بڕیارەكەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردسان بۆ “داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی دوورن لە ئاین، ئاكار و ڕەوشتی بەرزی كۆمەڵگەی كوردییەوە” كاردانەوەیەكی فراوانی لەسەر ئاستی هاووڵاتیان و مامۆستایانی ئایینی و توێژەرانی كۆمەڵایەتی و پارێزەرانی بەهاكانی خێزانی كوردەواری لێكەوتەوە و پێشوازییەكی فراوانی لێ كرا.
شوێنەكانی لەشفرۆشی و مەیخانەكان و یانەكانی شەوانە و قومارخانەكان، سەرەڕای ئەوەی لەڕووی ئایینییەوە حەرامن و لەڕووی یاساییەوە ڕێگەپێنەدراو و قەدەغە كراون، بۆیە بڕیاری داخستنیان چەندین سوودی دیكەی هەیە بۆ كۆمەڵگە بۆ پاراستنی خێزان لەڕووی كۆمەڵایەتی و ئابووری و تەندروستی و تەنانەت كەمكردنەوەی كێشەكان لە دادگا و بنكەكانی پۆلیس و كەم كردنەوەی كێشەكانی شەڕ و كوشتن و جیابوونەوە و لێكترازانی خێزانی و قەرزداری.
نووسینگەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بڵاویكردەوە، “بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دوای ئەوەی ڕێژەیەكی زۆر گلەیی و سكاڵای هاولۆاتیانی پێگەیشتبوو، سەردانی گەڕەكی سەرچناری سلێمانی كرد و ژینگەی شێوێنراو و دوور لە بەها باڵاكانی كۆمەڵگەی كوردەواری بینی، بڕیاریدا بە داخستنی هەموو ئەو شوێنانەی دوورن لە ئاین، ئاكار و رەوشتی بەرزی كۆمەڵگەی كوردییەوە”.
بافڵ تاڵەبانی وتیشی، “سەرچنار یادەوەرییەكی شیرینی شارە حەیاتەكەیە و دەبێت بگەڕێتەوە بۆ ئەو سەردەمەی خێزانەكانی شار بۆ پشوو و كاتبەسەربردن ڕوویان تێدەكرد و هەستیان بە ئارامی دەكرد. ئەم بڕیارەش لەپێناو پاراستنی ئارامی و ڕەخساندنی ژینگەیەكی لەبارە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەی شارەكەمان”.
ڕاشیگەیاند، “یەكێتیی پارێزەری مافە كەسی و تایبەتەكانە، بەڵام ئەو كاتەی سنوورەكان دەبەزێنرێت و ڕێز لە بەها باڵاكان ناگیرێت، هەڵوێستمان دەبێت”.
لەكاردانەوەی ئەو بڕیارەدا مامۆستایەكی ئایینی ستایشی بڕیارەكە دەكات و هیوای “جێبەجێ كردن و بەردەوامی” بۆ دەخوازێت و هاوكات ڕاوێژكارێكی خێزانی دەڵێت: “سەیری سۆشیال میدیام كردووە و هاووڵاتیان زۆر دڵخۆشن بە بڕیارەكە” و جەختیشدەكاتەوە، لەهەموو سیستەم و وڵاتێك ئەو ماف و ئازادیەش بە یاسا ڕێكدەخرێ و بابەتی قومارخانە و شۆێنەكانی مەیخواردنەوە و یانە شەوانەكان و دێسكۆكان و شوێنەكانی لەشفرۆشی بەپێی یاساكانی عێڕاق و هەرێم قەدەغەن.
د.عەبدوللـەتیف ئەحمەد سەلەفی، لەبارەی بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتی نووسیویەتی، “بڕیارێكی پەسەند و جوانە و جێگای دەست خۆشی و دڵ خۆشییە لە لایەن بەڕێز كاك بافڵ، بە هیوای جێبەجێكردن و بەردەوام بوون”.
د.عەبدوللـەتیف دەشڵێت، “هەر سەركردەیەك بڕیاری باش بدات باشە دێتە ڕێی و میللەتیش خۆشی دەوێت و هەر سەركردەیەك پشت لە خواو ئاینەكەی بكات هەر سەرشۆڕی و تیاچوون لەڕێگایەتی”.
