جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم بەشداری دیداری “ژن و دیپلۆماسی” لە هەولێر کرد و ڕایگەیاند، داواکارم ژنە دیپلۆماتکارەکانی کورد، کۆسپ و گرفتەکان ساردیان نەکاتەوە و بەردەوام بن لە پەرەپێدانی تواناکانی خۆیان.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە میانی بەشداریکردنی لە دیداری “ژن و دیپلۆماسی” ئاماژەی بە ڕۆڵی ژن و هەوڵەکانی لەسەرجەم بوارەکانی ژیان و کۆمەڵگا داو، لەبەر ڕۆشنایی چەند نمونەیەکی دیار و گەورە ڕۆڵی ژنی بەرز نرخاند و ڕایگەیاند، ژنان سەلماندوویانە وەکچۆن لە زۆربەی بوارەکانیدیکە توانیویانە سەرکەوتووبن، لە بواری دیپلۆماسیشدا دەتوانن سەرکەوتووبن و خزمەتی بەرژەوەندییەکانی وڵاتەکانیان بکەن.
قوباد تاڵەبانی وتیشی، هەرچەندە بواری دیپلۆماسی بۆ ژنانی کورد بوارێکی نوێیە، بەڵام ژنانی کورد دەتوانن بە هەوڵ و ماندووبوونی زیاتر لەم بوارەشدا تواناکانی خۆیان بسەلمێنن. داواشیکرد ژنە دیپلۆماتکارەکانی کورد، کۆسپ و گرفتەکان ساردیان نەکاتەوە و بەردەوام بن لە پەرەپێدانی تواناکانی خۆیان، وەکچۆن ژنانی دیپلۆماتکاری وڵاتانی دیکە بە ماندووبوون و پێداگری زیاترەوە توانیویانە لە بواری دیپلۆماسیشدا سەرکەوتنی گەورە بە دەست بهێنن.
هەر لەو دیدارەدا کە چەندین ژنە دیپلۆماتکاری بیانی و ناوخۆیی و خوێندکارانی زانستە سیاسییەکان ئامادەی بوون، ژنە دیپلۆماتکارە بیانییەکانیش باسیان لە ئەزمونی بەشداری ژنان لە دیپلۆماسی وڵاتەکانی خۆیان کرد و ئاماژەیاندا بە کۆسپ و گرفتەکانی بەردەم دیپلۆماتکارانی ژن.
خۆشحاڵی خۆشیان دەربڕی کە لە کوردستان دیدار و کۆبوونەوەی لەم شێوەیە دەبەسترێت و ستایشی هەوڵەکانی جێگری سەرۆک وەزیرانیان کرد لە پشتگیریکردنی ژنان بۆ بەشداریکردنی زیاتر لە بواری سیاسەت و دیپلۆماسیدا.