ئەمڕۆ یەك شەممە 18ی شوبات، دادگای باڵای فیدڕاڵی عێراق بۆ سێ دۆسیەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان كۆبووەوە، كە دووانیان تایبەت بوون بە مووچە و یەكێكیان تایبەت بوو بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و دادگا بڕیاریدا ڕۆژی چوار شەممەی ئەم هەفتەیە 21ی شوبات بڕیاری كۆتایی لەسەر پرسی مووچە ڕابگەیەنێت.
دكتۆر ڕەعد، ڕەفعە سەرۆكی بۆردی توێژینەوەی ستاندەر ڕایگەیاند، دانیشتنی دادگای فیدڕاڵی لەسەر سكاڵاكە لەسەر سەرۆكی حكومەتی هەرێم و سەرۆك وەزیرانی عێراق بەهۆی دابەشنەكردنی مووچەی مامۆستایان و مووچەخۆران لەكاتی خۆیدا بەگوێرەی یاسا، بۆ سێ ڕۆژی دیكە دواخرا.
وتیشی، “نوێنەری حكومەتی هەرێم داوای كاتی زیاتری كرد، بەڵام سەرۆكی دادگا ڕازی نەبوو، بڕیارە ڕۆژی ۲۱ی ۲ی ۲۰۲٤ دادگای فیدڕاڵی بڕیاری خۆی بدا و كۆتایی بە سكاڵاكە دێت”.
جەختیشی كردەوە، “هەڵوێستی دادگای فیدڕاڵی تا ئێستا لەسەر داكۆكی لە مووچەخۆرانی هەرێم زۆر ئیجابیە و وتی: هیچ پاساوێك بۆ نەدانی مووچە لەكاتی خۆیدا قبوڵكراو نیە، بۆیە گەشبینین بڕیاری كۆتایی لە بەرژەوەندی مامۆستایان و فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێم دەدرێت”.
ئەو دوو سكالایەی تایبەتن بە مووچە یەكێكیان لەلایەن ژمارەیەك مامۆستاوە لەسەر هەردوو سەرۆك وەزیرانی عێراق و هەرێم تۆماركراوە بەهۆی دابەشنەكردنی مووچە و نەدانی چەند مووچەیەكی ساڵی ڕابردوو، دۆسیەكەی دیكەیان پەرلەمانتارێكی عێراقی (مستەفا سەند) لەسەر سەرۆك وەزیرانی عێراق تۆماری كردووە دژی ناردنی سێ گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم.
هەر بەپێی زانیارییەكان، دۆسیەی تایبەت بە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، كە لەلایەن زیاد جەبار، پەرلەمانتاری ێشووی یەكێتی تۆماركراوە، دواخراوە بۆ چوار شەممە و هەر ئەو ڕۆژە بڕیاری كۆتایی تیایدا ڕادەگەیەنرێت.