وەزیری دارایی و ئابووری حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت.
ئەمڕۆ دوو شەممە ٤ ی ئازاری ٢٠٢٤، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازی کرد لە ئاراکاوا میکیهیرۆ، کونسوڵی وڵاتی ژاپۆن لە هەرێمی کوردستان و لە دیدارێکدا گفتوگۆ لە بارەی هەماهەنگی و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ژاپۆن کرا و جەخت لە بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان لە بواری ئابووری و بازرگانی کرایەوە.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێم، وەزیری دارایی کورتەیەکی لەسەر دواین پێشهاتەکانی نێوان هەرێم و بەغداد خستەڕوو، تیشکی خستە سەر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ڕایگەیاند، هەموو ئامادەسازییەکانمان بۆ لابردنی لەمپەرەکانی بەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کردووە.
وتوشیەتی، “ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی ڕابردوومان ناردووە و لە نزیکترین کاتدا لیستی مووچەی فەرمانبەران ڕەوانەی وەزارەتی دارایی عێراق دەکرێت”.
وەزیری دارایی ڕونیشیکردەوە، هۆکاری دواکەوتنی ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران پەیوەندی بە هەندێک ئاستەنگی هونەری و داواکارییە نوێیەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە هەبوو، کە دەستکراوە بە جێبەجێکردنیان.
ماوەی چەند ڕۆژێکە ئۆرگانەکانی وەزارەتی دارایی تایبەت بەو کارە بێ پشوو بەردەوامن لە ئامادەکردنی لیستی مووچەی سەرجەم وەزارەت و دەستەکان تا بە زووترین کات بگاتە وەزارەتی دارایی عێراق.
لای خۆشییەوە کونسوڵی ژاپۆن پشتیوانی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دوپات کردەوە و ڕایگەیاند، هەوڵەکانیان چڕ دەکەنەوە بۆ ئەوەی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی عێراقەوە دابین بکرێت و چیتر مووچەی فەرمانبەران تێکەڵ بەکێشە و ململانێی سیاسی نەکرێت.