دیوێکی تری نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری



قەلەڕەش کاتێک ڕۆیشتنی بیردەچیتەوە

دیوێکی تری نەشتەرگەرییەکانی جوانکاری

هێمن عەبدولقادر

حەزی مرۆڤ بۆ جوانکاری، پەیوەستە بە حەزی مرۆڤ بە نەمرییەوە، هەموو جوانکارییەک لە نائاگاهیماندا دەمانباتەوە سەر ئەوەی کە نابێت بمرین، هێشتا گەنجین.

ئەمەل مەبروک لە کتێبی (فەلسەفەی مەرگ)دا دەڵێت:-

مرۆڤ بۆیە لە مردن دەترسێ، چونکە لە قوڵایی ژیاندایە

هیچ مرۆڤێک لەسەر ئەم هەسارەیە لەبەر نەخۆشی و پیری نامرێت، بەڵکو مرۆڤ دەبێت بمرێت چونکە ژیاوە، ساتی مردنی ئینسان لە ساتی لە دایکبوونیەوە دەستی پێکردووە، ئەم کاتژمێری لمینەی کە هەڵگەڕاوەتەوە بەرەو مردن زیخ زیخ دێتە خوارێ بەخێرایی چۆن ڕابگرین ؟ یەکێک لە وانە بیرۆکەی بەگەنجی مانەوەمانە، مرۆڤ لە (گەلگامێش) و (ئەسکەندەر)ەوە کە نەگەیشت بە ئاوی بەقا، بیری لەوە کردەوە لانی کەم بڕێک مردن دوا بخات، ئەگەرنا هەموو ژیانێک سەرەتای مەرگە، هەموو جوانکارییەک سەرەتای دەرکەوتنی مەرگە .

مرۆڤێک کە خەریکە بینایی لەدەست دەدات و زانست ناهێڵێت چاوەکانی بەیەکجاری بکوژێتەوە ئەمە نیعمەتی زانستە، بەڵام ئەوەی کە پێڵوی چاوت ڕابکێشی لە پشیلە بچیت ئەمە کارەساتەکەیە، لوتی بەرازیی، سمتی بەرانی، باڵای ئەسپی، سنگی قازی، ددانی کەروێشکی.

نیتچە دەیگووت مرۆڤ کاتێک بابەتی پەرەسەندن- evolution ی لەگەڵدا باس دەکەیت، هەمیشە نیگەرانە لەوەی کە پێی بوترێت تۆ لە سولالەی مەیموونیت، بەڵام بێ ئاگایە لەوەی کە ڕەفتارەکانی تا هەنووکەش بستێک لە بیرکردنەوەی مەیموونی تێنەپەراندووە، ئاخر هیچ مەیمونێک قبوڵی ئەو سوکایەتیە ناکات و بیەوێت خۆی بکات بە ئەسپ، یان هیچ ئەسپێک ئازارێکی زۆر ناچێژێت یان بەدوای ئەوەدا ناگەڕێت ببێت بە کەروێشک، هیچ مێرولەیەک نایەوێت دەمو لێوی بکات بە هی مراوی، ئا لێرەوەیە کە ئارەزووی جوانکاری بڕێکی زۆری لە ئارەزوی ناتەواوییەوە، بیرۆکەی جوانکاری گەرچی مێژوویەکەی زۆر کۆنە لە سەردەمی (فیرعەونییەکان) و (هنیدیەکان)ەوە هەبووە، بەڵام پەرەسەندنی خێرای لە دوای جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانیەوە سەری هەڵدا، ئاخر ئەو ژمارە زۆرەی قوربانی و (خاوەن پێداویستی تایبەت) کە لەجەنگ دەگەڕانەوە پیویستیان بە بڕێک لە نەوازش و دڵنەوایی بوو، هەر بەو چەشنە بڕێکی زۆری ئەوانەی موبالەغە و زیادەڕەوی دەکەن، لە ناتەواویی و (کەمئەندامی) دەروونیانەوە سەرچاوە دەگرێت.

جیهان گەڕەکانی وەک (کۆڵۆمبۆس و ماجەلان) پێش ئەوەی سەرباز ببەن بۆ ئەو شوێنانەی کە دۆزیویانەتەوە، (ئەنثرۆپۆلۆژیست- مرۆڤناس) و کۆمەڵناس و ڕووەک ناس و ئاژەڵناس و زەوی ناسیان بردووە لەگەڵ خۆیان بۆ داگیرکاری، ئەمڕۆ زانستەکانی تری وەک دەرونناسی، بزنس، سەرکردایەتی، گەشەپێدان و کۆی زانستەکانی تریش لە خزمەتی ئەو داگیرکارییە جەستەیە ڕۆڵی باڵایان هەیە یان لانی کەم سوودیان لێوەرگیراوە هەم بەوەی پاساوت بدەنێ هەم بازاڕگەری بکەن.

