چاوەڕوان دەکرێت ڕۆژی 5-10ی حوزەیرانی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و 38 حزبیش لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق خۆیان تۆمار کردووە.
ئەمڕۆ چوارشەممە، جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، ئامادەکارییەکانیان بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێکردووە و چاوەڕێی نووسراوی سەرۆکایەتی هەرێم دەکەن بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنەکە.
ڕوونیشێکردەوە کە لە کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا 5-10ی حوزەیرانیان وەک وادەیەکی بەرایی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دیاری کردووە.
ئەوەشی خستەڕوو کە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان نزیکەی 70 ملیار دیناریان پێویستە و سەرۆک وەزیرانی عێراقیش وەزارەتی دارایی ڕاسپاردووە بۆ تەرخانکردنی پارەکە.
جومانە غەلای ڕاشیگەیاند، پێشتر 21 حزب لە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و 17 حزبیش لە فەرمانگەی کاروباری حزبەکان سەر بە کۆمسیۆن خۆیان تۆمار کردبوو و دوای دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنیش سەرلەنوێ دەرگای خۆتۆمارکردن بۆ حزب و هاوپەیمانییەکان دەکرێتەوە.
وتیشی: لە هەڵبژاردنەکەدا هەرێمی کوردستان دەکرێتە چوار بازنە و 100 کورسییەکەی پەرلەمانیش لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووان بەسەر پارێزگاکاندا دابەش دەکرێت.