جەعفەر شێخ مستەفا، رایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامن لە بەرپرسیارێتیان بەرامبەر بە خاک و نیشتمانەکەیان، و “هاوپەیمانان بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وادەیەکیان بۆ هەرێم دیاریکردووە”.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی شوباتی 2024، جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، لەلایەن ئەمریکاو هاوپەیمانانەوە یاداشتێک بۆ وەزارەتی پێشمەرگە نێردراوە، و تیایدا وادەیەک دیاریکراوە بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی 70 و80ی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزێکی نیشتیمانی.
هەروەها ئاماژەی بەوەشدا، کۆبونەوەکان بەردەوامن بۆ یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە وەک هێزێکی نیشتمانی هەرێمی کوردستان، و بەردەوامین لە گفتوگۆکانیش لەگەڵ بەغدا بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوانمان.
پێشتر جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە دەربارەی گرفتەکانی یەکنەگرتنەوەی هێزی پێشمەرگە و درێژەکێشانی رایگەیاندبوو، ، “ململانێی سیاسی حزبەکان هۆکاری سەرەکی بووە بۆ رێگریکردن لە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەوەش پێچەوانەی خواستی ئەمریکا و هاوپەیمانانە کە دەیانەوێت پێشمەرگە بێلایەن بێت و بۆ ململانێ سیاسیەکان بەکارنەهێنرێت”.
ئەم وادەیەی هاوپەیمانان لە کاتێکدایە کە پێشتتر چەندجارێک هۆشداریان داوە بە یەکێتی و پارتی لە ئەگەری ئەنجامنەدانی چاکسازی لە ریزەکانی پێشمەرگە سەرجەم هاوکاریەکانیان رادەگرن.