بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی لەنێوان هەڕەشە و دەرفەتدا



بڕیارەكەی دادگایی فیدڕاڵی لەنێوان هەڕەشە و دەرفەتدا

ئینستتیۆتی پەی بۆ پەروەردە و گەشەپێدان

لە ئەنجامی ململانێی نێوان هێزە سیاسییەكانی هەرێم (بە تایبەت پارتی و یەكێتی) و كەمتەرخەمیان لە ئاست بەجێگەیاندنی ئەركەكانیان، سەبارەت بە (یاسای هەڵبژاردن) چەند سكاڵایەك ئاڕاستەی دادگایی فیدڕاڵی كران، دوای تاوتوێكردن و بەڕێوەچوونی چەندین دانیشتن، لە ڕۆژی (21/2/2024)دا ی فیدڕاڵی بڕیاری خۆی لەبارەی ئەو سكاڵایەوە دەركرد كە (یەكێتیی نیشتمانی كوردستان) لەسەر سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم ‌و سەرۆك وەزیرانی هەرێم تۆماریكردبوو.

 

سكاڵاكار داوای لەدادگایی فیدراڵی كردبوو حوكم بدات بە نادەستوری بوونی ماددەكانی (1، 9، 15، 22، 36)ی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی هەمواركراو، كە تایبەت بوون بە: ژمارەی ئەندامانی پەرلەمان، كورسی كۆتاكان، بازنەی هەڵبژاردن، تۆماری دەنگدەران و لیستی پاڵێوراوان. لە ئەنجامدا لە گرنگترین بڕیارەكانی دادگایی فیدڕاڵی بریتی بوون لەمانەی خوارەوە، كە دەكرێت هەندێكیان بە تەكنیكی و ئەوانەی تریش بە سیاسین پۆڵێن بكرێن:

 

1-تانە لە ماددەی (1) ی یاساكە دراوە كەتیایدا هاتبوو “پەرلەمانی كوردستان لە 111 ئەندام پێكدێت”، سكاڵاكار نوسیویە هیچ پێوەێك نیە بۆ دانانی كورسیەكان، بۆ ئەمەش پشتی بە بڕگەی (1)ی ماددەی (49)ی دەستوری عیراق بەستووە كە هاوشێوەی ئەنجومەنی نوێنەران بێت: “یەك كورسی بۆ سەد هەزار كەس لە دانیشتوان”. لە ئەنجامدا  بڕیاریدا بە كەمكردنەوەی ڕێژەی كورسیەكان بۆ (100) كورسی، لە كاتێكدا دیار نییە ئاخۆ دادگایی فیدڕاڵیش لە كەمكردنەوەی كورسیەكان پشتی بە چ پێوەرێك بەستووە! ئەگەر بەپێی دەستور بوایە هەر سەد هەزار كەس لە دانیشتوان كورسییەكی بۆ دەستنیشان بكرایە، دەبوایە بكرێت بە (61) كورسی گشتی، چونكە بەپێی دوا ئاماری بەرێوەبەرێتی گشتی ڕەگەزنامەی هەرێم ژمارەی دانیشتوانی هەرێم بریتییە لە (6103274) كەس. جگە لەمە دانانی ژمارەی (100) كورسیش لەگەل كاری پەرلەمانی و ڕاسپاردنی كوتلەی گەورەو پێكهێنانی حكومەتدا وێكنایەتەوە و ئەگەری دروستبوونی كێشەی هەیە.

 

2-تانە لە مادەی (9) ی یاساكە دراوە سەبارەت بە گۆڕینی جوگرافیای هەڵبژاردنی هەرێم لە یەك بازنەییەوە بۆ فرە بازنەیی، كە لە چوار بازنە كەمتر نەبێت، ئەم خاڵەشیان كارێكی بەجێیە و بەهۆیەوە نوێنەرایەتی ناوچەكان باشتر بەرجەستە دەبێت و بواری گزی و ساختەكاریش كەمتر دەبێتەوە، بەڵام ئەو چوار بازنەییەی لەلایەن دادگایی فیدڕاڵیەوە هێنرایە كایەوە، دەكرا لە پەرلەمانی كوردستانیش بكرێت، لەكاتێكدا هەموو لایەنەكان ڕازی بوون لەسەری.

