کەشناسی ڕایگەیاند، بارستە هەوایەکی سارد ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکات و بە هۆیەوە پلەی گەرما بۆ سفر دادەبەزێت و خێرایی با دەگاتە سەروو 35 کیلۆمەتر لە کاتژمیرێکدا.
بەشی پێشبینی لە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، ئاسمان بەگشتی ساماڵ و پەڵە هەور دەبێت لەهەندێ کات دەگۆرێت بۆ نیمچە هەور.
ڕوونیشیکردەوە کە لە کاتەکانی شەودا بارستە هەوایەکی ساردی سیبیری ڕوو لەناوچەکەمان دەکات و لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکان کەمێک بەفر دەبارێت.
سەبارەت بە سبەینێ دووشەممەش ڕایگەیاند، کاریگەری بارستە هەوایەکی سارد دەستپێدەکات لەگەڵ زیادبوونی خێرایی با لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکووک کە هەندێ جار دەگاتە سەرووی 35 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.
بەشی پێشبینی ئەوەشی خستەڕوو کە پلەی گەرما 5-7 پلە ڕوو لەنزم بوونەوە دەکات و لە ناوچە شاخاوییەکان بۆ سفر پلەی سیلیزی دادەبەزێت.
بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی
هەولێر :13
سلێمانی :8
دهۆک : 14
زاخۆ : 15
هەڵەبجە :9
کەرکووک :15
سۆران : 8
حاجی ئۆمەران :0
گەرمیان :15