وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان-عێراق ڕایدەگەیەنێت، كە پڕۆژەی هەژماری من هاوكار دەبێت بۆ وەرگرتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و جەخت لەوە دەكاتەوە، كە پڕۆژەكە بە ڕەزامەندی بانكی ناوەندی عێراق بووە، بۆیە ئەوەی خوێندنەوەیان بۆی كردووە، پڕۆژەكە هیچ دژیەكێك دروست ناكات لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فێدڕاڵی، چونكە ئەم بانكانەش ھەمووی بانكی ڕێگە پێدراوە.
لە هەرێم یەك ملیۆن و ٢٠٠ هەزار مووچەخۆر هەیە، لەو ژمارەیەش ٦٨٢ هەزاریان وەك فەرمانبەر لە وەزارەتی دارایی عێراق تۆماركراون، ئەوەی دەمێنێتەوە بریتیین لە سوودمەندانی كۆمەڵایەتی، خانەنیشین و مووچەی شەهید و ئەنفالكراوان.
ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق بڕیاریدا، كە نابێت مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان لە مووچە بێ بەش بكرێن و ئاماژەی بەوەشدابوو، كە دەبێت مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم ھاوشێوەی مووچەی مووچەخۆرانی عێراق بە نیشتمانی بكرێت و بۆ ئەم مەبەستەش وەك ڕاگەیەنراوە لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە، مۆڵەتی یەك مانگ دراوەتە هەرێم بۆ ئەوەی سەرجەم مووچەخۆران هەژماری بانكیان بۆ بكرێتەوە.
وەزارەتی دارایی هەرێمیش بە ئەستەمی دەبینێت بتوانن لە ماوەی یەك مانگدا، هەژماری سەرجەم مووچەخۆران بكەنەوە و جەختیش لەوە دەكەنەوە، كە پڕۆژەی هەژماری من دەتوانێت هاوكاری ئەم بابەتە بێت و بۆ ئەم مەبەستەش هەنگاوی باشیان بڕیووە.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان بۆ ئاژانسی (ئانادۆڵو) وتی: “دیارە بڕیاری دادگای باڵای فێدراڵیی عێراق كە چەند ڕۆژێك لەمەو پێش دەرچووە، ھێشتا بە نووسراو و بە شێوەكی فەرمی نەگەیشتووەتە دەست ئێمە وەك وەزارەتی دارایی هەرێم، ئەوەی بڵاوبووەتەوە لە ڕاگەیاندنەكان وەك دەیبینین كۆمەڵێك ڕەهەندی یاساییی و دەتوانین بڵێین سیاسییشی هەیە، بەڵام ئێمە چاوەڕێ دەكەین دوای ئەوەی بڕیارەكان بە فەرمی دەگاتە ئێمە، ئەو كاتە وەڵام و بۆچوون و ڕێكاری خۆمان دەبێت”.
ڕۆژی دوو شەممە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، لەمیانی كۆبوونەوەی لەگەڵ لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، كە لە مانگی ئادارەوە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لە ڕێگەی بانكیەوە دەدرێت.
لەمبارەیەوە هونەر جەمال وتی: “سەبارەت بەوەی كە تایبەتە بە تەوتینی مووچەخۆران، ئەوە پڕۆسەیەكی تۆزێك ئاڵۆزە و لە بڕیارەكەی دادگا ئەوەی بڵاوبووەتەوە ڕوون نییە، كە میكانیزمەكەی چۆنە، ئەوەی بیستوومانە وادەیەكی كەمە كە دیاریكراوە، ئەویش قابیلی گفتوگۆیە، چونكە عێراق خۆی لە ساڵی ٢٠١٦یەوە دەستی پێكردووە تا ئێستاش هەموو فەرمانبەران تەوتین نەكراون”.
سەبارەت بە پڕۆژەی (هەژماری من) و هاوكاریكردنی تەوتینی مووچەخۆران، وتیشی: “پێش ئەو بڕیارەش، وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی هەرێم، پڕۆژەی هەژماری من-یان دەستپێكرد و هەنگاوی زۆر باشی بڕیووە، ئێستا لە شاری هەولێر دەتوانین بڵێین بۆ فەرمانبەران كۆتایی هاتووە، هەروەها لە سلێمانی و دهۆكیش دەستمان پێكردووە و هەموو ئەو پڕۆژەیەش بە ڕەزامەندی بانكی ناوەندی عێراق بووە، بۆیە ئەوەی خوێندنەوەمان بۆی كردووە، ئەم پڕۆژەیە هیچ دژیەكێك دروست ناكات لەگەڵ بڕیارەكەی دادگای فێدڕاڵی، چونكە ئەم بانكانەش ھەمووی بانكی ڕێگە پێدراوە، متمانە پێدراوی بانكی ناوەندی عێراقن، پڕۆژەكەش بەردەوامە و باوەڕناكەین ھیچ كێشەیەك دروست بێت”.
لەبارەی جیاوازی نێوان (هەژماری من) لە هەرێم و لە عێراق، وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم، ڕایگەیاندووە: “لە هەرێم تا ئێستا 200 هەزار فەرمانبەر تۆماركراون، ئەو پڕۆژەی ئێمە زۆر جیاوازە لەوەی عێراق، بۆ نموونە ئەوەی عێراق تەنیا كارتێكە و دەتوانی لە شوێنێك مووچەی پێ وەربگریت، بەڵام ئەوەی لە هەرێم دەكرێت دەتوانێت چەندین خزمەتگوزاریی بانكیی بەدەستبخەیت، وەك كڕینی پێداویستی بە ئۆنلاین و ڕاكێشانی پارە، هیوادارم تا كۆتایی ئەمساڵ بەشێكی زۆری فەرمانبەران بتوانن هەژماری من دروست بكەن”.