 

3-تانە لە مادەی (15) ی یاساكە دراوە سەبارەت بە پێداچوونەوەو رێكخستنی تۆماری دەنگدەران، ئەمەیان كارێكی یاسایی و لەجێیەو جێگەی دەستخۆشیە، ساڵانێكە دەبوایە خودی پەرلەمان و حكوەتی هەرێم پێی هەڵسن. لەكاتێكدا ئامادەكردنی تۆمارێكی پاك و بێگەرد ئەركی كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمە، ئەو كۆمسیۆنە لە ساڵی (2015) دروستبووە، راپرسیەك و تەنها یەك هەڵبژاردنی ئەنجامداوە، هەردووكیانی بە تۆماری دەنگدەرانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عیراق كردووە، بە تەكلیف وەری گرتووە، لەكاتێكدا (9) كۆمسیاری بە پلە وەكیل وەزیر و (12) بەرێوەبەری گشتی و (518) فەرمانبەری هەیە، ماوەی (9) ساڵە مانگانە نزیكەی (900) ملیۆن دیناری وەك موچەی نەسریە بۆ خەرج دەكرێت، كەچی تا ئێستاشی لەگەڵدابێت نەتوانراوە تۆمارێكی دەنگدەرانی بێگەرد دروستبكەن، كە ئەو كاتە كۆمسیۆنەكە هیچ كێشەیەكی یاسایی و سیاسی نەبوو، پرسیار ئەوەیە كۆمسیۆنێك كە نوێنەری لایەنی سكاڵاكاری تیادایە، بودجە و توانای مرۆییان هەبووە، بۆچی لەو ماوە دوور و درێژەدا هیچ كارێكیان لەسەر ئەو تۆمارە نەكرد؟ كەچی ئێستا ئەو داوایە لە بەغدا دەكەن؟ ئەوە چ باوەڕ بوونێكە بە كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی كوردستان و چ بەهەدەردانێكی داهاتی هەرێمە؟

 

4- تانە لە مادەی (22) ی یاساكە دراوە سەبارەت بە نادەستوری دانانی لیستی هەڵبژاردن كە ڕێگە بە لیستی تاكەكەسیش بدات، بە مەرجی پاراستنی ڕێژەی ژنان. لایەنە سیاسییەكان دەیانتوانی لە پەرلەمانی كوردستاندا كار لەسەر ئەو بابەتە بكەن.

5- تانە لە مادەی (36) ی یاساكە دراوە سەبارەت كورسی كۆتاكان، سكاڵاكار داوای دابەشكردنی كورسی كۆتاكانی كردووە بەسەر پارێزگاكاندا، بەلام  بڕیاریدا بە لابردنی هەر (11) كورسی كۆتا.

بەپێی بڕیارەكە بوونی كورسی كۆتا نادەستورییە، ئەمەش لەگەڵ دەستور و یاسا و واقیعدا وێك نایەتەوە، بەتایبەتی كۆتای مەسیحییەكان، چونكە لەلایەك سیانزە ساڵ بەر لە دەركردنی دەستوری هەمیشەیی عیراق كۆتای مەسیحییەكان لە ساڵی 1992 ەوە لەپەرلەمانی كوردستاندا هەبووە و لە مادەی (141) ی دەستوریشدا هاتووە: “كاركردن بەو یاسایانەی كە لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 1992 ەوە دەركراوە بەردەوام دەبێت، بەهەمان شێوە ئەو بڕیارانەش كارپێكراون كە لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دراون – لەوانەش بڕیارەكانی  و گرێبەستەكان، بە مەرجێك پێچەوانەی دەستوور نەبێت”.

