وەزارەتی دارایی عێراق ئەو هەواڵانەی ڕەت کردەوە لە سەبارەت بە نەبوونی پارەی نەخت بۆ دابینکردنی مووچە بڵاوکراونەتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕوونکردنەوەیەکدا سەرسوڕمانی خۆی بەرامبەر ئەو لێدوانانە دەربڕی کە سەبارەت بە نەبوونی پارەی نەخت بۆ دابەشکردنی مووچە بڵاوکراونەتەوە و جەختیشی کردەوە لە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران و بیمەی کۆمەڵایەتی و مووچەی خانەنشینان بە بێ دواکەوتن.
راشیگەیاند، ئەو پلانەی کە حکومەت بۆ چاکسازی دارایی و ئابووری پەیڕەوی دەکات، بووەتە هۆی زیادکردنی بەرچاوی گەشەی ئابووری عێراق و داهاتی نانەوتیش زیادی کردووە.
ئەم ڕوونکردنەوەیە دوای ئەوە هات کە چەند ماڵپەڕێکی عێراقی بلاویانکردەوە کە وەزارەتی دارایی عێراق ڕووبەڕووی گرفتی کەمی پارەی نەخت بووەتەوە بۆ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران.