پەرلەمانتارێکی پێشووی پارتی پێیوایە حزبەکەی لە هەڵبژاردنی داهاتوودا نزیکەی 46 کورسی بەدەستدەهێنیت و یەکێتیش لە دابەشکردنی هەرێم بەسەر چوار بازنەدا زیان دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، عەبدولسەلام بەرواری، پەرلەمانتاری پێشووی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەماندا پارتی 43-46 کورسی بەدەستدەهێنیت.
ڕوونیشیکردەوە کە یەکێتی پێیوابووە بە زامنکردنی 41 کورسی بۆ سلێمانی و هەڵەبجە کورسییەکانی پارتی کەم و ئەوانەی خۆی زیاد دەکەن، بەڵام بەو جۆرە نابێت و ئەگەر هەیە پارتی ئەوپەڕی 1-2 کورسی زیان بکات.
بەرواری کە پێشتر سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەی پارتیش بوو، لەو بڕوایەدایە کە بڕیاری دابەشکردنی هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا لە بەرژەوەندی یەکێتیدا نییە هەروەک بەرپرسانی ئەو حزبە پێشبینی دەکەن و، ئەو لیستە نوێیانەش کە دروست دەبن لە سنووری سلێمانین.
عەبدولسەلام بەرواری وتیشی: بە لەبەرچاوگرتنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو، “یەکێتی یەک کورسیش لە دهۆک بەدەستناهێنیت و دەنگەکانی بە فیڕۆ دەچن، هەروەها لە هەولێریش نیوەی دەنگەکانی ون دەبن”.
بڕیارە ڕۆژی 10ی حوزەیرانی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ دەستنیشانکردنی 100 ئەندام بەڕێوەبچێت کە بەمشێوەیە دابەش کراون: سلێمانی 38، هەولێر 34، دهۆک 25 و هەڵەبجەش سێ ئەندامی لە پەرلەماندا دەبێت.