لەلایەكی تریشەوە بەپێی یاسای ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، (9) كورسی كۆتا لە ئەنجومەنەكەدا هەیە، كە پێنج لەوانە بۆ مەسیحییەكان تەرخان كراوە، بەمەش ئەو پرسیارە دێتەكایەوە: ئاخۆ نادەستوریبوونی كۆتای مەسیحییەكان لەكوێدایە؟ ی فیدراڵی ئەگەر سیستەمی كۆتای كوردستان بە پێچەوانەی دەستوری عێراق دەزانێ، دەبوایە پێشتر كۆتا لەعێراقدا هەڵوەشێنێتەوە، ئینجا بڕیار لەسەر نادەستوری بوونی كۆتا لە كوردستان بدات. كە بڕیارەكەیشی دەركرد، دەبوایە ئەلتەرناتیڤێكی بۆ مافی پێكهاتەكان پێشنیاز بكردایە و ڕەچاوی كێشە سیاسی، كولتوری، كۆمەڵایەتی و ئاینییەكانی كردبایە، بە جۆرێك چارەسەری یاسایی بكردایە بەبێ ئەوەی مافەكانیان بەیەكجاری فەرامۆش بكات. لەلایەكی ترەوە دەبوایە سكاڵاكاران ئەوەیان بە ئەگەر وەربگرتایە لەكاتی هەڵوەشاندنەوەی كورسی كۆتاكاندا كاریگەری لەسەر پرسی بەیەكەوە ژیان دەبێت كە چەندین ساڵە لە هەرێمدا بەرقەرارە، كاریگەری لەسەر دۆخی شاری كەركوك دەبێت كە شاری بەیەكەوە ژیانە و كورد تیایدا زۆرینەیە و خواستی سەركردایەتی كوردستانە كە بگەڕێنرێتەوە سەر هەرێم. ئەو شەڕەی لە بەغدا كردیان دەكرا لە كوردستان بیانكردایە، ئەو لایەنانەی ملیان نەدەدا كورسی پێكهاتەكان دابەش بكرێ، سەری كێشا بۆ نەهێشتنی یەكجارەكی كورسیەكان وەدەرنانیان لە پەرلەمانی كوردستان. ئەگەر لە كوردستان چارەسەر بكرابوایە و لە دوو پارێزگەدا چڕ نەكرابونایەوە سەری نەدەكێشا بۆ ئەوەی ڕەت بكرێنەوە و نەمێنن.

6-جگە لەمانە  بڕیاری لە نادەستوریبوونی بڕگەی (2) لە مادەی (56) یاساكە داوە، كە پەرلەمان دەسەڵاتی بڕیاردانی لە پرسە چارەنوس سازەكانی خەڵكی كوردستاندا نەبێت. لەكاتێكدا ئەم بابەتە لە داواكەدا نەهاتووە، بەپێی ئەمە دەبێت بڕیاری ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی پەرلەمانیش هەڵبوەشێنرێتەوە كە تیایدا هاتووە”پەرلەمانی كوردستان تاكە مەرجەعی سیاسی و دەستووری یە بۆ بڕیاردان لەسەر پرسە چارەنووسسازەكانی گەلی كوردستانی عیراق”. بەپێی ئەم بڕیارە بێت ئیتر لەمەودوا دامەزراوەی پەرلەمان لە بایەخی كەمتریش دەبێتەوە و هیچیتر مەرجەعی خەڵكی كوردستان نابێت! لەكاتێكدا خەباتی سیاسی بەشێكی گەورەی لایەنە سیاسییەكان لە هەرێمدا ئەوە بووە پەرلەمانی كوردستان ببێت بە مەرجەعی باڵا، بۆ نمونە لە پرسەكانی تایبەت بە سەرۆكایەتی هەرێم، دەستور، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و فیدراڵ و چەندانی تر لەژێر سەقفی پەرلەماندا یەكلایی بكرێنەوە. لەهەمووشی گرنگتر هەمیشە زۆرینەی پەرلەمان و سەرۆكایەتییەكەی لای ئەو هێزانە بووە كە پارتی نەبوون، چونكە سەرۆكایەتی حكومەت لای پارتی و پەرلەمانیش لای لایەنەكانی تر بووە. لە ئێستادا كە مەرجەعیەتی باڵا لە پەرلەمانی كوردستان وەردەگیرێتەوە، ئەو هێز و لایەن و كەسایەتیە سیاسی و رۆشنبیرانەی چەندین ساڵە شەڕی ئەوەیان دەكرد پەرلەمان مەرجەعی باڵای چارەسەركردنی پرسە چارەنوسسازەكان بێت، لانی كەم بەپێی بانگەشەكانی رابردوویان، دەبوو ئەگەر ئیدانەی ماددەكانی تریش ناكەن، ئیدانەی ئەو ماددەیەیان بكردایەو بهاتنایەتە دەنگ، چونكە گورزەكە بەر ئەوانە كەوتووە، كەچی جگە لەوەی سەبەبكارن، بێدەنگیشن.

