سەرۆكی فڕاكسیۆنی یەكێتی و سەرۆكی لیژنەی دارایی و ئابووری لەپەڕلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، نزیك دەبینەوە لە ١٠ ساڵ كە هەرێمی كوردستان بەبێ یاسای بوودجە بەڕێوەدەچێت، دوو خولی پەڕلەمان و كابینەی ٨ و ٩ی حكومەت بەبێ یاسای بوودجە بووە ئەمەش خاڵی لاوازی حكومڕانییە
زیاد جەبار، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ (خەڵك) دەڵێت, دەبێت حكومەت لەو داهاتانەی هەیەتی پڕۆژە یاسای بوودجە ڕەوانەی پەڕلەمان بكات و یاساكەی دەربچێت، جەختیش دەكاتەوە ئەو پڕوپاگەندانەی دەكرا لەدیارنەمانی داهاتی سلێمانی بۆ بەئامانج گرتنی سلێمانی بووە ئێستا دانانی ماڵپەری شەفافیەت ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانە بەدرۆدەخاتەوە.
لە نەبوونی یاسای بوودجە چی درووست دەبێت؟
زیاد جەبار: نزیك دەبینەوە لە ١٠ ساڵ كە هەرێمی كوردستان بەبێ یاسای بوودجە بەڕێوەدەچێت، دوو خولی پەڕلەمان و كابینەی ٨ و ٩ی حكومەت بەبێ یاسای بوودجە بووە ئەمەش خاڵێكی لاوازە لە هەر حوكمڕانییەك بێت، چونكە نەبوونی یاسای بوودجە ناشەفافی و نادادپەروەری و تاكڕەوی لەحوكمڕانی درووست دەبێت، ئەو ناشەفافی و نادادپەروەرییەی لەهەرێمی كوردستان باس دەكرێت بەشێكی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی یاسای بوودجە، هەروەها بەهۆی نەبوونی ئەو یاسایەوە ئێستا هیچ بەڕێوەبەرایەتییەك یان وەزارتێك نازانێت بەرنامەی ساڵی ٢٠٢٣ی چیە و دەتوانێ چ كارێك پێشكەش بكات، بەڵكو ئەمانە دەبرێنەوە بەردەمی سەرۆكی حكومەت لەدەسەڵاتی كەسی یەكەم كۆدەكرێنەوە تاوەكو خۆی بڕیاربدات، ئەو گلەیی و ڕەخنانەی ئێستا هەیە لەسەر ناشەفافی و نادادپەروەری كە لەنێوان شارێك بۆ شارێكی دیكە یاخوو دامەزراوەیەك لەگەڵ دامەزراوەیەكی تر بریتیە لەنەبوونی یاسای بوودجە، چونكە ئەگەر یاساكەت هەبوو داهات و خەرجیەكانی تێدا ڕووندەكرێتەوە و جۆرێك لەشەفافیەت لەخەرجی و داهات درووست دەكات، لەڕابردووشدا لەڕاگەیاندنی كارنامەی حكومەت بەڵێندرا پڕۆژە یاسایی بوودجە ڕەوانەی پەڕلەمان بكرێت، لەساڵی ٢٠١٩ زۆر هەوڵدرا حكومەت پرۆژەكە ئامادەبكات نەكرا، لە ٢٠٢٠ و ٢٠٢١ وەزارەتی پلاندانان و دارایی لەگەڵ وەزارەتەكان كۆبوونەوە و پڕۆژەیەكیان ئامادەكرد ناردیان بۆ ئەنجوومەنی وەزیران، بەڵام پەسەند نەكرا و نەهێنرایە پەڕلەمان، بەچەندین یاداشت داوای پرۆژەیاسای بوودجەمان كردووە نەبووە چاوەڕوانین تائێستا، ڕاستە لەڕابردوو حكومەت بیانووی هەبووە بۆ نەبوونی یاساكە بەڵام ئەگەر تەنها لەسەر داهاتە ناوخۆییەكانیش بێت پێویستە حكومەتی هەرێم پڕۆژە یاسای بوودجە ڕەوانەی پەڕلەمان بكات و یاسای پێ دەربچێت، لەم خولەی پەڕلەمانیش یەكجار (بیان مالی) ڕەوانەی پەڕلەمان كراوە، كە پێویست بوو ساڵانە ئەوە بنێردرێتە پەڕلەمان، ئەمەش وایكردووە جۆرێك لە ڕووگیری بۆ پەڕلەمان و دامەزاراوە چاودێرییەكان لە هەرێمی كوردستان درووستكردووە، چونكە یاسای بوودجە نەبێت بۆ پەڕلەمان ئاسان نییە بەدواداچوون بكات، بەڵام ئەگەر یاساكە هەبێت دەتوانرێت بەدواداچوون بكرێت، بۆیە دەبێت حكومەت لەو داهاتانەی هەیەتی پڕۆژە یاسای بوودجە ڕەوانەی پەڕلەمان بكات و یاساكەی دەربچێت.
