پارێزگاری بانکی ناوەندی پلانی بلانەکەی بۆ پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی بە گەشتیاران ئاشکرا کرد.
ئەمڕۆ هەینی، پارێزگاری بانكی ناوەندی عەلی عەلاق، ڕەتیكردەوە كێشە لە نەختینەیی دیناری عێراقیدا هەبێت، و وتیشی: بە زووترین كات میكانیزمێكی نوێ بۆ بەدەستهێنانی دۆلار بۆ گەشتیاران دەستپێدەكات.
عەلاق لەلێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، ڕایگەیاند: ئەوەی باس دەكرێت و دەنگۆی بوونی كێشەیەك لە نەختینەیی دیناری عێراقیدا دوورە لە ڕاستییەوە، بانكی ناوەندیش بەردەوامە لە ئەنجامدانی پرۆسەی وەڵامدانەوەی داواكارییەكانی پەیوەست بە نەختینەیی، هەروەها وەزارەتی داراییش.
ئاماژەی بەوەشكرد: بانكی ناوەندی خەریكی پەرەپێدانی میكانیزمە بۆ ئەوەی گەشتیاران بە ئاسانی دۆلار بەدەستبهێنن لە فڕۆكەخانەكانی عێراق، هەندێكیان سیستەمەكەیان تەواوكردووە بە ئامادەبوونی كۆمپانیای ئاڵوگۆڕی پەیوەندیدار و بانكەكان بۆ دابەشكردنی دۆلار.
رونیشیكردەوە: میكانیزمە نوێیەكە بەم زووانە دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، گەشتیاریش دۆلار بەدەستدەهێنێت بە تۆماركردنی لەڕێگەی پلاتفۆرمەوە و وەرگرتنی لە فڕۆكەخانە بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی دۆلارەكە دەگاتە گەشتیارە ڕاستەقینەكە.