پڕکردنەوەی چرچ و لۆچی و بۆشاییەکانی ناوچاوان و سەر ڕوومەت و دەموچاو تەنها نەشتەرگەری جوانکاری نییە، بەڵکو شاردنەوەی ئەو ڕەفتارانەوەیە کە ئەشێ لە ڕێگەی (ئیعاز-ئاماژەنما)وە، پێمان بگات، بە مانایەکی تر چەند بەدبەختە ئەو مرۆڤەی ناتوانێت ناوچەوانی چرچ بکات کاتێک ئازارێک دەچێژێت و یان کەسێکی نزیکی دەمرێ یان دۆخێک دەبینێت کە پیویستە توڕە دیار بێت لەوەش بەدبەختر ناجارە بە ناوجاوان سافی بمێنێتەوە و ببێتە جێگەی پرسیار و گاڵتەجاری ئەوانی تر .

چەند بەدبەختە ئەو مرۆڤەی کە دەموددانی ئدبێت هەمیشە بەدەرەوەبێت بۆ ئەوەی سپی و پێکەنیناوی دەرکەوێت، لە کاتێکدا لەناوەوە غەمبار و هەپرون بە هەپرون و شەقارە .

دوو تەماتە پێکەوە دەنوسێن کەمتر ساغ دەبنەوە، خەیارێک خوار دەبێت شێوەی ناشیرینە و بە دەستکاریکردنی لە موختەبەردا ڕێکدەکرێتەوە ئەمانە نیعمەتی زانستن، بەڵام کاتێک کۆی بەرهەمەکە دەکرێتە کاڵای خێرا دەستکاری جێنەتێکی میوەکە دەکرێت ئیتر لەتام دەردەچێت و تەنها دەبێتە میوەیەکی لە نایلۆن پێچراوەی سەر ڕەفەکان کە هیچ تامێکی نامێنێت، ئەوەی کە دوو مناڵ لە دایک دەبن سەریان پێکەوە نووساوە یان کیشەیەک لە جەستەی مرۆڤدا ڕودەدات بە هۆکاری جەنگە، سوتاوییە، ڕووداوی هاتوچۆ و …هتد ئەمە نیعمەتی زانستە کە سودی لیوەرگرین، بەڵام ئەوەی کە سمت، لێوی، مەمک، ڕان، باڵا، برژانگ، کوڵم، قژ و پیڵومان بە گوێرەی خواستی مدیری تەلەفزیۆن و دەزگاکە، یان فاشیلێکی ناو تۆرە کۆمەڵایەتییەکان، یان حەزی غەریزی نێرایەتی و مێییایەتی ئەوانی تر یان بە قسەی هاوڕێ و چاولێکەری و هەموو خەڵک کردوویەتی، ڕێک بخەین ئەمە ئیتر پێداویستی نییە ناتەواوییە، نەخۆشییە، بەشی زۆریشمان بۆ شاردنەوەی ئەم ناتەواوییەمان، تەنانەت ئامادەین درۆ لەگەڵ خۆشمان بکەین و ڕاپۆرتی درۆی پزیشکیک ئامادە بکەین تەنها بۆ ڕازی کردنی خۆمان و ئەوانی تر.

چەند بەدبەختە ئەو مرۆڤەی کە تیونێتی سەگێک، برسێتی پشیلەیەک، گریانی منداڵێکی بێباوک، ئاودانی درەختێک، نوشتانەوەی (کەناسێک) بۆ پارچە کاگەزێکی ئێمە سەرنجی ڕاناکێشێت و نایبزوێنێت و ئەو هەموو جوانییە کەوتووەی جواردەوری نابینێت بۆ خۆی و کۆی ناکاتەوە تەنها جوانی لەوەدا دەبینێت دەمولیوی لە قاز، یان لوتی لە بەراز، یان شەویلگەی لە کوشنی پاسکیل بچێت.

