بڕیاری دادگای فیدراڵی تایبه‌ت به مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ڕه‌نگه له به‌رژه‌وه‌ندی خه‌ڵك و مووچه‌خۆر بێت، به‌ڵام له خزمه‌ت قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سه‌ڵاته‌كانیدا نییه.
فەرهاد حەسەن
پرسی یه‌كلایكردنه‌وه‌ی كورسی كۆتاكان به نه‌تیجه بڕیارێکی ئەرێنی بوو به‌و پێیه‌ی له كوردستان هه‌وڵه‌كان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به بنبه‌ست گه‌شتبوو، به‌ڵام بابةتي مووچه و لێسه‌ندنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ده‌سه‌ڵاتی دارایی جێی هه‌ڵوێسته كردنه. ڕه‌نگه مووچه‌خۆر له‌مه سوودمه‌ند بێت، به‌ڵام له‌كۆتاییدا بیرمان نه‌چێت كیانی هه‌رێم له پاشهكشەدایه، ئه‌مه‌ش حزبه‌كان لێی به‌رپرسیارن نه‌ك خه‌ڵك.
ئه‌شێت یه‌كێك بپرسێت: كیانی هه‌رێم گرنگتره بۆ مووچه‌خۆرێك یان بژێوی و خواردنی ژه‌مێك بۆ منداڵه‌كانی؟
هه‌ردووكیان گرنگن، ته‌واوكه‌ری یه‌كترن. مرۆڤ تاسه‌ر ناتوانێت زوڵم قبوڵ بكات و قوربانی بدات له‌سه‌ر حسابی بژێوی و خۆشگوزه‌رانی خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی، هه‌روه‌ها به‌بێ بوونی كیانێكی به‌هێزی ڕێزلێگیراوی ده‌ستووری ئاسایشی كورد له عێراق سه‌لامه‌ت نیه.
هه‌رچه‌نده قه‌واره‌ی هه‌رێم به ده‌ستوور دانی پێدانراوه و پارێزگاری له بوونی ده‌كرێت، به‌ڵام لێسه‌ندنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌نگاو به هه‌نگاو هه‌رێم ده‌كاته ئیداره‌یه‌كی بێ ده‌سه‌ڵات و كاریگه‌ری فیدراڵی، كه خزمه‌ت به‌كه‌س ناكات، چونكه بیرمان نه‌چێت حكومه‌تی ناوه‌ندی له به‌غدا به تووڵی عومر له‌گه‌ڵ كوردا باش نه‌بووه و دان به مافه‌كانیدا نانێت، بۆیه مانه‌وه‌ی قه‌واره و ده‌سه‌ڵاته‌كانی هه‌رێم به به‌هێزی گرنگه و پێویسته ئامانجی سه‌ره‌كی بێت له‌پاڵ بژێوی خه‌ڵكدا.
ناشرینیه‌كانی حكومڕانی له هه‌رێم نابێت بكاته ئه‌وه‌ی گرنگی قه‌واره‌كه‌مان له‌به‌رچاو بكه‌وێت. بۆ ڕێگرتن له لاوازبوونی زیاترى هه‌رێم پێویسته پارتی ده‌رفه‌تی شه‌راكه‌تی ڕاسته‌قینه به یه‌كێتی و حزبه‌كانی تر بدات، چونكه ئه‌وه‌ی ئه‌و حزبانه به‌تایبه‌ت یه‌كێتی له رێگه‌ی به‌غداوه ئهیكەن كاردانه‌وه‌ی پهراوێزخستنیانە نه‌ك خه‌می به‌رژه‌وه‌ندی گشتی، ئه‌گه‌ر كێكی ده‌سه‌ڵاتییان له‌گه‌ڵ به‌ش نه‌كه‌ن لێیان تێكده‌ده‌ن، هاوكات به‌فیعلی مووچه و بژێوی خه‌ڵك بخاته ئه‌وله‌ویه‌تی حكومه‌ت، مانای چییە حزب پاره و مه‌كته‌بی دارایی هه‌بێت به‌ڵام وه‌زاره‌تی دارایی نه‌توانێ مووچه‌ی خه‌ڵك بدات! ئه‌گه‌ر حكومه‌ت و قه‌واره‌یه‌ك پشتیوانی ناوخۆیی هه‌بێت لاوازكردنی كارێكی ئاسان نیه.