وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی ڕابردوودا چاكسازیی لە چۆنیەتی گەیاندن و ئەنجامدانی گرێبەستەكانی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك لە پارێزگای هەولێر كرا و لە پلانی داهاتووشدا ئەو ستراتیژییە لە پارێزگاكانی دیكەی هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت.
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە، پڕۆسەی كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك یەكێكە لە پڕتێچووترین خزمەتگوزارییەكان لە هەرێمی كوردستان، كە ساڵانە نزیكەی ١٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ خەرج دەكرێت.
ڕاشیگەیاندووە، لە مانگی كانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١یشەوە، نووسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار دەستی بە كاركردن كرد بۆ دانانی ستراتیژییەكی نوێ بۆ ئەم خزمەتگوزارییە بە جۆرێك، كە هەم كوالیتی بەرزبكرێتەوە هەم تێچووی ئەم خزمەتگوزارییە كەمبكرێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكردووە، پێداچوونەوە بە گرێبەستەكانی بەڕێوەبردن و كۆكردنەوەی خۆڵ و خاشاك، بەشێكە لە بەرنامەی كاری چاكسازی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئامانجی سەرەكی لەم كارە پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری باشتر و گونجاوتر و كوالیتیی بەرزترە بە هاووڵاتیان و كەمكردنەوەی تێچووەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان.
جەختیشی كردۆتەوە، لەم ستراتیژییە نوێیەدا، لایەنی دابینكەر ئازاد دەبێت لەوەی چۆن خزمەتگوزارییەكە پێشكەشی بكات، بە مەرجێك ڕەچاوی بەرزی ئاستی كوالێتی خزمەتگوزارییەكە بكات، كە ئەمەش جیاوازە لە ستراتیژییەتی كۆن، كە پێشتر هەموو ئەرك و داواكارییەكان بۆ گەیاندنی خزمەتگوزارییەكە لە لایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە دیاری دەكرا.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشتر دادگای تەممیزی هەرێمی كوردستان پاڵپشت بە یاسای شارەوانییەكان، گرێبەستی كۆكردنەوەی پارەی خۆڵ و خاشاكی لەلایەن كۆمپانیاكانەوە هەڵوەشاندەوە و بڕیاری داوە، كە دەبێت شارەوانییەكان لە ڕێگەی فەرمانبەرانی خۆیەوە ئەو كارە بكات، چونكە ئەوە داهاتی گشتییە.