لای خۆشیەوە، محەمەد گۆمەشینی، كۆمەڵناس و ڕاوێژكاری خێزانی لەپەراوێزی بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی لە وتارێكدا، كە بۆ (خەڵك)ی ناردووە ئاماژەی بەوەكردووە، دوای بڕیارەكەی بافڵ تاڵەبانی چاوێكم گێڕا بەناو سۆشێاڵ میدیا و ویستم ئاستی كاردانەوەی بڕیارەكە لای هاووڵاتیان و ڕۆشنبیڕان و ڕای گشتی بزانم، بینینم كەڕێژەی زۆری خەڵك دڵخۆشن بەبڕیارەكە و كەمێك لەخەڵكیش خوێندنەوەی دیكەیان هەبوو بۆ بڕیارەكە تا ئاستی ئەوەشم بینی، كە نوسرابوو با زۆنی سلێمانی بكرێتە زۆنی ئیسلامی سلێمانی، بەڵام لێرە گرنگە ڕەهەندە یاساییەكان و كۆمەڵایەتیەكانی بڕیارەكە ئێنجا ڕەهەندە ئایینیەكەی بزانین بێ ئەوەی توشی كاردانەوەی خێرا بین.
ئەو ڕاوێژكارە خێزانییە ئاماژەی بەوەكردووە، بۆ ئەوەی هەمووان بزانن ئەو بڕیارانە چەند گرنگ و پێۆیست بوو،و تەنانەت درەنگیش بوو، فەرموون یان سەرێك لەدۆسیەكانی دادگا بدەن یان سەرێك لەو ماڵانە بدەن كە كوڕ و پیاوەكانیان گیرۆدەی ئەو بابەتانەن و شتێك نەماوە بەناوی ئاسایشی خێزان وخۆشەویستی.
محەمەد گۆمەشینی، كۆمەڵناس و ڕاوێژكاری خێزانی بە چەند خاڵێك وردەكاری سوود و گرنگی بڕیارەكەی سەرۆكی یەكێتی بۆ “گێڕانەوەی بەها و ڕەوشتی بەرزی كوردەواری” ڕووندەكاتەوە و دەڵێت:
یەكەم : بەڵێ مرۆڤ ئازادە چۆن دەژی و چی دەكا ئەوەش سادەترین مافی مرۆڤە ، بەڵام لەهەموو سیستەم و وڵاتێك ئەو ماف و ئازادیەش بە یاسا ڕێك دەخرێ و وڵات لەسەربنەمای پاراستنی مافی گشتی و شكۆی مرۆڤەكان یاسا و بڕیار دەردەكات، بۆیە بابەتی قومارخانە و شۆێنەكانی مەیخواردنەوە و یانە شەوانەكان و دێسكۆكان و شوێنەكانی لەشفرۆشی بەپێی یاساكانی عێڕاق و هەرێم قەدەغەن، واتە ئەگەر تائێستا ئەو شوێنانە ڕێگە پێدراو بوون پێچەوانەی یاسا بووە.
دووەم : بەوازحی گرنگە بزانین بۆ بڕیارەكە لەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە دەركرا، كە هەندێك نوسیبویان ئەوە كاری حكومەت و یاسایە ، شتێكی ئاشكرایە، كە ئێستا حاكمی موتڵەقی ئەو زۆنە و بڕیار بەدەست بافڵ تاڵەبانیە و ئەویش سەرۆكی حیزبی باڵادەستی زۆنەكە و حیزبەكەشی شەریكی حكومەتە واتە بەكورتی خۆی حیزب و حكومەتە، لەلایەكی دی بەڵام ڕاستیەكی تر هەیە ئەویش ئەوەیە دەبێ بزانین ئەوە یەكەم هەوڵ و بڕیار نیە بۆ داخستنی ئەو شوێنانە بەڵكو پێشتر حكومەت زۆرجاری تر لەلایەن پۆلیسەوە هەوڵیداوە، بەڵام خاوەنی ئەو شۆێنانە بەهۆی ئەوەی بەرپرسی باڵای حكومەت و حیزب بوونە بۆیە پۆلیسیش دەرەقەتیان نەهاتووە تەنانەت جارهەبووە ئەوان ڕاوی پۆلیسیان ناوە بۆیە باشترین كەس كەبڕیارەكانی بڕ بكا و بڕوا ئەو بڕیارانەیە، كەلەلایەن بافڵ تاڵەبانیەوە دەردەكرێن.