داهاتی هەرێم ئێستا چەندە؟
زیاد جەبار: لەپەڕلەمانی كوردستان هیچ كەسێك ناتوانێت بڵێت داهاتی هەرێمی كوردستان لەمانگی ١١ی ڕابردوو بریتی بووە لەم بڕە و ناشەفافە، داهاتەكان جۆراوجۆرە و ئەو ژمارانەی دەدرێن ژمارەی جۆراوجۆرن داهاتی نەوت دیار نییە بەچەند فرۆشراوە و چەندی كردووە و بڕەكەی چەند بووە وەك ئەوەی لەعێراق سۆمۆ بڵاوی دەكاتەوە، لە ٢٠٢١ كاتێك یاسای بوودجەی عێراق دەرچوو بەبڕێكی زۆر كەمتر لەنرخی سۆمۆ نەوتی هەرێم دەفرۆشرا، بەڵام دوای بڕیاری دادگای فیدڕالی ئێستا بەنرخی كەمتر نەوتی هەرێم دەرفرۆشرێت، چونكە كۆمپانیاكان بەهەڵوەستەكردن لەسەر نەوتی هەرێم نەوتەكە دەكڕن بەنرخی كەمتر، هیچ ژمارەیەكی دیاری كراومان لانییە، كە چوار سەرچاوەی داهاتمان هەیە ئەویش نەوت كە گەورەترینیانە دواتریش داهاتی ناوخۆ وەك باج و ڕسومات و هەروەها هاوكارییەكانی هاوپەیمانان و گومرگەكان، بۆیە ناتوانرێت هیچ ژمارەیەك لەسەر بڕی داهاتی هەرێم بوترێت چونكە دیار نییە.
پەڕلەمان هەوڵی نەداوە پڕۆژە یاسای بوودجە هەبێت؟
زیاد جەبار: لەپەڕلەمانی كوردستان سەرجەم ڕێكارە یاساییەكانمان بۆ هێنانی پڕۆژە یاسای بوودجە كردووە، بەڵام حكومەت بۆچی پڕۆژەكە نانێرێت، پەڕلەمان بەپێی پەیڕەو دەتوانێت لێپرسینەوە لەحكومەت بكات، بەڵام دۆخی كوردستان و پەڕلەمان دەزانرێت چۆنە ئاسان نییە ئەم حكومەتە بانگبكرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت.
