سەرۆکی یەکێتی پرسی هەڵبژاردنی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی لەگەڵ سەرۆکی هاوپەیمانی عەزم تاوتوێ کرد.
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا چاویکەوت بە موسەنا سامەڕائی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی عەزم و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی كەركووک، دیاریكردنی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای شارەكە كرا.
هەر لەو دیدارەدا جەخت لە گفتوگۆ و هەماهەنگیی نێوان لایەنە براوەكانی کەرکووک كرایەوە لەپێناو تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان و گەیشتن بە ئەنجامێك كە وەڵامدەرەوەی خواستی هەموولایەك بێت.
لەدرێژەی دیدارەكەدا قووڵكردنەوەی تەبایی و گەشەپێدانی كەلتووری پێكەوەژیان لەنێوان سەرجەم نەتەوە و پێکهاتەكانی كەركووک دووپاتكرایەوە و هەردوولا هاوڕابوون، ئیدارەی نوێی شارەكە نموونەی باڵای سەركەوتن و پێكەوەژیان بێت لە هەرێمی كوردستان و عیراق.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی یەکێتی بڵاویکردەوە کە بافڵ تاڵەبانی لەژێر رۆشنایی دۆخی كەركووک و تایبەتمەندییەكانی شارەكە روونیكردەوە، ئاڕاستەكردنی كەركووک بەرەو ئاوەدانی و خزمەتكردنی خەڵكەكەی، پەیوەستە پابەندبوون بە ئەنجامەكان، دووركەوتنەوە لە دەمارگیری و رۆحییەتی تۆڵەسەندنەوە، نابێت گەورەیی كەركووک و شكۆمەندیی خەڵكەكەی قوربانیی ململانێی ناڕەوای لایەنەكان بن.
ڕاشیگەیاند، پرسی ئەنجوومەنی نوێنەران و هەڵبژاردنی سەرۆكی نوێ، تەوەرێكی تری دیدارەكە بوو و هەردوولا جەختیان لە بەردەوامیی گفتوگۆكان كردەوە لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان.