قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیران سەردانی ژووری بازرگانی پارێزگای سلێمانی کرد و پشتگیری خۆی بۆ دووپات کردنەوە و ڕایگەیاند، “ڕێگە نادەین هیچ کەس و لایەنێک کێشە بۆ بازرگان و وەبەرهێنەران دروست بکات”.
قوباد تاڵەبانی دوای گوێگرتن لە کێشە و گرفتەکانی بەردەم بازرگانان و وەبەرهێنەران، ئاماژەی بە هەوڵەکانی چەسپاندنی سەروەری یاسا کرد، دڵنیایی پێدان کە چیتر بە هیچ شێوەیەک ڕێگە نادەن هیچ کەس و لایەنێک لە ڕێگەی سەرانە وەرگرتن و یان هەر هەوڵێکی هاوشێوەی دیکە کێشە و گرفت بۆ وەبەرهێنەر و بازرگانان دروست بکات.
وتیشی، ستراتیژی ئێمە بە هێزکردنی کەرتی تایبەتە، بە هەموو تواناوە پشتگیری بازرگان و وەبەرهێنەران دەکەین، لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت ڕاسپێردراون کارئاسانی بکەن لە پێناو کەمکردنەوەی ڕۆتین لەبەردەم کارەکانیان.
لە کۆتایی کۆبوونەوەدا قوباد تاڵەبانی دەستخۆشی لە بازرگان و وەبەرهێنەرانی سلێمانی کرد و ئەو فەرمانگانەی هاوکار بوون بۆ ئەوەی سلێمانی ساڵی ٢٠٢٣ لە ژمارەی پڕۆژەدا پێشەنگ بێت.