بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی هەولێر ڕایگەیاند، بە پشت بەستن بە راپۆرتی كەشناسی بۆ سبەینێ بارانبارین بە پچڕپچڕ دەبێت و ئەوەش كاریگەری ئەوتۆی نابێت لەسەر دەوامی خوێندنگەكان و دەوام لە ناوەندەكانی خوێندن لە هەولێر ئاساییدەبێت.
لە راگەیەندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی هەولێر بڵاویکردووەتەوە و دەڵێت:” بە پشت بەستن بە ڕاپۆرتی كەشناسی بۆ سبەینێ بارانبارین بە پچڕپچڕ دەبێت ئەوەش كاریگەری ئەوتۆی لەسەر دەوامی خوێندنگەكان نابێت، بۆیە سبەینێ یەكشەممە لە سەرجەم ناوەندەكانی خوێندن لە هەولێر دەوام ئاسایی دەبێت.
ئەوە لە کاتێکدایە لە رۆژی چوارشەممەی رابردووەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە ولە هەولێر و ئیدارەی گەرمیان زیانی ماددی بە چەند ماڵ و شوێنی کارکردنی هاووڵاتییان گەیاندووە و بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت: سبەینێ یەکشەممە بە گشتی ناوچەكە بارانبارینی پچڕپچڕی دەبێت لە كاتی جیاجیا، بەڵام لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان بارانبارین زیاتر دەبێت بەراورد لە ناوچەكانی تر تاكو شەو كاریگەرییەكە لاواز دەبێت..