پەیامەكانی پشت ئەم بڕیارە زۆر لەوە گەورەترە تا لە پرسی یاسای هەڵبژاردندا بچوك بكرێتەوە، چونكە جیا لەبڕیارەكانی دیكە كاریگەریی بەرچاوی لەسەر پێگە و چارەنوسی هەرێمی كوردستان دەبێت و لێكەوتەكانی ئایندەی قەوارەی سیاسی هەرێم دیاری دەكات.

ئەوەش دەگەیەنێت كە تەنها ڕكابەرەكانی كورد پەنا نابەنە بەردەم ی باڵای فیدڕاڵی بۆ بەرزكردنەوەی داوا دژ بە حكومەتی هەرێم، بەڵكو لایەنە سیاسییەكانی كوردستانیش ئەوەندە ناكۆكن! داوا لەسەر سەرۆكایەتییەكانی هەرێم بەرز دەكەنەوە بۆ بە نادەستوری ناساندنی یاساكانی پەرلەمانی كوردستان! ڕاستییەكی تاڵە لایەنەكانی هەرێم ئەوەندە ناتەبا بن،  دامەزراوەكانی ئەوەندە ناكارا بن، پەنا بۆ ی باڵای فیدڕاڵی ببرێت! یەك (بەو پێكهاتەی ئێستای) چارەنوسی داواكاریەكانیان دیاری بكات و وەك پارێزەری مافە دەستورییەكانی گەلانی عێراق لێی بڕوانرێت.

لەراستیدا ئەم بڕیارەی ی فیدڕاڵی، درێژە پێدەری كۆمەڵێك بڕیار و یاسا و هەنگاوە كە لە ڕابردوودا دراون بۆ لە قاڵبدان و بچوك كردنەوە و دوو كەرتكردنی قەوارەی هەرێم، ئاماژەن بۆ ئەو خواستەی كە چیتر هەرێمی كوردستان وەك قەوارەیەكی سیاسی نەمێنێ، بەڵكو وەك یەكەیەكی كارگێڕی و هاوشێوەی هەریەك لە پارێزگاكانی تری عێراق ئەژمار بكرێت. ئەو هەنگاوە مەترسی ئەوەی لێدەكەوێتەوە لەمەودوا پەرلەمان نەتوانێت بە ڕۆڵی تەشریعی خۆی هەڵسێ و نەتوانێ هیچ یاسایەكی بنچینەیی چارەنوسساز لە هەرێمی كوردستان دەربكات، چونكە ئەگەر تۆزقالێك بە دڵی دەسەڵاتدارانی بەغدا نەبێت دادگایی فیدڕاڵی هەڵی دەوەشێنێتەوە. ئەمەش وادەكات پەرلەمان لە دامەزراوەیەكی یاسادانانەوە ببێت بە دامەزراوەیەكی بێ رۆڵ و كاریگەر، كاتێكیش دامەزراوەی تەشریعی رۆڵی نەمێنێ، ئۆتۆماتیكی سیستەمەكە لە لامەركەزی سیاسییەوە دەبێت بە لامەركەزی ئیداری، ئەمەش سەرەتای نەمانی فیدراڵیەتە. چونكە نیەتێك هەیە لە عیراقدا كە دەوڵەتەكە ببێتەوە بە مەركەزی و فیدراڵیەت هەڵوەشێتەوە، ئەو ڕاستیەش لەمەوە سەرچاوە دەگرێ كە تا ئێستا ڕێگری لە پێكهێنانی هەرێمێكی تری شیعی یا سوننی دەكرێت و بە ئاشكرا بەر بەو هەوڵانە دەگیرێت كە لە خواروو و ناوەراستی عیراقدا هەن، كە ئەمەش پێچەوانەی دەستورە. بۆ بەجێگەیاندنی ئەم مەرامە و داخستنی دەرگەی پێكهێنانی هەرێمی تر، دەخوازن بە هەڵوەشاندنەوەی هەرێمی كوردستان دەست پێبكەن.

