دوابەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە لەڕێگەی بانكەوە، ئەمڕۆ وەزیری دارایی بڕیاریدا لە مانگی داهاتووەوە بەپێی هەژماری بانكی نەبێت مووچە نانێرێت و ئەندامێكی پێشووی لیژنەی دارایی عێراق چەند ڕێگایەكی ئاسان و خێرا بۆ كردنەوەی هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم ڕادەگەیەنێت.
ئەحمەد حاجی ڕەشید، ئەندامی خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق لە لیژنەی دارایی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، بەپێی بڕیاری بانكی فیدڕاڵی بۆ دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران لەلایەن عێراقەوە بەجۆرێكە دەبێت بانكەكە بانكێكی عێراقی بێت و لە عێراقدا 6 بانك هەیە، كە جگە لە (TBI) هیچ كامیان لقیان لە هەرێمی كوردستان نییە، بۆیە دەكرێت لەڕێگەی ئەو بانكەوە ڤیزە كارت و هەژماری بانكی بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بكرێتەوە و (تەوتین)ی مووچە بكرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، دەكرێت (TBI) لەڕێگەی ئۆنلاینەوە چەند وێب سایتێك دابنێت و فەرمانبەران و وەزارەتەكان لەڕێگەی ئەو وێب سایتانەوە هەژماری بانكی بكەنەوە، هەرچەندە ئەوە بە داتابەیسی فەرمانبەران هەژمار ناكرێت، چونكە كاتێكی زۆری دەوێت ئەو داتابەیسە و عێراق خۆی چەند ساڵێكی پێ چووە تاوەكو دروستی كردووە، بۆیە وەزارەتی دارایی عێراق دەتوانێت لەڕێگەی گرێبەستەكانییەوە لەگەڵ كۆمپانیاكان ئەو هەژمارە بۆ فەرمانبەرانی هەرێمیش دروست بكات.
وتیشی، “ئەگەر ئەوەش نەكرا، دەكرێت ڕێگایەكی دیكە پەیڕەو بكرێت، ئەویش پێدانی مووچە بەكاش لەڕێگەی بانكی فیدڕاڵییەوە بە خەزێنەی فەرمانگەكان، واتە فەرمانگەكان بچن لە بانكی (TBI) مووچە وەربگرن و لەگەڵ ئەوەدا هەر فەرمانگەیەك داتابەیسی فەرمانبەرانی ڕادەست بكات تا بەزووترین كات هەژمارەكە بكرێتەوە و ڤیزە كارت دروست بكرێت”.
جەختیشی كردەوە، بڕیارەكانی دادگای فیدڕاڵی بۆ كەس نییە ڕێگەی لێ بگرێت، بەڵام جێبەجێ كردنی دەكەوێتە سەر ئەو میكانیزمەی كە زەمینەسازی بۆ دەكرێت.