فێربوون و هاندان جیاوازن
بەگشتی ئێمە فێری پڕۆسە نەکراوین، پێناسەی پڕۆسە بریتیە لە “زنجیرەیەک کردار و هەنگاو تا دەمانگەیەننە ئامانجی کۆتایی”، کاتێک ناو دەنوسین بۆ کۆرسێک، دڵمان خۆشە و چاوەڕوانی فێربوونی شتی نوێین، لەکاتێکدا کۆرس تەنها پێدانی کلیلەکانی کۆشکێکی نوێیە کە لەڕێیانەوە دەتوانین دەرگاکان بکەینەوە و چێژ لە جوانی و خۆشی نهۆمەکان و ژوورەکان ببینین، بێگومان بەبێ کلیلەکان ڕێگەی چونەژوورەوە نییە، چەند هەوڵیش بدەین ناتوانین.
بەڵام ئایا وەرگرتنی کلیلەکان گەرەنتی چونە ناوەوە و چێژبینین دەکات؟ بێگومان نەخێر. با بڵێین باشترین کۆرس وەردەگریت و زۆریشت بەدڵە، با سەرەتا بڵێم کۆرسی باش و کۆرسی خۆش دوو شتی جیاوازن، بە بۆچوونی من لای ئێمە خەڵک حەزی لە کۆرسی خۆشە نەک باش.
خەڵکی ئێمە سادەیە، ئەوەندەی بە ڕووکەش و قسەی خۆش بڕیار دەدات ئەوەندە توانای جیاکردنەوەی ناوەڕۆکی باش و خراپی نییە، تەنانەت کە لە زانکۆش بووم ئەو مامۆستایانە فیدباکی باشیان وەردەگرت کە قسە خۆش بوون، یارمەتی خوێندکارەکانیان دەدا، نەک ئەوانەی کە توانای زانستیان باشبوو و بە کرداری دەکرا لێیانەوە فێرببین.
لە ئەوروپا پێچەوانەیە، ئەوە ناخوا قسەت خۆشبێت و تەلەبە دەرچێنیت، لە زانکۆی فلیپس ماربورگ پرۆفیسۆر هایۆ و پرپفیسۆر ڕاپ زۆر ڕەزا سوک نین و قسە خۆشیش نین، بەڵام لە خوێندکارەکانی بەشی دارای و بزنز بپرسە پێتدەڵێن ئەو دوانە زۆر بەتوانان هەرچەندە خۆشمان ناوێن.
کۆرسی باش ناوەڕۆکەکەی قوڵە و کەسی شیاو ئامادەی کردووە، زۆر دەمێکە خەریکم و حەزدەکەم پڕۆگرامێکی بواری دارای بخەمە بەردەست لە کوردستان، بەڵام ترسم هەیە لە هەزمکردنی لەلایەن خەڵکەوە. ئەگەر بمەوێت بە کرداری خەڵک فێرببێت دەبێ کۆرسەکان بە قوڵی بهێڵمەوە، ئەگەر سادەی بکەمەوە ئەزانم بەدڵیان دەبێت، بەڵام نازانم بەکەڵک دێت یان نا.
هۆکارەکان زۆرن بۆ جیاوازی گەورەیەی کوردستان و ئەوروپا، بەڵام سەرەکیترینیان سادە و ساکاری خەڵکی خۆمانە، کە ویستی ناچێتە بابەتی قوڵ، حەزدەکات لە هەموو شتێک شتێکی سادە بزانێ و تەواو. ئەمانە بیانوو هێنانەوە نین بۆ خۆ نەگونجاندنی من، بەڵام ئەگەر بڕیاربێت لە خۆ گونجاندنمدا هەموو بەها زانستیەکە لەدەست بدەم ئەوە ئەو ئیشە ناکەم.
با بگەڕێمەوە سەرەتا، کۆرسی باش قوڵە، زانیاری وردی تیادایە و هەموو کەس حەزی لێینیە، ئەگەر کۆرسێک، زانستێک، یان پیشەیەک سادەبوو و هەموو کەس لێی زانی، ئەوە ئیتر نابێتە سەرچاوەی کار و داهات، چونکە هەموو کەس دەیزانێ (یاسای خواست و خستنە ڕوو). پرۆفیسۆر گروبەر ئەیوت “پێتان ناخۆش نەبێت کە ئابوری قورس و ئیزعاجە، گەر وانەبووایە هەموو کەس دەیزانی و ئێمە نەمان دەتوانی ببینە ئابوریناس (وەک پیشە و سەرچاوەی داهات)”.
