دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا بە ڕەتكردنەوەی دوو سكاڵای تۆماركراو بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك.
بەپێی بەدواداچوونی (خەڵك) هەریەك لە محەمەد مەهدی بەیاتی، سەرۆكی قەوارەی كەركونا و ئەمیل بترۆس، كاندیدی دەرنەچوی كۆتای مەسیحی لە پارێزگای كەركوك دوو سكاڵایان لەبەردەم داگای فیدڕاڵی عێراق كرد و داوایان كردووە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركوك هەڵبوەشێنێتەوە.
لە سكاڵاكە ئاماژە بەوەكرابوو، پێش هەڵبژاردن وردبینی لەتۆماری دەنگدەرانی پارێزگاكە نەكراوە .
ئەمڕۆ سێ شەممە 20ی شوباتی 2024، دادگای فیدڕاڵی هەردوو داواكەی ڕەت كردەوە بەپاساوی ئەوەی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك لە تایبەتمەندی و پسپۆڕی دادگاكە نیە.