دادگای فیدڕاڵی بۆ پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێم بڕیار دەدات



دوابەدوای بڕیارەكەی بۆ پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە، سبەینێ‌ دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیار لە دۆسیەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم دەدات.

لە ساڵی 2016ەوە، كە ماوەی 9 ساڵە، حكومەتی هەرێم بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی وەزیران پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایانی لە میلاكی شارستانی ڕاگرتووە و بەوەش بە بڕیار یاسای مووچەی ساڵی 2008 ڕاگیراوە، بەڵام پلەبەرزكردنەوەی بۆ هێزە ئەمنی و سەربازییەكان (وەزارەتی ناوخۆ و وەزارەتی پێشمەرگە) كردۆتەوە و سەرجەم پلەكانی پێداونەتەوە و بە وتەی پەرلەمانتاران “پلەبەرزكردنەوە بۆ دادوەرەكان و فەرمانبەرانی سێ‌ سەرۆكایەتییەكە و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم كراوەتەوە”.

بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) لەڕێگەی مامۆستایانی ناڕازییەوە، لە كۆتایی ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەك لە مامۆستایان و فەرمانبەران لە بەردەم دادگای فیدڕاڵی سكاڵایەكیان تۆماركرد بە ژمارە (247/ اتحادی/ 2023) لەسەر سەرۆك وەزیرانی هەرێم و وەزیری دارایی هەرێم بەهۆی ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانەوە.

مامۆستایان لە سكاڵاكەیاندا، داوایان كردووە لە دادگای فیدڕاڵی هەردوو سەرۆك وەزیران و وەزیری دارایی هەرێم پابەند بكات بە جێبەجێ‌ كردنی یاسای مووچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت ژمارە 22ی ساڵی 2008، كە یاسایەكی فیدڕاڵییە و ئەو بڕیار و ڕێنماییانەی بۆ ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران دەرچوون هەڵوەشێنێتەوە.

نەوزاد عومەر، کارگێڕی ئەنجوومەنی مامۆستایانی پێشەنگ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، كە پەیامنێری (خەڵك) ئامادەی بوو ڕایگەیاند، سبەینێ‌ یەك شەممە 25ی شوبات، دادگای فیدڕاڵی جارێكی دیكە لەسەر سكاڵای مامۆستایان و فەرمانبەران تایبەت بە ڕاگرتنی پلەبەرزكردنەوە كۆدەبێتەوە.

ڕاشیگەیاند، سبەینێ‌ لە بەردەم دادگای فیدڕاڵی هاوشانی مامۆستایان و فەرمانبەران ئامادە دەبین و وتیشی، “ئومێد دەكەین دادگای فیدڕاڵی بڕیار بدات و ببێتە دووەم دەستكەوت بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران”.

رۆژی 21ی ئه‌م مانگه‌، دادگای باڵای فیدراڵی له‌سه‌ر بنه‌مای سكاڵای ژماره‌یه‌ك لە فەرمانبەران و مامۆستایانی هەرێم بڕیاریدا مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستان بخرێته‌سه‌ر ژماره‌ حسابی بانكه‌ فیدراڵییه‌كان و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له‌ پشكی هه‌رێم له‌ بودجه‌ی گشتی عێراق ببڕدرێت.

یەکێتی مامۆستایان هەڵوێستی لەسەر بڕیارەکەی دادگای باڵا ڕاگەیاند
پێت یەکێتی مامۆستایان هەڵوێستی لەسەر بڕیارەکەی دادگای باڵا ڕاگەیاند
ئەنجومەنی مامۆستایانی پێشەنگ دوا هەڵوێستیان ڕاگەیاند
دوات ئەنجومەنی مامۆستایانی پێشەنگ دوا هەڵوێستیان ڕاگەیاند
پەیوەنیدر