مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی کۆبووەوە و بڕیارەکانی دوێنێی دادگای فیدراڵی بە پێچەوانەی ڕۆحی دەستوور و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان وەسف کرد.
مەکتەبی سیاسی پارتی رایگەیاند، ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە سەرپەرشتی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی سەبارەت بە دوایین پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەكە، كۆبوونەوە.
ڕوونیشیکردەوە کە یەكێك لە تەوەرەكانی كۆبوونەوە، تاوتوێكردنی بڕیارەكانی دوێنیی دادگای فیدراڵی بوو و “ئەم بڕیارانە پێچەوانەی ڕۆحی دەستوور و مافە دەستووریەكانی هەرێمی كوردستان و بنەماكانی فیدراڵی و پڕەنسیپی لێكجیاكردنەوەی دەسەڵاتەكانن كە لە دەستووری عێراقدا جێگیر كراون”.
لەسەر ئەم بابەتە، مەكتەبی سیاسیی پارتی جەخت لەم خاڵانە کردەوە:
* داكۆكیكردن لە مافی پێكهاتەكان و پشتیوانیكردنیان لە بەشداریی و هاوبەشییان لە دامەزراوە دەستوورییەكان.
* پارتیمان پشتیوانیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكات تا وەكو لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی عێراق گفتوگۆكانی لەسەر شایستە داراییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوور، بەردەوام بێت.
* بڕیاری پەیوەست بە یاسای ژمارە (1) ی سالی 1992ی هەڵبژاردن و گۆڕینی بەشێك لە بڕگەكانی، پێچەوانەی دەستوور و سروشتی لێكجیایی دەسەڵاتەكانە.