نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە لە هەولێر و دهۆك و كەركوك دیاریكرا و بڕیارە سبەینێ لە سلێمانی-ش دیاری بكرێت.
هەکار هرووری، بەرپرسی لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەکانی دهۆک ڕایگەیاندووە، مانگی رابردوو مۆلیدەکان نزیکەی 460 کاتژمێر کاریان کردووە، بەمەش نرخی یەک ئەمپێر کارەبایان لەنێوان 18 هەزار و 500 دینار بۆ 19 هەزار دینار دەبێت.
ئەندازیار قارەمان مەولوود، لێپرسراوی لێژنەی مۆلیدە ئەهلییەكان لە پارێزگای هەولێر، ڕایگەیاندووە، “نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان لە هەولێر بۆ مانگی 2ی 2024، بۆ هەر ئەمپێرێك كارەبا كەمترینی 12 هەزار دینارە و زۆرترینیشی 17 هەزار و 500 دینارە.”
هاوكات، قائیمقامیەتی كەركوك كۆنووسی تایبەت بە نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدەكانی بڵاوكردەوە، كە لەلایەن لیژنەی مۆلیدە ئەهلییەكانەوە دیاری كراوە و ڕایگەیاندووە، لە گەڕەکەکانی (شەهیدان و خان خورما و بارود خانە) نرخی هەر ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان 8 هەزار و ٥٠٠ دینارە.
ڕاشیگەیاندووە، لە گەڕەکەكانی (وەحدە و ڕووناکی و مەمدود) نرخی هەر ئەمپێرێک مۆلیدە 9 هەزار و ٥٠٠ دینارە و لە گەڕەکی (عەسکەری) ١١ هەزار و ٥٠٠ دینارە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، لە گەڕەکەکانی (مەنسوور و بابەکر و شۆراوە) و ئەو ناوچانەی لەم گەڕەکانەوە نزیکن نرخی هەر ئەمپێرێک کارەبای مۆلیدە ١٠ هەزار و ٥٠٠ دینارە.