وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، هۆشداریی دەداتە ئەسینا سەبارەت بە دەرەنجام و ئاكامی پێشێلكردنی ڕێككەوتنی نێوانیان، گەر یۆنان بڕیار بدات سیستمی مووشەكی “ئێس-300″ی دروستكراوی ڕووسی، بۆ ئۆكراینا بگوازێتەوە.
ماریا زاخارۆڤا وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە لێدوانێكی ڕۆژنامەنانیدا ڕایگەیاند:”بەدواداچوون بۆ هەموو ئەو كەرەستە سەربازییانە دەكەن كە بۆ كێیڤ ڕەوانە دەكرێت، لە كاتی گونجاویشدا ئەو كەرەستانە دەكەنە ئامانج و تێكیان دەشكێنن، بۆیە بەر لەوەی كاتەكان تێبپەڕن، دەكرێت واز لە پیلانە مەترسیدارەكان بهێنن، جارێكی تر سەركردایەتی یۆنان ئاگاداردەكەینەوە لەو ڕووەوە بەرپرسیارێتی لەئەستۆبگرن”.
بە وتەی زاخارۆڤا”بەرپرسانی ئەسینا بەلایانەوە گرنگ نییە، گەر چەك بۆ ناوچەی شەڕ ڕەوانە بكەن دەبنە هاوبەشی ڕاستەخۆی نازییە نوێیەكانی ئۆكراینا كە جەنگێكی تاوانكاریيان دژ بە دانیشتوانی مەدەنی لە ناوچەی دۆنباس و وابۆرۆژیا و خێرسۆن بەرپا دەكەن، بگرە جەنگییان دژ بەو كەسانەش بەرپاكردووە كە بە ڕەچەڵەك یۆنانین و لەوێ دەژین”.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا دەڵێت”پێشێلكردنی ڕێككەوتنە حكومییە نێودەوڵەتییەكانی نێوان ڕووسیا و یۆنان كە هەناردەكردنی بەرهەمە سەربازییەكانی ڕووسیا بۆ وڵاتی سێیەم قەدەغە دەكات بەبێ ڕەزامەندی ڕووسیا، ئاكامی خراپى دەبێت”.