وتەبێژی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕەخنە لە بێ هەڵوێستی هەندێك لایەن دەگرێت لەناو پەرلەمان و دەڵێت: ” لە ناو پەرلەمانی عێراق زۆر بێشەرمانە و خراپ باسی پێشمەرگەی كوردستان دەكرێت” و جەختیشدەكاتەوە، پێویستە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ئاسایی بكەینەوە، كە ئەوە هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات.
سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، كە پەیامنێری (خەڵك) ئامادەی بوو ڕایگەیاند، لە ناو پەرلەمانی عێراق زۆر بێشەرمانە و خراپ باسی پێشمەرگەی كوردستان دەكرێت، لەكاتێكدا پێشمەرگە هەوێنی ڕزگاركردنی شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستانیش بووە
ڕاشیگەیاند، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بەهۆی ناكۆكی و ململانێی لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانەوە بوو. دەشڵێت: “یەكێتی لە سكاڵاكەیدا داوای هەڵوەشانەوەی كورسی پێكهاتەكانی نەكردووە، بەڵكو ئەوە تێگەیشتنی یاسایی و دەستووری بوو ئەو بڕیارەیداوە”.
وتیشی، “وەك بافڵ تاڵەبانی وتی: پێویستە پەیوەندییەكانمان لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان ئاسایی بكەینەوە، كە ئەوە هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەكات”.
وتەبێژی یەكێتی ئاشكراشی كرد، بەم نزیكانە لەسەر هەڵبژاردن و چەند پرسێكی تریش لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆدەبینەوە و قسە لەسەر چارەسەری كێشەكان دەكەین.
سەبارەت بە دۆخی كەركوك، سەعدی پیرە ئاماژەی بەوەكرد، لەگەڵ پارتی بڕیارێکی هاوبەشمان هەیە، کە دەڵێین دەبێت پارێزگاری کەرکوک کورد بێت و لەگەڵ پارتی بە لایەنە عەرەب و تورکمانەکانمان وتووە: ئەگەر هەر 16 کورسییەکەی کەرکوک هی کورد بێت، بەبێ ئەوان حکومەتی خۆجێیی پێکناهێنین.