بڕیارە دادگای فیدراڵی عێراق سەبارەت بە دۆسیەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کۆبێتەوە کە نزیکەی 10 ساڵە ڕاگیراوە.
بە پێی خشتەی کارەکانی دادگای فیدراڵی، بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە، سکاڵایەک تاوتوێ بکرێت کە نۆ مامۆستا و فەرمانبەری هەرێمی کوردستان لە دژی سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان تۆماریان کردووە.
لە سکاڵاکەدا داوا کراوە سەرۆک وەزیران و وەزیری دارایی پابەند بکرێن بە جێبەجێکردنی یاسای پلەبەندی مووچە و هەڵوەشاندنەوەی بڕیار و ڕێنماییەکانی پەیوەست بە ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران.
دەبوو دادگای فیدراڵی ڕۆژی 21ی کانوونی دووەمی ڕابردوو لەو بارەیەوە بڕیاری بدایە، بەڵام دانیشتنەکە بۆ ئەمڕۆ یەکشەممە، دواخرا.
هەفتەی ڕابردووش دادگای فیدراڵی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی یەکلاکردەوە و بڕیاری دا مووچە بخرێتە سەر بەغدا.