بڵاوكردنەوەی داهاتی هەرێمی كوردستان رۆژانە متمانە دروست دەكاتەوە؟
زیاد جەبار: دادپەروەری و شەفافیەت دوو بنەمای باشی حوكمڕانیین، ئەگەر ئەو دووبنەمایە وەكو خۆی نەبێت كەواتە حوكمڕانییەكی باش نییە، لەهەرێمی كوردستان ئەوەی هاوڵاتی گلەیی هەیە بەهۆی نادادپەروەری لەنێوان شارو شارۆچكەكان دەكرێت، نەشافافیەتیش لەداهات و خەرجی كە هەبووە زۆر قورس بووە دەزگای ڕاگەیاندن و پەڕلەمانتار و دەزگا چاودێرییەكان زانیاریان دەست بكەوێت ئەمەش وایكردووە متمانەی نێوان هاووڵاتی و حكومەت زۆر لاوازبێت، بۆ ئەوەی ئەو متمانەیە بگێڕیتەوە شەفافیەت درووست بكەیت، پێوستە داهاتەكانی هەرێم و خەرجیەكانی بەسەرجەم داهاتەكانی شەفاف بیت، بەتایبەت ماوەیەك زۆر هێرشی بێویژدانانە دەكرێتە سەر سنووری سلێمانی كە پارە ناگەڕێتەوە بۆ حكومەت و داهات دیار نییە و كۆناكرێتەوە، لەكاتێكدا خۆ داهات دینار بەدینار كۆناكرێتەوە ڕەوانەی هەولێربكرێت ئینجا بگەڕێتەوە سنووری سلێمانی، چونكە بانك هەیە لەپێنجوێن و زاخۆ و گەرمیان و سەرجەم شوێنەكان كە داهاتی دەچێتە ناو هەمووشی سەربەحكومەتە، لەڕابردووش سیستەمێكی ئەلیكترۆنی هەبوو كە هەموو خاڵە سنوورییەكان بەیەكەوە بەسترابوونەوە لەبەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ و وەزارەتی دارایی، تەنها گومرگی ئیبراهیم خەلیل نەبێت كەماوەیەكی زۆر بەم سیستەمە نەبەسترا، ئێستاش زانیاریمان نییە ئەویش بەسیستەمەكە بەستراوەتەوە یان نا، هەموو ئەمانە لەڕێگەی ئەو سیستەمەوە داهاتەكانیان لەڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرگ دەزانرا، بەڵام ئەو پڕوپاگەندانەی دەكرا بۆ بەئامانج گرتنی سلێمانی بووە ئێستا دانانی ماڵپەری شەفافیەت ئەو دەنگۆ و پڕوپاگەندانە بەدرۆدەخاتەوە، هەروەها هەنگاوێكی كاریگەر و گرنگە كە تائیستا لەسەر ئاستی عێراقیش كاری لەم شێوەیە نەكراوە، پەیامێكی گرنگە بۆ هاووڵاتییان و حكومەت كە لە سنووری دووپارێزگا و ئیدارەی سەربەخۆ سیستەمی شەفافیەت ڕاگەیەنرا، لەداهاتووش سیستەمی خەرجیەكانیش لەم سنوورە ڕادەگەیەنرێت، بۆیە داوا دەكەین حكومەت لەسنووری هەولێر و دهۆك بەهەمان شێوە ئەو سیستەمە بۆ داهاتە نانەوتیەكان جێبەجێ بكات كەماوەی تەنها نزیكەی سێ مانگی پێویست دەبێت بۆ جێبەجێكردنی تاوەكو متمانە بگەڕێتەوە بۆ هاوڵاتیان، لەداهاتووش دەتوانرێت بۆ داهاتی نەوتیش هەمان كاربكرێت.
سلێمانی بۆچی كورتهێنانی هەیە لەبوودجە؟
زیاد جەبار: لە مووچەی مانگی ١١ بۆ سنووری پارێزگای سلێمانی ٢٨٥ ملیار دینار دراوە بۆ مووچە ١٥ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری پێویستە بۆ گەنجینەكان، ٣٦٤ ملیار دینار پێوستە بۆ مووچەی ئەو سنوورە كەواتە ئەوەی ڕەوانە كراوە و دەبێتە خەرجی بۆ مووچە و گەنجیەكان نزیكەی ٩٠ ملیار و ٤٨٠ ملیۆن دینار كورتهێنانی بۆ مووچە بۆ درووست بووە، لەكاتێكدا ئەو بڕە پارەیەش كە ٢٨٥ ملیار دینارە لەداهاتی ناوخۆی سلێمانی دابین دەكرێت بەنووسراوی وەزارەتی دارایی كە ئاڕاستەی بانكەكانی دەكات لەسلێمانی بانكی