ئایا لە هۆكاری بنەڕەتی ئەم ڕوداوانە تەنها نەیارەكانی بەغدان؟ یان لە ئەستۆی ئەو لایەنانەیە كە سكاڵایان تۆمار كردووە؟ یاخود، بنچینەی هەڵەكان خودی هەرێمە و دوای چارەسەرنەكردنی كێشەكانی وەكو بڕینی موچە، سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێك نەكەوتن لەسەر كۆتا و چەندانی تر؟ دەبێ ئەو راستیە بزانرێت بەشێكیان جگە لەوەی ویستێكی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و عێراقیان لە پشتەوەیە، بەشەكەی تری دەرەنجامی بنبەستی سیاسیی هەرێم و نەمانی شەرعییەتی دامەزراوەكانی و پشتگوێ خستنی دەنگە دڵسۆزەكان بوو، خەسڵەتەكانی بێ ئاگایی و گەندەڵی و نادادی و نەبونی حكومەتێكی نیشتمانی یەكگرتوو و دەسەڵاتێكی ڕەشید لە هەرێمی كوردستان هۆكاری سەرەكین. سەرباری ئەوەی بەشێكی هێزە سیاسییەكان تاكڕەوانە هەنگاویان دەنا، لە بری ئەوەی ململانێكانیان ببەنە ناو پەرلەمان، كەچی بۆ دەستشكانەوەی یەكتر هانایان بۆ بەغدا برد، لەكاتێكدا عیراق بۆخۆی بەدەست دەیان كێشەی دەستوری و سیاسییەوە دەنالێنێ‌! هێزە سیاسییەكان دەرەقەتی ململانێكانی خۆیان نەدەهاتن لەناو پەرلەمان و حكومەت، بەغدایان بە فریادڕەس زانی تا ململانێكانیان بۆ یەكالا بكاتەوە. لەناو ئەو بەرداشەشدا هاوڵاتیانی هەرێم و ئەزمونەكەی زەرەرمەندی یەكەم بوون. كە ناچار كران بۆ مافەكانی قوت و ژیانیان هانا بۆ بەغدا ببەن. ئێستاش لایەنە سیاسییەكان بەناچاری ئەبێ رازی بن بەوەی بەسەریاندا سەپێنراوە، چونكە ئەم بڕیارە بە پێی ماددەی (94)ی دەستور پابەند كارە، قابیلی تانەو پێداچوونەوە نیەو تەنها دەبێ جێبەجێ بكرێت.

ئەگەر دەسەڵاتی هەرێم نیشتمانیانە و دڵسۆزانە كاری بكردایە، خەڵكی بە هی خۆیانیان دەزانی و هانایان بۆ هیچ لایەنێكی تری دەرەكی نەدەبرد! ئەگەر لە هەرێمدا دەستور پەسەند بكرایە، ئێستا نە دەستوری عێراق لە هەموو ڕویەكەوە دەكرایە مەرجەعیەتی یاسایی بۆ كوردستان و نە بەغداش دەبووە قیبلەگای چارەسەر، بەڵام لایەنە سیاسییەكان، ئەوەندەی سەرقاڵی بابەتی لاوەكی و بەرژەوەندی حزبی بوون، نەپەرژانە سەر بەجێگەیاندنی بڕیارە ستراتیژییەكانی تایبەت بە بەرژەوەندی خەلكی كوردستان.

