دادگای فیدڕاڵی عێراق دوینێ چوارشەممە بڕیاری گواستنهوهی مووچهی مووچهخۆرانی ههرێمی دا بۆ سەر بانكە فیدڕاڵییەكان، هەردوو حكومەتی هەرێم و عێراقی پابەند كرد بە ڕادەستكردنی لیستی مووچەخۆران و پێدانی مووچەی مانگانە بە مووچەخۆرانی هەرێم.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەکر حهمهسدیق پارێزەری سکاڵای تایبەت بە مووچەی مووچەخۆران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، لە ١٤ی ئەیلوول ٢٠٢٣ لەلایەن ژمارەیەک مووچەخۆری هەرێمەوە وەک نوێنەرایەتی سەرجەم مامۆستایان، لە دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەک لە دژی حکومەتی هەرێم تۆمار کراوە، دادگا لە دانیشتنی چوارەمدا بڕیاری دا.
سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگا وتی، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دوو لە داواکارییەکانی مووچەخۆرانی هەرێمی تێدایە، ئەویش داواکردنی ئەو مووچانەیە کە نەدراوە، لەگەڵ جێبەجێکردنی یاسای بودجە وەک خۆی، تا مووچەخۆر نەبێتە قوربانی ململانێ سیاسیی و ئابوورییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا.
ئەوەشی خستەڕوو، بڕیارەکانی دادگای باڵا ئیلزامییە و حکومەتی هەرێم و ناوەند ناچار دەکات تەواوی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابین بکات، حکومەتی هەرێم تەواوی زانیارییەکانی ڕادەستی وەزارەتی دارایی و لیژنەی چاودێری دارایی عێراق بکات.
سەبارەت بە میکانیزمی دابەشکردنی مووچە ئاماژەی بەوەکرد، دابەشکردنی مووچە ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی بانکەکانەوە دەبێت، دادگا بڕیارەکەی داوە و تەنها جێبەجێکردنەکەی ماوە کە ئەویش ڕێکاری تایبەت بە خۆی هەیە.
وتیشی، گەڕانەوەی مووچە فەوتاوەکان، هەنگاوێکی دیکەیە و دەبێت یەکلا ببێتەوە لەوەی بەرپرسیاریەتی حکومەتی عێراقییە یاخود هەرێم، ئەو کاتە دەبێت بچینەوە بەردەم دادگا و سکاڵایەکی دیکە تۆماربکەین.
ناوبراو باسی لەوەکرد، ئەمە دەستکەوتێک نییە تایبەت بێت بە کەسێک و لایەنێک، دەتوانین بڵێین دەستکەوتێکی کوردستانییە.
د. موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، ئێمە دەسەڵاتە فیدڕاڵییەکان دژ بە کەموکورتی و گەندەڵی و حکومڕانی هەرێم بەکاردەهێنین، کە سزای مووچەخۆرانی هەرێم دەدەن.
ئاماژەی بەوەکرد، خەڵکی هەرێم پێش ئەوەی پەنا بباتە بەردەم دادگای فیدڕاڵی، ماوەی ٣٠ ساڵ و زیاتر مۆڵەتی دا بە حکومەت، کە بتوانێت سیستمێکی سیاسی و ئابووری تەندروست بونیات بنێن، کە خەڵک برسی نەبن و ناچارنەبن خۆپیشاندان بکەن.
سەبارەت بەو ڕەخنانەی لە بڕیارەکە دەگیرێت لەوەی دەبێتە هۆی لاوازکردنی دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم د.موسەنا ئەمین ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم بەم بڕیارە ناڕوخێت، ئەگەر بەرگری کردن لە مافی مووچەخۆران خیانەتە، ئەوا ئێمە بەشانازییەوە ئەو خیانەتە هەڵدەگرین، ئەوانە خیانەت دەکەن کە خەڵک برسی دەکەن، ڕێزگرتن لە دەستووری عێراقی تەنها زەمانە بۆ مانەوەی کوردستان، پەنابردن بۆ دادگا و ڕێزگرتن لە دەستوور تەنها پارێزەرە بۆ قەوارەی هەرێم.
مامۆستا عادل، یەکێک لە نوێنەرانی مامۆستایانی ناڕازی بۆ تۆڕی میدیای خەڵک ڕایگەیاند، دوو بڕگەی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی مایەی دڵخۆشی مووچەخۆرانە، لە دابەشکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا لەلایەن بەغداوە، لەگەڵ یەکلا کردنەوەی چارەنووسی سێ مووچەی ساڵی ڕابردوو کە دابەش نەکرا، هیوادارین دەسەڵاتدارانیش کێشە دروست نەکەن.
یەکێک لەو مووچەخۆرانەی کە بەشداربووە لە تۆمارکردنی سکاڵا لە دادگای فیدڕاڵی عێراق ڕایگەیاند، لە کاتی کردنەوەی دەرگای خوێندنگەکان خەباتی مەدەنی بۆ داواکردنی مووچە دەستی پێکرد، بیرمان لەوەکردوە کە لە ڕێگەی یاساییەوە داوای مافەکانی خۆمان بکەین، کە مووچەی هەرێم لە کێشە سایسییەکان بهێنرێتە دەرەوە، حکومەتی عێراقی پابەند بکرێت بە دابینکردنی مووچە مانگانە لە کاتی خۆیدا.