دوابەدوای بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ پابەند كردنی هەردوو حكومەتی عێراق و هەرێم بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران بەشێوەی مانگانە و بێ دواكەوتن ڕاستەوخۆ لەڕێگەی بانكە فیدڕاڵییەكانەوە، پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا ڕایدەگەیەنن، دەبێت حكومەتی هەرێم پابەندی بڕیارەكەبێت، بەپێچەوانەوە گرفتی گەورەتری بەدوادادێت.
غەریب ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكێتی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، دادگای باڵای فیدڕاڵی كۆتایی بەكێشەی مووچە دەهێنێت و هەردوو حکومەتی ئیتحادی و هەرێم پابەند دەکات مووچەی هەرێم لەرێگای بانکە ئیتحادییەکانەوە لە عێراق بدرێت.
لای خۆشیەوە، دارا سێكانیانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بۆ (خەڵك) وتی، “ساڵانێكی زۆرە فەرمانبەران و خانەنشینان و بەگشتی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی سەختی داراییدان، كە بۆیان دروست كراوە لەلایەن بەرپرسانی هەرێمی كوردستانەوە”.
ڕاشیگەیاند، دوای ئەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان ڕژانە سەر شەقامەكان و بایكۆتی دەوامیان كرد، داوای شایستە داراییەكانی خۆیان كرد، كە مافێكی سەرەتایی ژیانیانە، بەڵام حكومەتی هەرێم وەكو پێویست وەڵامی نەدانەوە و پێیی دەوتن بڕۆن لە بەغدا داوای مووچە بكەن، بۆیە هاووڵاتیانی هەرێم بووبوونە قوربانی ململانێی سیاسی نێوان هەردوو حكومەتی فیدڕاڵی و هەرێم.
وتیشی، “لەڕوانگەی هەرستی بەرپرسیارێتیمانەوە سكاڵامان تۆماركرد لە دادگای فیدڕاڵی و داوای شایستە داراییەكانی هەرێم و مووچەی مووچەخۆرانمان كرد، ئەمڕۆش دادگا بڕیاری كۆتایی دا لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان و هەردوو حكومەتی پابەند كردووە تاوەكو مووچەی مووچەخۆران بدەن”.
سەبارەت بە ئەگەری پابەند نەبوونی حكومەتی هەرێم و عێراق، جەختی كردەوە، بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دوو ڕەهەندی زۆر گەورەی تێدایە، كە یەكەمیان “باتە” و ناتوانرێت تانەی لێ بدرێت و دووەمیشیان “پابەندكارە” واتە دەبێت جێبەجێ بكرێت و هەردوو حكومەت پابەند بن.
ئاماژەی بەوەشكرد، هیوادارین حكومەتی هەرێم پابەندی بڕیارەكەبێت، چونكە دادگای فیدڕاڵی دەتوانێت ڕێكاری دیكەش بگرێتەبەر لەحاڵەتی پابەند نەبوون بە بڕیارەكانییەوە و دوور نییە ڕێكارەكان بە زیانی زۆر گەورە بۆ هەرێمی كوردستان بشكێتەوە.
ڕوونیشی كردەوە، ئەم دەسەڵاتدارانەی هەرێم بەرپرسانە مامەڵەیان نەكرد و كارێكیان كرد پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاكان و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی هەرێم هەڵوەشانەوە.
بۆ وەرگرتنی ڕای پارتی دیموكراتی كوردستان و حكومەتی هەرێمیش (خەڵك) پەیوەندی كرد بە ڤیان سەبری، سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق و پێشەوا هەورامانی، وتەبێژیی حكومەتی هەرێم، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەكانیان نەدایەوە.