یەكێكی تر لە هۆكارەكان سیاسەتی نادروستی هێزە سیاسییەكانە لەهەمبەر شەرعیەتی دامەزراوەكان و بێبایەخ كردنیان،  كە مامەڵەكردن لەگەڵ پەرلەمان لەلوتكەی ئەو بێ ئەرزش كردنەدا خۆی دەبینێتەوە، بۆیەش بەرپرسیاری یەكەم لەو پاشاگەردانیە مێژووییەی رووی لە ئەزمونەكە كردووە، خولی پێنجەمی پەرلەمان و سەرۆكایەتیەكەی بوون، كە جێبەجێكاری ئەو سیاسەتە قێزەونە وێرانكەرە بوون. چونكە هیچكام لە گرفتەكانی هەمواری یاسای هەڵبژاردن، بژاركردن و پاك كردنەوەی تۆماری دەنگدەران، دۆسیەی كۆتاكان، نوێكردنەوەی دامەزراوەو دەستەكانی وەك كۆمسیۆنی هەڵبژاردن، دەستەی دەستپاكی، دیوانی چاودێری دارایی ئەوەندە قورس نەبوون تا پەرلەمان نەتوانێ چارەسەریان بكات، لاوازی و دەستەمۆیی و بێ ئیرادەییان وای كرد لەئاست بەرپرسیارێتی و بەجێگەیاندنی ئەركە سەرەتاییەكانی پەرلەمان و ئەو سوێندە یاساییەدا نەبن كە خواردبوویان!

ئەو پاشاگەردانی و گەڕەلاوژەیەی لە هەرێمدا دەگوزەرێت، ئاسۆی بینینی لای تاكی كورد لێڵ كردووە، تا ئاستێك دۆست و دوژمنی لێتێكەڵ ئەبێت و سەركەوتن و شكست لە یەك جیا ناكاتەوە. پارتی و یەكێتی، وەك دوو هێزی سەرەكی، لەبری پاراستنی شوناسی كورد و سەروەریی نیشتمان، خەریكی پاراستنی بەرژەوەندییە تایبەتییەكانی خۆیانن، دەبێ لەو راستیە بگەن، ئەو شێوازە حوكمرانیەی تا ئێستا لە هەرێمدا پەیرەویان كردووە شكستی خواردوە، بەردەوامبوون لەسەری هەم كۆتایی بە ئەزمونەكە دەهێنێت و هەم لەبەردەم مێژوودا تۆمەتبار دەبن بە لەباربردن و بەفیرۆدانی خەبات و قوربانیدانی قۆناغێكی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان، بۆ دەرباز بوون پێویستمان بە لێبوردەیی و بنیاتنانی سیستمێكی سەردەمیانەی نوێ هەیە، پێویستە ئەو مەترسیانەی ببنە هۆی راچڵەكینی سەركردایەتی كوردستان و بیكەن بە دەرفەتێك بۆ دەرچوون لەو میحنەتانەی بەسەر خەڵكی كوردستان و ئەزمونەكەیاندا هێناوە.

هۆکارەکانی دواکەوتنی هەمواری یاسای بودجە ئاشکرا دەکرێن
پێت هۆکارەکانی دواکەوتنی هەمواری یاسای بودجە ئاشکرا دەکرێن
بزوتنەوەی گۆران: سەرکێشیکردن بە هەرێمى کوردستانەوە ئەوپەڕی هەستنەکردنە بە بەرپرسیاریەتی
دوات بزوتنەوەی گۆران: سەرکێشیکردن بە هەرێمى کوردستانەوە ئەوپەڕی هەستنەکردنە بە بەرپرسیاریەتی
پەیوەنیدر