حكومەتی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوە



دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاردانی لە سكاڵای فەرمانبەران و مامۆستایان لەسەر “ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە” بۆ نزیكەی 20 ڕۆژی دیكە دواخست وەك دەرفەتێك بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێم خۆی پلەبەرزكردنەوە دەستپێبكاتەوە و مامۆستایەكی ناڕازی لە بەغداوە دەڵێت:

ئەمڕۆ دانیشتنی دادگای باڵای فیدڕاڵی تایبەت بوو بە سکاڵای چەند فەرمانبەرێک لەسەر ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە فەرمانبەران، بەڵام بڕیاردان لە سكاڵاكە دواخرا بۆ 17ی مانگی داهاتووە، كە ئەمەش وەك پێدانی مۆڵەتێك دەبینرێت بۆ حكومەتی هەرێم تاوەكو بڕیارێكی پێشووی خۆی جێبەجێ‌ بكات، كە ڕایگەیاندبوو، “بە میكانیزمی نوێ‌ پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەستپێدەكاتەوە”.

دڵشاد میرانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی، كە ئەمڕۆ لە دادگای فیدڕاڵی ئامادەی دۆسیەكە بوو بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، ئەمڕۆ دادگای باڵای فیدڕاڵی سەبارەت بە سكاڵای مامۆستایان و فەرمانبەران لەسەر پلەبەرزكردنەوە كۆبووەوە و بڕیاردانی دواخست بۆ 17ی 3ی 2024 و ئەوەش وەك دەرفەتێكە بۆ حكومەتی هەرێم تاوەكو لەو دەرفەتە 20 ڕۆژیەدا خۆی هەستێت بەو كارە.

ڕاشیگەیاند، دادگای فیدڕاڵی نەیویست بڕیارێكی دیكەش دژی حكومەتی هەرێم دەربكات، كە هەر لەم هەفتەیەدا چەند بڕیارێكی دیكەی دەركرد و حكومەتی هەرێمی پابەند كردووە، بۆیە نەیویست جارێكی دیكەش بڕیاری لەدژ دەربكات و دەرفەتی پێدا خۆی بڕیاری دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوە دەربكات.

وتیشی، “ئەگەر حكومەتی هەرێم تاوەكو 15ی مانگی داهاتوو پلەبەرزكردنەوە ڕانەگەیەنێت ئەوا لە 17ی 3دا دادگای بڕیاری یەكلاكەرەوە دەدات، چونكە پێشتر حكومەتی هەرێم ڕایگەیاندبوو بە میكانیزمی نوێ‌ پلەبەرزكردنەوە دەستپێدەكاتەوە، بەڵام چاوەڕێی هەمواری یاسای بودجەی عێراق بوون”.

بۆ بەدواداچوونی زیاتر (خەڵك) پەیوەندی كرد بە پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حكومەتی هەرێمەوە، بەڵام پەیوەندییەكەی بەردەست نەبوو.

لە ساڵی 2016ەوە، كە ماوەی 9 ساڵە، حكومەتی هەرێم بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی لە میلاكی شارستانی ڕاگرتووە و بەوەش بە بڕیار یاسای مووچەی ساڵی 2008 ڕاگیراوە، بەڵام پلەبەرزكردنەوەی بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەكان (وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە) كردۆتەوە و سەرجەم پلەكانی پێداونەتەوە و بە وتەی پەرلەمانتاران “پلەبەرزكردنەوە بۆ دادوەرەكان و فەرمانبەرانی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم كراوەتەوە”.

ڕۆژی 21ی ئه‌م مانگه‌، دادگای باڵای فیدڕاڵی له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای ژماره‌یه‌ك لە فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم بڕیاریدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بخرێته‌سه‌ر ژماره‌ حسابی بانكه‌ فیدڕاڵییه‌كان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق ببڕدرێت.

 

سبەینێ شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت
پێت سبەینێ شایستە داراییەکانی مامۆستایانی وانەبێژ دابەشدەکرێت
ئاوات شێخ جەناب بۆ چاودێری دارایی عێراق: دەرگای وەزارەت و گەنجینەکان کراوەیە
دوات ئاوات شێخ جەناب بۆ چاودێری دارایی عێراق: دەرگای وەزارەت و گەنجینەکان کراوەیە
پەیوەنیدر