ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا بە دامەزراندنی خاوەن بڕوانامە باڵاكان، كە دەرچووی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانن بەو مەرجەی لە دامەزراوەكانی عێراق دەوام بكەن.
د. مەحمود تەمیمی، سەرۆكی ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدڕاڵی ڕایگەیاندووە، هەموو هەڵگرانی بڕوانامەی خوێندنی باڵا (ماستەر و دکتۆرا)ی دانیشتووی هەرێمی کوردستان، كە دەرچووی زانكۆكانی هەرێمن مافیان هەیە و دەتوانن لە ڕێگەی ئەنجوومەنی ڕاژەی فیدڕاڵییەوە داوای دامەزراندن پێشکەش بکەن بە مەرجێ ئامادەبن لە دامودەزگاکانی حکومەتی فیدڕاڵی کاربکەن.
ڕاشیگەیاندووە، لە ٢٠/٣/٢٠٢٤ ەوە بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ لینکی دامەزراندن دەکرێتەوە.
تەمیمی، بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) پێشتر ڕایگەیاندووە، هەموو ڕێکارە تەکنیکیەکان تەواو بوون بۆ دەستپێکردنی فۆڕمی دامەزراندن بۆ (31) هەزار پلەی وەزیفی دەرچووە یەكەمەكان و ئەوانەی بڕوانامەی باڵایان هەیە.
ڕاشیگەیاندووە، ئەنجوومەنی ڕاژەی گشتی بە شێوەیەکی تاکلایەنە کارناکات، بەڵكو هاوبەشی سەرەکی و تاکەکەسی هەیە کە لە پەیوەندی بەردەوامدان و هیچ بەربەستێک نییە لە ئێستادا، بەڵکو تەنها ڕێکارە کارگێڕییەکان ماون.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتر ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا لە كاتی دامەزراندنی دەرچووە یەكەمەكان و خاوەن بڕوانامە باڵاكاندا، هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە و هەر لەو چوارچێوەیەشدا وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم لیستی ناوی یەكەمەكان و خاوەن بڕوانامە باڵاكانی ڕەوانەی حكومەتی عێراق كردووە.