بەرهەمی ناوخۆی مریشک هێندە زۆرە هەناردەی شارەکانی خوارووی عێراق دەکرێت، بەڵام بڕێکی زۆری مریشکی بەستوو هەناردەی هەرێمی کوردستان دەکرێت.
لە کاتێکدا ماوەی سێ ساڵ دەبێت هاوردەکردنی هەموو جۆرەکانی مریشکی بەستوو بەپێی یاسا قەدەغەیە، بەڵام مریشکی بەستوو بازاڕەکانی تەنیوە، هاووڵاتییانیش لە تەندروستبوونی نیگەرانن.
بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەنەری شاری سلێمانی بە (خەڵک)ی ڕاگەیاند، ئەگەر مریشکێک لەژێر چاودێری ئەواندا هاتبێتە بازاڕەکانەوە، لەڕێگەی پشکنینە تاقیگەییەکانەوە لێی دڵنیابوونەتەوە دواتر بڕیاریانداوە بخرێتە بازاڕەوە.
هاوکات بۆ دەستکەوتنی ئامارێک سەبارەت بەو مریشکە بەستووانەی هاتوونەتە بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەنەری، ڕایانگەیاند کە لە ساڵی ٢٠١٩ ەوە، هیچ بەڵگەنامەیەک بۆ هاوردەکردنی مریشک نەهاتووەتە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان.
نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکان بۆ (خەڵک) ئەوەی خستەڕوو، بەرهەمی ناوخۆی مریشکی زیندوو چوار هێندەی پێداویستی هاووڵاتییانە، بەڵام بەهۆی هاوردەکردنی مریشکی بەستووەوە، زیانێکی زۆریان پێگەیشتووە.
ئایا مریشکی بەستوو کە هاوردەکردنی قەدەغەکراوە بۆ بەکارهێنان تەندروستە؟
د. بورهان عەلی، لێپرسراوی هۆبەی کوشتارگەکانی پارێزگای سلێمانی لە چاوپێکەوتنێکیدا بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، کاتێک بازرگانێک داواکاریی بۆ هاوردەکردنی بەروبومی ئاژەڵی وەک گۆشت و مریشک پێشکەش دەکات پێویستی بە پشکنینی تاقیگەی هەیە، هەروەها پێویستە ئەو وڵاتەی لێوەی هاوردە دەکرێت ڕێگەپێدراوبێت و هیچ جۆرە نەخۆشییەکی نەبێت، دواتر بازرگانەکە داتاکانی پێشکەش بە بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری بکات.
وتیشی، هاوردەکردنی مریشک چەند مەرجێکی هەیە، دەبێت ئەو مریشکە ماوەی سێ مانگ بەسەریدا تێپەڕی نەکردبێت، پاش هاوردەکردنی بەرواری ساڵێکمان بۆ دیاری کردووە کە دەبێت لە پلەی گەرمی -١٨ پلەی سیلیزی لە بەڕاددا هەڵبگیرێت، بەردەوام لە ڕێگەی لیژنەکانمانەوە پشکینین بۆ بەرهەمەکان دەکەین تا بزانین چەندێک تەندروستە، ئەگەر مریشکێک ڕەنگ و بۆنی تێکچووبێت، لیژنەکان نموونەی لێوەردەگرن و دەینێرن بۆ تاقیگە.
سەبارەت بە جۆرەکانی مریشک بەپێی ئەو وڵاتەی لێوەی هەناردە دەکرێت ئاماژەی بەوەکرد، ئێمە وەک پزیشکی ڤێرتەنەری جیاوازی ناکەین لەنێوان ئەو وڵاتەی لێوەی هەناردەدەکرێت، لایەنە تەندروستییەکەی بۆ ئێمە گرنگە کە بەپێی ستانداردە عێراقییەکان بێت، مریشکەکە لە سەربڕینخانەکەی ئەو وڵاتەدا بە شێوازی حەڵاڵ سەربڕدرابێت، بە شێوازێکی تەندروست بەخێوکرابێت.
سەبارەت بە بەهای خۆراکی میشکی زیندوو و بەستوو وتی، مریشکی زیندوو و بەستوو جیاوازییان نییە گرنگ ئەوەیە هەر کامیان بێت بەشێوازێکی تەندروست بەخێوکرابێت و سەربڕدرابێت، بەکارهێنانیشی دەکەوێتەوە سەر خواستی هاووڵاتییان کە لە نێوان تاکەکاندا جیاوازە.