سێیەم : تێ نەگەیشتم ترسی هەندێ كەس لەبڕیارەكە لەپای چیە و بۆ وایان پیشاندا كە وەك ئەوەی بڕیاری ئەمارەتێكی ئایینیە لەكاتێكدا یان ئەوانە هێشتا هەست بەمەترسی قومارخانەكان و یانەكانی شەوان ناكەن و نەهاتۆتە ناو ماڵی خۆیان ئەو ئاگرە یان نایانەوێ ڕاستیەكە بڵێن بەناوی ئەوەی خۆیان لەپەنای شتێك حەشارداوە بەناوی عەلمانیەت و مەدەنی بێ ئەوەی بزانن كە هەر شتێك خراپ و پیس بێت و زیانی هەبێت بۆ مرۆڤ و كۆمەڵگە و ئاسایشی خێزان پێچەوانەی هەموو ئایین و ئایدیایەكەیان فەرموو پێمان بڵێن لەكوێی ئایدیا و عەلمانیەت و شتی تر ڕێگە بە قومارخانە و لەشفرۆشی دراوە! بۆیە بڕیارەكە دروستە و هیچ خەوشێكی تێدانیە و هیوادام ببێتە بڕیارێكی فەرمی گشتی حكومەت و ئەوجا حكومەت بەئەركی خۆی هەڵسێ لەهەموو شارەكان.
چوارەم : بڕیارەكە گەڕانەوەیە بۆ ڕێگە ڕاستەكە، كە پاراستنی شكۆ و ئاسایشی تاكەكان و خێزان و پاراستنی هەزار خێزانە لە هەڵوەشانەوە و دورخستنەوەی سەدان گەنجە لەو كارە بەدناوەی ژیانی سەدان خێزانی تێكدا و سەدان گەنجیشی تووشی سەرلێشوان كردبوو.
پێنجەم : لەكاردانەوەكان تێ گەیشتم خەڵك چەند تامەزرۆی ژیانی ئارامن و چەندەش بێزارن لەو خووە و كارانە كە دوورن لەبەها و عورف بەتایبەتی تریش چ ئەوانەی كەسێكیان گیرۆدەی ئەو بابەت و شوێنانە بووە و لەدەست دەرچووە چ ئەو ماڵانەی نزیكی ئەو شوێنانەن مەگەر هەر ئەوان باشتر لەمعاناتی خراپی ئەو شوێنانە و ئەو كارە تێ بگەن.
شەشەم : شتێك كەزۆر سەرنجی ڕاكێشام كۆمێنتی ژنێك بوو، كە نووسیبووی ڕەبی دەستت خۆش بی كاك بافڵ ئەوجا بەڵكو پیاوەكەم وەك پیاوی دی شەوان زوو دێتەوە ناومان و چیتر بەسەرخۆشی و دۆڕاوی قومار نایەتەوە، جگەلەوەش وتبووی ئەوجا وەك ژنی خەڵك بازنەكی زێڕ بێ ترس لەدەست بكەم.
حەوتەم : هیوادارم تەنها بۆ ئەوەی هەموان بزانن ئەو بڕیارانە چەند گرنگ و پێۆیست بوو، تەنانەت درەنگیش بو، فەرمون یان سەرێك لەدۆسیەكانی دادگا بدەن یان سەرێك لەو ماڵانە بدەن كە كوڕ و پیاوەكانیان گیرۆدەی ئەو بابەتانەن و شتێك نەماوە بەناوی ئاسایشی خێزان و خۆشەویستی.
هەشتەم : نانا ترستان نەبێ ئەوە بڕیاری ئەماڕەتی ئیسلامی نیە و ترستان نەبێ لەوەی ئەو شوێنانە بكرێنە مزگەوت و پەرستگا، نا تەنیا گەڕانەوەی ئەو شوێنانەیە بۆ دیمەنە سادە و جوانەكانی خۆی و تەنیا ڕێگریكردنە لەبەڕێ لابردنی كۆمەڵگە و تێكدانی شێرازەی خێزان و كۆمەڵگە ئیتر تا لەمەودوا هەر پیاو و كوڕە دەستی خێزان و منداڵەكانی بگری بەیەكەوە بێ ترس بچن لەو شوێنانە چایەك و شیرینیەك بخۆن.