 ملیۆن و 937 هەزار و 834 دۆلار لەلایەن بانكەكەوە فرۆشراوە، تێكڕای فرۆشتنی ڕۆژانەش 117 ملیۆن و 187 هەزار و 566 دۆلار بووە و بەراورد بە هەفتەی پێشتر بەڕێژەی 11.46% دابەزیوە.
لە ئامارەكانی بانكی ناوەندیدا دەردەكەوێت كە فرۆشتنی زۆرترین بڕە دۆلار لە ڕۆژی دوو شەممەی ڕابردوودا بووە و 135 ملیۆن و 226 هەزار و 314 دۆلار بووە، كەمترین فرۆشتنیش لە پێنج شەممەی ڕابردوودا بوو كە 100 ملیۆن و 142 هەزار و 740 دۆلار بووە.
زۆربەی فرۆشتنەكان وەك لە ئامارەكاندا ئاماژەیان پێكراوە، لە شێوەی حەواڵەدا بوون بۆ دەرەوە لەپێناو پارەداركردنی بازرگانییە دەرەكییەكان، هەر دۆلارێكیش لەلایەن بانكەكەوە بە 1460 دینار فرۆشراوە.
ماوەیەكە نرخی دۆلار لە بازاڕەكانی ناوخۆدا بەشێوەیەكی بەرچاو ڕووی لە بەرزبوونەوە كردووە و نرخی 100 دۆلاری ئەمریكایی، 152 هەزار دیناری عیراقی تێپەڕادووە.