ئەمڕۆ دادگای باڵا بڕیاریدا بە دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغداوە و دەبێت هەردوو حکومەتی هەرێم و ناوەند پابەندی بن.
لەم بارەیەوە( خەڵک )پرسیار دەکات، لەدوای ئەم بڕیارە (پرۆژەی هەژماری من) ی حکومەتی هەرێمی کوردستان چی لێدێت؟ ئایا عێراق لەڕێگەی ئەو پرۆژەیەوە مووچە دەنێرێت؟
بۆ وەرگرتنی زانیاری خەڵک پەیوەندی بە بەکر حەمەسدیق پارێزەری یەکگرتوو لە دۆسییەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم کرد، و لە لێدوانێکدا بۆ خەڵک ڕایگەیاند، لەدوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی حکومەتی ناوەند و وەزارەتی دارایی عێراق پابەند دەکرێن بە ناردنی مووچە لە ڕێگەی هەژمارێکی تایبەت بە فەرمانبەران لە بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی عێراق،
سەبارەت بە پێدانی مووچە لە پرۆژەی هەژماری من بەکر حەمەسدیق وتی” پرۆژەی هەژماری من پرۆژەیەکی تایبەتی کەرتی تایبەتە، حکومەتی ناوەند و وەزارەتی دارایی عێراق مامەڵە لەگەڵ پرۆژەی تایبەتی ناکات، بۆیە دەبێت خۆی لە ڕێگەی بانکەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی و لە ژێر چاودێری دوانی چاودێری دارایی عێراق، هەژماری بانکی دروست بکات و لەوێوە پرۆسەی پارەدارکردن و دابەشکردنی مووچە بەردەوامبێت”.
وتیشی” بەپێی بڕیارەکە پارەکە لەلایەن بانکێکی فیدڕاڵییەوە دەنێردرێت و دەبێت دیوانی چاودێری دارایی عێراق سەرپەرشتی پرۆسەکە بکات، کە ئەمەش حکومەتی هەرێم نیگەران دەکات “.
بەکر حەمەسدیق ئهو پارێزهرهى كه سكاڵاى تایبهت به گواستنهوهى مووچهى مووچهخۆرانى ههرێمی لە نێو دادگای باڵای فیدڕاڵی بردەوە، سکاڵاکە لەسەر نەدانی مووچە و دواکەوتنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بوو، ئەمڕۆش بڕیاری کۆتایی دراو لەبەرژەوەندی مووچەخۆران بڕیارەکە دەرکرا، ئەوەی ماوەتەوە پابەندبوونی حکومەتی هەرێم و ناوەندە بە بریارەکانی دادگای باڵاوە.