وەزارەتی بازرگانی عێراق ڕوونكردنەوەیەك سەبارەت بە جۆرێكی دۆشاوی تەماتە بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەو جۆرە دۆشاوە لە بەشەخۆراك دابەش ناكرێت.
وەزارەتی بازرگانی عێراق لە ڕوونكردنەوەكەدا ئاماژەی بەوەكردووە، هەواڵێك لە یەکێک لە پەیجەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەناوی (هەلی کار و ڕیکلام لە موسڵ) سەبارەت بە دابەشکردنی دۆشاوی تەماتەی تێکچوو لەناو ماددەكانی سەبەتەی خۆراکدا بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە کراوە، كە سەرەڕای خراپ بوونی ماوەكەشی بەسەرنەچووە و تا ساڵی ٢٠٢٤ کارایە.
ئاشكراشی كردووە، پەیوەندی بەو پەیجەوە کراوە، کە هەواڵەکەی بڵاوکردۆتەوە و ڕوونکرایەوە، کە ئەم جۆرە دۆشاوی تەماتەیە لە پاكێجەكانی کۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراکدا نییە.
جەختیشی كردۆتەوە، ئێستا پەیجەکە ئەو هەواڵەی ڕەتکردۆتەوە.
لە بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتیان جگە لە ئارد، 6 ماددەی خۆراكی دابەش دەكرێت، كە پێكهاتوون لە پاقلەمەنییەكان و برنج و شەكر و زەیت و دۆشاوی تەماتە لە جۆری (ئاڵتونسا).