لە کۆتاییشدا ئەوەی خستەڕوو، ئێمە بەرپرسیارین لەو مریشکە بەستووانەی کە بە ڕێگای یاسایی هاوردە دەکرێن، بەڵام ئەو مریشکە بەستووانەی بە ڕێگای نایاسایی دێن، لە ژێر بەرپرسیاریەتی ئێمەدا نییە.
مریشکی هاوردەکراو زیان بە بەرهەمی ناوخۆ دەگەیەنێت؟
هاوردەکردنی مریشکی بەستوو لە دەرەوە بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، زیانێکی زۆری بە خاوەن کێڵگەکانی مریشک گەیاندووە و بەهۆیەوە توشی گرفت بوون.
ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەریدەخەن، لە هەرێمی کوردستان هەزار و ٨٤٠ پەلەوەرخانە هەن، لە هەولێر ٥٧٦ پەلەوەرخانە، سلێمانی ٧٢٧ پەلەوەرخانە، دهۆک ٣٤٤ پەلەوەرخانە و ٣٥ پەلەوەرخانەش لە هەڵەبجە هەن، لەگەڵ ئەوەشدا نزیکەی ١٥٠ بۆ ٢٠٠ پڕۆژەی نایاسایی هەیە.
هاوکات ساڵانە زیاتر لە ١٠٥ ملیۆن مریشک لە هەرێمی کوردستان گەورە دەکرێن و دەخرێنە بازاڕەوە، کە دەکاتە نزیکەی ٢٥٠ هەزار تۆن گۆشتی مریشک، لە کاتێکدا پێداویستیی ساڵانەی گۆشتی مریشک لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان ٦٠ هەزار تۆنە.
نازم عەبدوڵا، سەرۆکی کێڵگە پەلەورییەکان لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵک) ڕایگەیاند، هەموو کەسێک بەپێی ستانداردی نێودەوڵەتی ساڵانە پێویستی بە ٢٤ کیلۆ گۆشتی مریشک هەیە، واتە بە نزیکەیی ساڵانە ٦٠ هەزار تۆن گۆشتی مریشک دەکات، بەڵام ئێمە ساڵانە زیاتر لە ٢٠٠ هەزار تۆن گۆشتی مریشک بەرهەمدەهێنین، پاش پڕکردنەوەی خواستی ناوخۆ مریشک هاوردەی شارەکانی دیکەی خوارووی عێراق دەکەین، هاوکات ئەگەر کارئاسانیمان بۆ بکرێت دەتوانین بۆ وڵاتانی دەرەوە هەناردەی بکەین.
سەرۆکی کێڵگە پەلەوەرییەکان باسی لەو ئاستەنگییەکانی بەردەم خاوەنی کێڵگە پەلەوەرییەکان کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی هاوردەی مریشکی بەستوو زیانێکی زۆر بە خاوەن کێڵگەکان کەوتووە، چونکە بەهۆی ئەو هاوردەیەوە، مریشکی زیندوو لە ناوخۆ خواستی لەسەر نامێنێت و کڕیاری نابێت، ئێمەش کە بەرهەمێکی زۆرمان هەیە وا دەکات بە کەمترین نرخ و زیانێکی زۆر بیخەینە بازاڕەوە.
وتیشی، بەخێوکردنی مریشکێکی سێ کیلۆیی لە ماوەی ٥٠ بۆ ٥٥ ڕۆژی پێویستە، تێچووی کیلۆیەک ٢٦٠٠ بۆ ٢٥٠٠ دینارە، بەڵام بۆ ماوەی چەندین مانگ کیلۆیەک مریشک بە ٢١٠٠ دینار فرۆشراوە، خاوەنی کێڵگەکان لە زەرەردابوون.
ئاماژەی بە گرنگی بەرهەمهێنانی مریشکی سپی لە ناوخۆدا کرد و وتی، بەرهەمی مریشکی سپی لە هەر ١٢ مانگەکەی ساڵدا هەیە، بەهۆیەوە زیاتر لە ٤٥٠ هەزار هەلی کار ڕەخساوە، پێویستە حکومەت پاڵپشتی بازرگان و سەرمایەدارەکان بکات بۆئەوەی سەربڕینخانەی تایبەت دروست بکەن و کار بۆ بەرهەمهێنانی مریشکی بەستوو لە ناوخۆدا بکەن.
لە کاتێکدا ئەنجومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوە ئاوییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە ٢٣ی شوبات ساڵی ٢٠٢١ بڕیاریدا، مریشکی هاوردە و بەستوو بەهەموو شێوەیەک لە تەواوی دەروازەکانی هەرێمی کوردستان قەدەغەبکرێت، هاوکات بڕیاردرا بە ڕاگرتن و قەدەغەکردنی پارچەکانی مریشکی هاوردەکراو.