ئەڵین قەلەڕەش کەوتە ناو کۆمەڵیک باڵندە، پاش ماوەیەک کە گەرایەوە بۆلای هاورێکانی، نەڕۆیشتنی باڵندەکانی تر فێر ببوو نە ڕۆیشتنی خۆشی بیرمابووە، کە دەڕۆیشت بە ڕێگادا باڵندەیەکی لێدەرچووبوو، عەنتیکە و سەیر، ئێمەی مرۆڤی ئەم سەردەمەش دروست وەک ئەو قەلەڕەشەمان لێهاتووە، شتێکمان لێدەرچووە عەنتیکە و سەیر، لە کاتی دەم داخراندا ددانمان بە دەرەوەیە، لەکاتی توڕەیدا هێمن دەرەکەوین، لە کاتی نیشاندانی ئەزموون و سپێتی تالە موو و شوێنی فرمێسکەکانی ژێر چاوەکانمان، وەک هەژدەساڵێکی بێئەزموون دەرەکەوین.

بەخێربێن بۆ زەمەنێک کە مرۆڤ ئازارێکی زۆری خۆی دەدات بۆ ئەوەی، نەمرێت و بەگەنجی بمێنێتەوە، لە کاتێکدا دەبێت پیربێت، چونکە پێشتر گەنج بووە، هەروەکو چۆن دەبێت بمرێت چون ئیتر ژیاوە، هیچ شتێک ئەم لافاوی تەمەنە ڕاناگرێت، گەر ڕاشی گرێت بەدبەختی دەکات.

کورد ئەڵێت (هەموو بەرەو ژوورەیەک ، بەرەو خواریەکی هەس)، هیچ شتێک ناتوانێت ئەم بەرەوخواریە ڕاگرێت جگە لەوەی خۆمان تووشی دەردی زیاتر دەکەین.

سەربازێک کە دەچوو بۆ جەنگ بە ئەگەری زۆرەوە یان دەمرد، یان بەشێک لە جەستەی لەدەست دەدا، سەربازێک کە جەستەی شێواوە یان ئەندامێکی لەدەست داوە ئەمە نیعمەتی زانستە کە بتوانێت ئەو ئەندامەی بۆ دروست بکاتەوە یان لانی کەم ڕێکی بخاتەوە ، بۆ ئەوەی لە ژیانی ڕۆژانەیدا کەمترین کێشەی بۆ بێتە پێش.

منداڵێک کە لە دایک دەبێت بە ناتەواوی، یان کچێک ددانی خوار هاتووە، یان کوڕێک قژی ڕوتاوەتەوە ئەمانە رێگرن لەوەی شوو بکات یان ژن بهێنێت، یان لەناو خەڵکدا گاڵتە و ناوناتۆرەی لێنەدۆزنەوە، تا ئێرە ئاساییە و کارێکی زۆر باشیشە زانست بتوانێت برێک لە ناتەواوییەکانی ئێمە تەواو بکات.

بەڵام ئەوەی کە مرۆڤ دەبێتە کاڵا، خواستی بازاڕ، مارکێتین و ڕیکلام ئیتر لەوە دەکەوێت ئەمە پێی بوترێت پێداویستی، یان زانست، بەڵکو لەم قۆناغەدا مرۆڤ دەبێتە بوکەڵە، بوکەڵەی ناوبازاڕ، فرۆشیارەکەی، ئەم بوکەڵەیە بەرز دەکاتەوە لەناو بازاڕدا هاوار دەکات وەرە بیبەرەوە بۆ منداڵەکەت، بەپیل و کۆنترۆڵ کار دەکات.

هیوادارم ئەم باسە لەبری ئەوەی نیگەرانمان بکات، بیرمان پێبکاتەوە، هیوادارم کەس لە من نیگەران نەبێت چون ڕاستییەکی تاڵە و لەو سیستەم و دۆخە نیگەرانبێت کە ئەم دۆخەی بە بار هێناوە، چون پێش هەموو کەس ڕووم لەخۆمە .

………………………………………….

لە ساڵی ٢٠٢٤ دا بە بەهای ٥٥ ملیارد دۆلار نەشتەرگەری جوانکاری ئەنجام دراوە و لە ساڵانی داهاتوو هەڵدەکشێت بۆ نزیکەی ٧٥ملیارد دۆلار، کە ئەم داهاتە زیاترە لە بودجەی زۆرینەی وڵاتانی دنیا بۆ دەیان ساڵ لە بواری پەروەردە و تەندروستی و سەربازی.

 

ڕێواز فایەق: بە یاسایەک هەڵبژاردن ئەنجام دەدەین کە دادپەروەری تێدایە
پێت ڕێواز فایەق: بە یاسایەک هەڵبژاردن ئەنجام دەدەین کە دادپەروەری تێدایە
دەست بەسەر چوار تۆن ترشی هاڕاودا گیرا
دوات دەست بەسەر چوار تۆن ترشی هاڕاودا گیرا
پەیوەنیدر