دوابەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، سەرۆكی هەرێم ڕۆژی 10ی حوزەیرانی دیاری كرد و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بەروارەكەی پەسەند كرد، هاوكات هەریەكە لە یۆنامی و ئەمریكا و فەڕەنسا هەڵوێستی خۆیان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ یەک شەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فەرمانێكی هەرێمیدا ڕایگەیاند، “پاڵپشت به بڕگهی دووهم له مادهی ١٠ـی یاسای سهرۆكایهتیی ههرێمی كوردستان ژماره ١ـی ساڵی ٢٠٠٥ـ ههمواركراو، رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ئەمساڵ بۆ بەڕێوەچوونی ههڵبژاردنی گشتی خولی شهشهمی ههڵبژاردنی پهرلهمانی كوردستان دیاری کرا”.
کڵاودیۆ کۆردۆن، جێگری نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (ئێکس) بڵاوی کردەوە، پێشوازی لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەن.
ڕاشیگەیاندووە، چاوەڕوانی ئەوەین چیدیکە ئاستەنگ بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکە دروست نەکرێت و وتیشی، “ئامادەین بەردەوام پشتگیری هەڵبژاردنەکانی هەرێم بکەین”.
لای خۆشیەوە، کونسوڵخانەی گشتیی ئەمریکا لە پەیامێکدا ڕایگەیاندووە، پێشوازی لە بڕیاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ دیاریکردنی رۆژی 10ـی حوزەیران بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەین.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “پشتگیریی لە هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە دەکەین، کە بۆ دیموکراسییەکی تەندروست و داهاتووی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە”.
هاوكات، کونسوڵخانەی گشتی فەڕەنسا لە هەولێر پێشوازی لە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن دەکات لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە و ڕایدەگەیەنێت، “ڕێکخستنی هەڵبژاردنێکی ئازادانە لە بەرژەوەندی هەموواندایە”.
کونسوڵخانەی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر رایگەیاند، پێشوازی لە راگەیاندنەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەین بۆ دیاریکردنی رۆژی (10ـی حوزەیرانی 2024) بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ئاماژەی بەوەشکردووە: هەڵبژاردن زۆر گرنگە بۆ دەربڕینی دەنگی خەڵکی هەرێمی کوردستان و داهاتووی هەرێمەکە.
ڕۆژی (21ـی شوباتی 2024) دادگای فیدراڵی، دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا کە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە جێگەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسیی هەرێمی کوردستان بگرێتە ئەستۆ.
هەروەها دادگای فیدراڵی بڕیاریداوە بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.