کاتێک کۆرسێک قورس و وردە ڕقت لێی نەبێ، کاتێک ئیشەکەت ئیزعاجە و بە هەموو کەس ناکرێ پێتناخۆش نەبێ، ڕێک ئەو هۆکارە نەبێت سبەی هەموو کەس دەتوانێت کارەکەت بکات و پێویست بە تۆ نامێنێت. ئەو کارمەندانەی کە کارەکەیان سادەیە و هەموو کەس دەتوانێت بیکات زۆر دەترسن سبەی یان مانگی داهاتوو کەسێک بخرێتە جێگەکەیان، چونکە دەزانن هەموو کەس دەتوانێ کارەکەیان بکات و لێزانینێکی کەمی دەوێ. بە پێچەوانەوە ئەوانەی کارەکەیان لێزانین و ئەزموونی زۆری دەوێ زۆر بێخەمن، دەزانن دۆزینەوەی جێگرەوە ئاسان نییە، گەر هەشبێت بە لێزانین و ئەزموونەکەیان ئاسان ئەتوانن کارێکیتر بدۆزنەوە.
جا کۆرسی باش ئیزعاجە و سەرت دەیەشێنێ، هەرچەندە شێواز و ئەدای باشی ڕاهێنەر و مامۆستا لەم ئیزعاجیە کەم دەکاتەوە، بەڵام ڕاهێنەر نابێت لە ئەسڵی بابەتەکە دەربچێت، ئەمەم زۆر بینیوە لە کوردستان.
هەندێک ڕاهێنەر هەن جەوێکی خۆش بۆ بەژداربووەکان دروست دەکەن، بەجۆرێک کە حەزدەکەن هەرگیز کۆرسەکە کۆتایی نەیەت، بەڵام لە کۆتاییدا گەر لێیان بپرسی چی فێربوون؟ هیچ وەڵامێکی وازح و دروستیان پێنییە، ڕاستە هەندێک لە قسە خۆش و کاریگەرەکانیان بیردەکەوێتەوە، بەڵام ناتوانن خۆیان ئەوە جێبەجێبکەن کە فێری بوون، لەوەش خراپتر ناتوان پێناسەیەکی وردی کۆرسەکە بکەن لەگەڵ بابەتە سەرەکییەکانی ئەزموونیان کردوە.
ساڵی ٢٠١٦ کۆرسێکم دیزاین کرد لەسەر کارکردن بەتیم، پاش تەواوبوونی کۆرسەکە، لە ١٥ لاپەڕەدا (گەر هەڵە نەبم) هەموو بابەتە سەرەکییەکانم کۆکردەوە و پاش تەواوبوونی خولەکە دام بە بەژداربووەکان. ئەوسا پێم وتن کە ئاسان نییە ڕاستەوخۆ بتوانن ئەمە جێبەجێبکەن، بەڵام هەرکات ویستتان دەتوانن وەک هێڵە سەرەکییەکان بەکاریبهێنن، بۆ وردەکاریش دەتوانن بچن بەشوێن سەرچاوەکاندا.
کەواتە کۆرس کلیلەکانت پێدەدات، بەڵام دەبێت خۆت بچیت بە شوێن ڕێڕەوەکاندا و دەرگاکان بدۆزیتەوە و بیانکەیتەوە، پاشان بگەڕێ بەناو ژوورەکاندا، فێرببە و چێژ ببینە. بەڵێ ئاوایە، چاوەڕوان مەکە بەحازری شتەکان بێنە بەردەمت، پێویستت بە ڕێنیشاندەرە، بەڵام پێویستت بە خزمەتکار نییە هەموو شتێکت بۆ بهێنێتە سەر سفرە. ڕێگەی فێربوون سەختە، بەڵام دژوارییەکانی خۆشن. دڵخۆشی مرۆڤ تەنها لە دەرئەنجامدا نییە بەڵکو لە کۆی پرۆسەکەدایە، مرۆڤ حەزدەکات جێپەنجەی دیاربێت نەک تەنها بخوا و بخەوێ.
زۆرن ئەوانەی هەموو شتێک بە حازری لەسەر سفرەکەیانە، بەڵام دڵخۆش نین و بەدوای مانای ژیاندا دەگەڕێن، ئەمە ڕەنگە وەڵامی ئەو پرسیارەشبێت کە بۆچی ئەو کارانەی ڕۆتینن خەڵک حەزیان پێناکات و زوو واز دەهێنن. هەرکات هەموو کەس توانی کارەکەی تۆ بکات هەستەکەیت بونت گرنگ نییە یان کەمتر گرنگە لە هی ئەوانیتر. من لەگەڵ ئەوەدام هەر کارێکت کرد بەهایەکی بۆ زیادبکەیت، بەجۆرێک مۆرکێکی خۆتی پێوەبێت تەنانەت گەر کارەکە زۆر سادەشبێت. خزمەتکارێکی باشیش کە لە کارەکەی ئەڕوات و دانەیەکیتر یەتە جێگەی، ڕەنگە خاوەن ماڵەکە بڵێ “وەڵاهی لەوەتەی ئەو ڕۆیشتووە هیچ لەجێی خۆی نەماوە”.