شەوی ڕابردوو 2024.2.27، ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوتەوە، دوای گەیشتنی تیمەکانی بەرگریی شارستانی توانرا ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکرێت، کە بەهۆیەوە لەکۆی (2400) دوکان (166) دوکانی بازاڕەکە سووتا و زیانیان پێگەیشت،
پارێزگای هەولێر لە بڵاوکراوەیەکدا ئاماژە بەوەدەکات، لە ئەنجامی ئاگرەکە (90) کەس لە کارمەندانی بەرگری شارستانی و کاسبکارانی بازاڕەکە و هاووڵاتییان تەندروستیان تێکچوو، بەشێکیان لەلایەن تیمەکانی تەندروستی لە شوێنی ڕووداوەکە چارەسەرکران و (24) کەسیشیان گواسترانەوە نەخۆشخانە و چارەسەری پێویستیان بۆ کرا و ڕەوانەی ماڵەوە کرانەوە،
دەشڵێت، جگە لە زیانی ماددی هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتۆتەوە، و توانرا بەشێکی زۆری بازاڕەکە لە سووتان ڕزگاربکرێت،
هاوکات پارێزگای هەولێر ئاماژە بەوەدەکات، هاووڵاتییانی شارەکەمان دڵنیا دەکەینەوە لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێز پارێزگاری هەولێر لیژنەیەکی تایبەتی لە سەرجەم لایەنەکان پێکهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، هەر ئەمڕۆش دوای خەمڵاندنی زەر و زیانی بازاڕەکە لەلایەن لیژنەکانەوە تەواوی بازاڕەکە لەلایەن تیمەکانی شارەوانی پاککرایەوە.