دڵشاد ئەنوەر- ڕۆژنامەنووس
دادگای فیدراڵی عێراق بڕیاری لەبارەی دوو دۆسیەی گرنگی گرێدراو بە هەڵبژاردن و شایستە داراییەکانی مووچەخۆران دا، ڕەنگە بڕیارە گرێدراوەکانی بە یاسای هەڵبژاردن جێبەجێ بکرێن، لەکاتێکدا جێبەجێکردنی بڕیارەکانی سەبارەت بە مووچەی مووچەخۆران موستەحیل نییە، بەڵام قورس و ئەستەمە.
دادگای فیدراڵی عێراق، دادگایەکی زیاتر سیاسییە وەک یاسایی، بڕیارەکانی بەدڵی لایەنە شیعەکانە، هەرکات بیانەوێ بڕیاری پێ دەردەکەن، هەرکاتیش بیانەوێ بێدەنگی دەکەن. تەنانەت پێش دەرچوواندنی هەر بڕیارێک گروپ گەلێکی عێراق ناوەڕۆکی بڕیارەکانی دەزانن. نزیکترین نموونە کاندیدکردنی کوڕی سەرۆکی دادگایە لەلایەن هێزێکی شیعییەوە بۆ پارێزگاری دیالە، لەکاتێکدا تەمەن و خزمەتەکەشی پێچەوانەی مەرجەکانی بوون بە پارێزگار بوو، کەچی ئەو سەرۆک دادگایەی بەرگری لە یاسا دەکات لاری نەبوو لەسەر کاندید کردنی کوڕەکەی بە نایاسایی.
دەمەوێ بڵێم؛ دادگای فیدراڵی خەمی مووچەخۆری هەرێمی نییە و دژی خراپەکاری حزبی کوردیش نییە، بەڵکو لەکاتی پێویستدا بۆ فشاری سیاسی بڕیاری پێدەردەکرێ و لەکاتی ئاساییدا بێدەنگ دەکرێ.
بڕیارەکانی ئەمڕۆی دادگا کە پەیوەندیدارن بە شایستەی دارایی مووچەخۆرانەوە بڕیاری لاستیکین، نەک حەددی و یەکلایی کەرەوە، واتە دەکرێ بۆ فشار خستنە سەر هەرێم بەکاربهێنرێ و تەنازولی بەرامبەر هێزە شیعەکان پێ بکرێ و جێبەجێش نەکرێ، دەشکرێ لە حاڵەتی مل نەدانی هەرێم دا جێبەجێ بکرێ.
بە مانایەکی تر، بڕیارەکانی دادگا وەکو تیمارکردنی سەری قاچ شکاوێک وایە و سەرچاوەی کێشەکانی هەرێم چارەسەر ناکات، بەو واتایەی لە ڕووی تەکنیکییەوە هیچ کام لە هەرێم و بەغدا بەلایانەوە ئاسان نییە بڕیارەکان جێبەجێ بکەن، چونکە لە ڕووی ژمارەی مووچەخۆرەوە جیاوازی گەورە لە نێوان ژمارەکان هەیە، بەغدا ئامادە نییە مووچەی ملیۆن و ڕوبعێک مووچەخۆر بدات.
ئینجا لە ڕووی تەکنیکی، دامەزراندن و ڕاییکردنی مامەڵە و زۆر شتی ترەوە، زۆر قورسە وەزارەتی دارایی عێراق بتوانێت بەرپرسیارێتی ئەمانەی هەرێمیش بخاتە ئەستۆی خۆی، لەگەڵ زۆر لەمپەری تر.
بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق ئامانج لێی چارەسەرکردنی مووچەی مووچەخۆران نییە، بەڵکو سەرەتایەکە بۆ دەستپێکردنی کۆمەڵێک ڕێوشوێنی گەورەتر لە دژی هەرێم، کە بێگومان لە چەند مانگی داهاتوودا شایەتحاڵی بڕیاری تریش دەبین وەکو: داخستنی نوێنەرایەتییەکانی دەرەوەی هەرێم و شتی تریش.
چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەی مووچەخۆرانی هەرێم بەم جۆرە بڕیارانە ناکرێ، بەڵکو بە هەمواری یاسای بودجە، ناردنی بودجەی مانگانە و جیاکردنەوەی مووچەی موچەخۆران لە خەرجی فعلی هاوشێوەی ناوچەکانی تری عێراق و چاودێری دابەشکردنی دەکرێت، بە جۆرێک دڵنیایی هەبێت مووچەکە بێ کەم و کوڕی و لەکاتی خۆیدا بگاتە دەست مووچەخۆر.