نزیکەی 10ساڵە یەکێک لە کێشە دیارەکانی نێوان هەرێم و بەغداد بریتییە لە کێشەی دارایی و مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، سەدان جار شاندەکان لەسەر ئاستی جیاواز سەردانی عێراقیان کردووە، سەرەڕای ڕێککەوتن، بەڵام دووبارە هەمان کێشەکان سەر هەڵدەدەنەوە، هەریەک لە بەغداد و هەرێمیش یەکتر تۆمەتبار دەکەن بە جێبەجێنەکردنی بەندەکانی ڕێککەوتنەکە و پابەند نەبوون.
کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە دەنگی ئەمریکای ڕایگەیاندووە، بەداخەوە ئەو هەڵە یاساییانەی بەسەر کورددا تێپەڕیووە لە خولەکانی ڕابردوو وە تەنانەت لە یاسای بودجەش، قورسە ڕاستی بکەینەوە، لەبەر دوو هۆکار، یەکەم کورد لە 329 کورسی پەرلەمان خاوەنی تەنها 63 کورسیە کە ئەمانەش یەکگرتوو نین، سەرەڕای ئەوەی ناکۆکیەکانی ناو هەرێمی کوردستان بەتایبەت پارتی و یەکێتی ڕەنگی داوەتەوە لە بەغداد، کە نەمانتوانی لە یاسای بودجەشدا یەک دەنگ بین، بۆیە زۆر جار دەزانین کە یاسایەک دەردەچێت لە داهاتوو کێشە بۆ هەرێمی کوردستان دروست دەکات، بەڵام ناتوانین ڕێگربین لەبەر ئەو هۆکارانەی باسم کرد.
ئاماژەی بەوەشدا،ئەو تەمویلەی ئێستا بەغداد دەیکات کە 618 ملیارەکەیە ئەمەش دووبارە گرفتە و ڕەنگە هەموو مانگێک هاوشێوەی ئەم مانگە دوابکەوێت، چونکە ئەمە لە(ئینفاقی فیعلیە) و بەغداد دەبێت موچەی پانزە پارێزگاکەی تری عێراق دابین بکات ئنجا لەوەی مایەوە لە 12,5% دەنێرێت بۆ هەرێم، واتە تا پارێزگاکانی تری عێراق موچە وەرنەگرن تەمویلی هەرێم ناکات.
ئاماژەی بەوەشداوە، بەداخەوە کابینە یەک لەدوایەکەکانی کوردستان نەیاتوانی سیاسەتێکی ئابوری دروست و چاکسازی ئابوری و ئیداری بکەن، ئێمەیان خستە دۆخێکەوە بە چوار پەلی شکاوەوە مەمنونی عێراقین، کە پارەمان بۆ بنێرێت،ئەویش (700، 600،500 ملیار دەنێرێت) و ناتوانین هیچ بڵێین، چونکە هیچ دەرچەیەکی ترمان نەماوە نەوتمان دەفرۆشت دۆخمان خراپ بوو، نەوتمان ڕادەستی بەغداد کرد دۆخ هەر خراپتر بوو.