سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆنەوە جەخت لە گرنگیی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمیی و دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێم دەکاتەوە کردەوە
مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە واشنتۆن ، لەگەڵ سێناتۆر جاک ڕید سەرۆکی لیژنەی هێزە چەکدارەکانی ئەنجومەنی پیرانی ئەمریکا و سێناتۆر ڕۆجەر ویکر ئەندامی باڵای لیژنەکە کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، هاوڕابووین لەسەر گرنگیی پاراستنیی ئارامیی و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و بەردەوامبوونی پشتیوانیکردنی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە .
وتیشێ: سوپاسی هاوکاری و پشتیوانیی ئەمریکامان کرد و جەختمان لە ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری و فیدراڵی هەرێم کردەوە.
هەر لە درێژەی سەردانەکەیدا بۆ واشنتۆن، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە مێزگردێکدا، لەگەڵ نوێنەرانی ژمارەیەک لە ناوەند و دامەزراوە و پەیمانگەی سیاسەت و هزر و لێکۆڵینەوەی ئەمریکی (سينك تانك) کۆبووەوە.
مەسرور بارزانی ڕایگەیاند، دووپاتمان کردەوە کە عێراق دەوڵەتێکی فیدراڵییە و پێویستە ڕێز لە دەستوور و بنەماکانی دیموکراسی و فیدراڵی بگیرێت و وەکو قەوارەیەکی دەستووری و فیدراڵی، مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت.
ئاماژەشیدا بەوەی خەڵکی کوردستان قوربانییەکی زۆری لە پێناو مافە ڕەوا و دەستوورییەکانی داوە و ئامادە نییە لە ژێر هیچ فشارێکدا، دەستبەرداری مافەکانی ببێت.
جەختیشی کردەوە کە هەرێمی کوردستان دەیەوێت لەسەر بنەمای دەستوور کێشەکانی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ چارەسەر بکات و لەوبارەیەوە ئاماژەی بە گرنگیی دابینکردنی شایستە داراییەکان و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمیی و دەستوورییەکانی حکومەتی هەرێم کردەوە. هەروەها باسی لە پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێم کرد.
لە بەشێکی دیکەی مێزگردەکەدا، باسی لە دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم و گرنگیی ئاساییکردنەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ماددەی 140 و ڕێککەوتننامەی شنگال کرد.