ئاشتی و هەولێر و دهۆك بانكی قەڵاومنارە پارە تەمویل دەكرێت، ئەوەش نادادپەروەییە هەرچی پڕۆژەی خزمەتگوزاری هەیە لەسنووری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین وەستاون بەهۆی نەبوونی پارە، ئەوەی دەنووسرێت ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاریدا بڕی ئەوەندە پارە بۆ گەرمیان یان شوێنەكانی تر تەرخان بكرێت بۆ فڵان پڕۆژە لەسلێمانی، تەنها ئیمزاكە ئەوان دەیكەن ئەوەی تر لەسەر داهاتی ناوخۆی سلێمانی پارەكە تەرخان دەكرێت، ئەمەش وایكردوە نادادپەروەری درووست بێت، لەكاتێكدا پێویستە داهاتی هەموو سنوورەكان كۆبكرێتەوە و جارێكی تر داهاتەكان بەسەر ناوچەكان بەبێ جیاوازی بەسەر سێكتەرەكان بەكاربهێنرێت، تەنها لەدەروازەی ئیبراهیم خەلیل ساڵانە ٢٢ ملیار دۆلار ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەكرێت وەك تاكە دەروازە لەنێوان عیراق و توركیا، سلێمانی تەنها لەگەڵ ئێران دەروازەی سنووری هەیە، هەروەها ناكرێت هەولێر بەراورد بكرێت بەسلێمانی كە پایتەختە و سەرووی ٣٠ هەزار كۆمپانیا كار دەكەن و باج دەدەن لەسلێمانی تەنها ٧ هەزار كۆمپانیا باج دەدەن، بەشێكی زۆری داهاتی سلێمانیش بۆ هەولێر دەگەڕێتەوە, ئەگەر باجی بارهەڵگرێك ١٠ هەزار دۆلاربێت لە پەروێزخان بەپێی پێسناسی گومرگی لەهەرێم، بەڵام بەخاڵی سنووری مونزڕیە كە عێراق سەرپەرشتی دەكات بە ٣ هەزار دۆلار داخڵی دەكات، بۆیە بازرگانان ڕوو لەم خاڵە سنووریە دەكەن پارەیەكی زۆریان بۆ دەگەڕێتەوە كە ئەمەش بۆ پێناسی گومرگری عیراق و گەندەڵی لەم خاڵە سنووریانەی عیراق دەگەڕێتەوە.
چۆن چارەسەری كێشەكان دەكرێت؟
زیاد جەبار: پێویستە یەكێتی و پارتی لەئاستی باڵا دانیشتن بكەن و ڕێككەوتنێك بكرێت بەتایبەت لەسەر ئەو ڕێككەوتنەی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێممان پێكهێنا پێداچوونەوەی پێدا بكرێت.
حكومەت بەگەیشتنی ٤٠٠ ملیاردینارەكە مووچە دابەش دەكات؟
زیاد جەبار: ئەو ٤٠٠ ملیار دینارەی كە بڕیارە بگاتە هەرێمی كوردستان، دوای دەیان دانیشتنی جێگری سەرۆكی حكومەت كە بەسەرۆكایەتی شاندێكی حكومەت لەبەغداد كۆبوونەوە و ڕێككەوتن كرا پشكی هەرێم پارێزراوبێت، ئەم ڕێككەوتنەش وایكرد نرخی نەوتی هەرێم بەرزبێتەوە، لەڕێككەوتنەكەش چەندین میكانزم دیاری كران جێبەجێ بكرێن، بەڵام تاجێبەجێكردنی ئەو میكانزمانە بڕیاردرا مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بۆ تەمویلی مووچە ڕەوانەی هەرێم بكرێت، بەڵام دوای هەڵبژاردن ماوەیەك ئەو پارەیە ڕاگیرا، دوای پێكهێنانی كابینەی حكومەت لەعێراق لەدانیشتنی ماڵی مام ڕێككەوتن كرا پشكی هەرێم بگەڕێتەوە، چونكە كورد لەسەر ئەو بنەمایە بەشداری لەحكومەت كرد تا یاسای بوودجە دەردەچێت، شاندی هەرێمیش چووە بەغداد بۆ ئەوەی پشكی هەرێم دیاری بكرێت، ئەگەر ئەو ٤٠٠ ملیار دینارە بێتە هەرێم دەبێت بەگەیشتنی حكومەت مووچەی مانگی ١٢ دەست پێبكات، بەڵام ئایا حكومەت مووچەی مانگی ١٢ دابەش دەكات یان نا ئەوە دەبێت وەزارەتی دارایی وەڵام بداتەوە.