وەزارەتی بازرگانی حكومەتی هەرێم سەبارەت بەو نووسراوەی لەلایەن پەرلەمانتارێك و تۆڕەكۆمەڵایەتییەكانەوە بڵاوكرایەوە دەربارەی ئەوەی “گوایە پارەی سەبەتەی خۆراك دەخورێت” ڕوونكردنەوەیەك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، وەك “پاداشت” خەرج دەكرێت بۆ فەرمانبەران.
وەزارەتی بازرگانی هەرێم لە ڕوونكردنەوەكەیدا ئاماژەی بەوەكردووە، مانگانە 3 ملیار و 3 ملیۆن و 48 هەزار دینار وەك داهاتی سەبەتەی خۆراك دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ و لەو بڕەش بەشێكی وەك “پاداشت” خەرج دەكرێت بۆ فەرمانبەران سەر بە وەزارەتەكە خەرج دەكرێت.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لەبەر گرنگی و هەستیاری بابەتەكە بە ژیانی هاوڵاتیانەوە و بۆ دەرخستنی ڕاستیەكان لیژنەیەكی بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە.
ڕونكردنەوەیەك لەوەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیەوە بۆ ڕای گشتی
لە لایەن پەرلەمانتارێك و چەند پەیج و ئەكاونتێك هەواڵێك بڵاوكراوەتەوە بۆ بە لاڕێدا بردنی ڕای گشتی كە گوایە پارەی سەبەتەی خۆراك {بایعی} دەخورێت.
بۆیە بەپێویستی دەزانین ئەم ڕوونكردنەوەیە بڵاو بكەیەنەوە:
یەكەم : بە ڕەزامەندی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەڕێكەوتی { ٢٠٢٢/١٠/٢٣ } ڕێككەوتنێك لەنێوان وەزارەتی بازرگانی حكومەتی عێراقی فیدراڵ و وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان واژۆ كرا كە لەو ڕێكەوتە بە دواوە تەواوی داهاتی كۆمپانیای گشتی بازرگانی خۆراك و كۆمپانیای گشتی دروستكراوی دانەوێڵە {داهاتی سەبەتەی خۆراك} درایەوە بە وەزارەتی بازرگانی عێراقی فیدراڵ لە بەرامبەردا وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ تەواوی خەرجی گواستنەوە و باركردن و داگرتنی خۆراك و ئارد تا دەگاتە بریكارەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ خەرجی نۆژەنكردنەوە و پاداشتی فەرمانبەران و دابینكردنی پێداویستی فەرمانگەكانمان بگرێتە ئەستۆ هاوشێوەی فەرمانگە و فەرمانبەرانی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ لە تەواوی پارێزگاكانی عێراق .
دووەم: مانگانە سێ ملیار و سێ ملیۆن و چل و هەشت هەزار دینار وەك داهاتی سەبەتەی خۆراك دەچێتەوە سەر حسابی وەزارەتی بازرگانی حكومەتی فیدراڵ، وەزارەتی ناوبرایش بەم شێوەیە بە پێی ڕێنماییەكانیان خەرجی دەكاتەوە :-
• بڕی یەك ملیار و سێ سەد و پەنجا ملیۆن دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی خۆراك لە كۆگاكانمان بۆ بریكارەكان لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
• بڕی یەك ملیار دینار بۆ گواستنەوە و داگرتن و باركردنی ئارد بۆ بریكارەكانمان لە شارو شارۆچكەكانی هەرێمی كوردستان خەرج دەكرێت.
• پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی بازرگانی كەلوپەلی خۆراك{بایعی} لە هەرێمی كورستان كە {٣٧١} فەرمانبەرن بڕی دوو سەد و هەشتا ملیۆن دینار وەردەگرن.
• پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی ڕێكخستنی پسولەی خۆراك لە هەرێمی كورستان كە {٢٤١} فەرمانبەرن بڕی شەست ملیۆن و دوو سەد و پەنجا هەزار دینار وەردەگرن.
• پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵە{سایلۆكان} كە {٣٥٦} فەرمانبەرن بڕی نەود و نۆ ملیۆن و شەش سەد و هەشتا هەزار دینار وەردەگرن.
• پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی دروستكراوی دانەوێڵە{ئاشەكان} كە {١٩٦} فەرمانبەرن لە هەرێمی كوردستان بڕی بیست و نۆ ملیۆن و چوار سەد هەزار دینار وەردەگرن.
• پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی چاودێری بازرگانی لە هەرێمی كورستان كە {٣١٠} فەرمانبەرن بڕی حەفتاو حەوت ملیۆن و پێنج سەد هەزار دینار وەردەگرن.
• پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی گشتی بازرگانی كە {٨٥} فەرمانبەرن بڕی بیست و سێ ملیۆن و پێنج سەد و حەفتاو پێنج هەزار دینار وەردەگرن
• پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی گشتی پلاندانان و بەدواداچون كە {٨٥} فەرمانبەرن بڕی دوانزە ملیۆن و شەست و دوو هەزار دینار وەردەگرن. .
• پاداشتی فەرمانبەرانی بەڕێوبەرایەتی گشتی دیوان كە {١٦٥} فەرمانبەرن بڕی سی و دوو ملیۆن و دوسەد و بیست و پێنج هەزار دینار وەردەگرن.
• پاداشتی نوسینگەی جەنابی وەزیر و بریكارەكان و ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرە گشتیەكان و یاریدەدەری بەڕێوەبەرە گشتیەكان بڕی پانزە ملیۆن و هەشت سەد هەزار دینار وەردەگرن.
• تەواوی خەرجكردنی پاداشتەكان لەگەڵ دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكدایە لە تەواوی عێراقدا، كە تا ئێستا ١٠ سەبەتە دابەش كراوە و لە هەرێمی كوردستان تەنها هەشت بەش دابەشكراوە.
سێهەم: لەبەر گرنگی و هەستیاری بابەتەكە بە ژیانی هاوڵاتیانەوە و بۆ دەرخستنی ڕاستیەكان لیژنەیەكی بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران پێكهێنراوە.
چوارەم: بە مافی خۆمانی دەزانین داوای یاسایی لەسەر تەواوی ئەو كەس و لایەن و ڕۆژنامەنوس و پەیجانە تۆمار بكەین كە بەمەبەست ڕای گشتییان بە لاڕێدا برد و تۆمەت و هەواڵی بێ بنەمایان لە سەر وەزارەتمان دروست كرد.