وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند، تا ئێستا ٪٨٣ دانیشتووانی عێراق كارتی نیشتمانییان وەرگرتووەتەوە، هەشت ملیۆن عێراقی ماون كارتی نیشتمانیان بۆ چاپ بكرێت.
ئەمڕۆ شەممە، ئەحمەد مەعمووری، بەڕێوەبەری گشتی كارتی نیشتمانی عێراق لە چاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند، تا ئەمڕۆ زیاتر لە ٣٦ ملیۆن و ٧١٤ هەزار هاووڵاتی بوونەتە خاوەنی كارتی نیشتمانی.
ئاماژەی بەوەکرد، بەهۆی كارتی نیشتمانییەوە عێراق بووەتە خاوەنی داتایەكی دەوڵەمەند و فراوانی سەردەمییانە.
بەڕێوەبەری گشتی كارتی نیشتمانی ئەوەشی خستەڕوو، نزیكەی هەشت ملیۆن عێراقی ماون كارتی نیشتمانیان بۆ چاپ بكرێت، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ملیۆنێك و ٦٥٧ هەزار كەس كارتەكەیان بۆ دەرهێنراوە و تەنیا لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا ٤٢ هەزار و ٧٠٤ کارتی نوێ لە تەواوی عێراقدا بۆ هاووڵاتییان چاپکراوە.
ڕاشیگەیاند، پلانێكی تری بەڕێوەبەرایەتییەكەیان، گۆڕینی دیزاینی ئێستای كارتی نیشتمانیە و ئەوانەی تا ئێستا كارتەكەیان بۆ دەرنەكراوە، دەبنە خاوەنی چاپی ڕەنگاورەنگ و دیزاینی نوێی كارتی نیشتمانی.
هاوکات وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە ١٩ ئەم مانگە ڕایگەیاند كە كاركردن بە بەڵگەنامە كۆنەكانی باری شارستانی تا ١ مانگی نیسانی ئەمساڵ درێژكراوەتە، بۆئەوەی دەرفەتێكی زیاتر بەو هاووڵاتییانە بدرێت كە تا ئێستا نەیانتوانیوە مامەڵەی كارتی نیشتمانی ئەنجام بدەن.