نووسەر: عەبدولواحید محەمەد
دوای هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەتی جاران، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بووە تاقە زلهێز و تاک سەرکردەی وڵاتانی جیهان، ڕاستە هاوشان لەگەڵ ئەو دۆخە تازەیە بەهێزیتر هەبوون وەک وڵاتانی ئەوروپا و چین، هەوڵیاندەدا جێپێی خۆیان بکەنەوە، بەڵام توانای ئەوەیان نەبوو خۆیان لە قەرەی ئەمەریکا بدەن، لەوێ ڕۆژێوە هەر پرۆسەیەکی جیهانی، بۆ هەر مەبەستێک هەبوایە، بە سەرکردایەتی ئەمەریکا و لە ژێر چەتری نەتەوە یەکگرتووەکان بەڕێوەبراوە.
نمونەش زۆرە، ئەوەتا ئەفغانستان، شەڕی یەکەمی کەنداو و ڕزگارکردنی میرنشینی کوێت لەژێر چنگی عێراق، شەڕی دووەمی کەنداو و لەسەرکار لابردنی ڕژێمی دکتاتۆری سەدام و چەندین نمونەی دیکە.
لەپاڵئەوەشدا بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابووە دۆست و هاوپەیمانی زیاتر بۆ خۆی پەیدابکات، لەوبارەیەوە سەرکەوتوبووە، ئەوەتا بە ئاشکرا لە ژێرەوە، لە هەوڵدابوو بریکار بۆ خۆی دروستبکات، ئەو ئاڕاستەیە زیاتر لە لایەن دیموکراتەکانەوە پەیڕەوکراوە تا کۆماریەکان، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوین، لەبری ئەوەی هەموو جارێ و لە دەڤەرەکان ڕاستەخۆ تێکەڵاوی وردی ئەجیندا سەربازی و سیاسەکان بێت، تا بەم دواییەش، لەژێرەوە زۆربەی ئەجیندا ناوچەییەکانیانی ڕادەستی دوو بریکار کردبوو.
یەکیان بە ڕووکاری سەرەوەی نیشتمانی عەرەبی ڕۆژئاواکەی، ڕووکاری کەنداو و لێوارەکانی دەریای سوریش بە ئەوەیکەی تر.
ئەو شێوە دابەشکرنەش بۆ ئەوەبوو بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا باش بەرجەستەبێت، بێ ئەوەی خۆی ڕاستەخۆ ناوی بهێنرێت، لێرەدا ڕەنگە پرسیارێک بێتە ئاراوە و گومان بخرێتە سەر ئەو شیکردنەوەمان، بۆ ئەوە دەبێت بزانرێت ئەگەر سیاسەتکردن هەر ئەوە بێت کە ڕۆژانە دەیبیستین ئەسڵەن ئەوە سیاسەت نییە، ئەوەی لە ژێرەوە و لە چێشتخانەی پشتەوە فۆرمەڵەدەکرێت و ئامادەدەکرێت ئەوەیان دیوە بنەڕەتییەکەی سیاسەتە.
بەهەرحاڵ ئەمەریکییەکان ئەوەی دیارە سەرکەوتو نەبوون، بگرە تووشی شۆکیش بوون، چونکە بریکارەکانیان تەنها خەریکی دەستکەوتی ئابووری، سیاسی و پاوانکردنی دەسەڵاتەکانیان بوون، هیچ دەربەستی بەرژەوەندیەکانی ئەو دەوڵەتە زلهێزە نەبوون، کە خۆی کردبوونی بە بریکار، بۆیە ئەمەریکا ستراتیژەکەی گۆڕی و خۆی بە پاساوی جۆراوجۆر هاتە مەیدانەکە.
وەک ئاماژەمانپێدا ئەمەریکا ڕاستەخۆ هاتە نێو کایەکە، چونکە بەڕاستی بۆ ئەو دەڤەرە زۆر ستراتیجە ناتوانێت وەک تەماشاکەر سەیری مەشهەدەکە بکات، کە دواجار بەدەستی بەتاڵەوە لێیەوە دەرچێت، بڕیاری ئەوەیدا خۆی نمایشکەرە سەرەکیە بێ ڕکابەرەکەبێت، بەتایبەت ئێستا زلهێزی ئابووری، سیاسی و سەربازی گەورە هاتوونەتە پێشەوە، ڕکابەری لەسەر هەموو بستێک خاکی جیهان دەکەن، مۆدێلێک لە ئیمپریالزمی لەژێر پاساوی جیاجیا وەک مافی گەلان، دادپەروەری، کۆمەڵایەتی، دیموکراتیەت و مافی مرۆڤ پەیدابووە، شەڕ لەسەر تەڕ و وشک دەکەن، ئەوەتا دەبینین ئەمەریکا و بەشێک لە هاوپەیمانەکانی تەواجودی بەرچاویان لە زۆربەی شوێنە ستراتیجەکان هەیە، عێراق، سوریا، کەنداو، بەمدواییەش دەریای سوور و چەندین شوێنیتریش.
ڕاستە ماوەیەکە جۆرێک لە دەنگهەڵبڕین، ژاوەژاو و هەندێک جاریش تەقوتۆق هەیە، گوایە ئەمەریکا دەبێت بکشێتەوە وعێراق و سوریا بەجێبهێڵێت، ئێستا پرسیارەکە ئەوە ئایا ئەمەریکا دەکشێتەوە؟ دەچێتە ژێرباری ئەو داواکارییە ئاشکرایەی لایەنە نەیارەکانی؟
بێگومان نەخێر و ناکشێتەوە، ڕەنگە تاکتیکێک بنوێنیت بۆ کاتی، بەڵام دواجار هەر ناکشێتەوە بگرە ئەجیندایەکی گەورەتری لە پێشدایە، تاوەکو پایەکانی بەهێزتربکات، پێدەچێت هێدی هێدیش بەڕە لە بنپێی هەندێک لایەن و هێزی هەرێمیش بکێشێتەوە، لەبەر ئەوەی ڕۆژانێک لەمپەر بوونە لەبەردەم مەرامەکانی ئەو وڵاتە، بەدڵنیاییەوەش چاوێکی جددی بە ئەوراقە کۆن و نوێیەکانشیاندا دەگێڕنەوە، بۆ داڕشتنەوەی نەخشەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بە پلانێکی تازە، مەبەستی من لەو شرۆڤ کردنە ئەوەیە، کورد لەو نێوەندەدا دەبێت چی بکات؟
بەڕای من هەلێکی نوێ خەریکە دێتە پێشەوە، بە سروشت هەر پرۆسەیەکی جیهانی گەورە کۆمەلێک لێکەوتەی باش و خراپی لێدەکەوێتەوە، کورد لەوەیە قازانج بکات، بەم مەرجانە:
یەکەم، هێلکەکانی خۆی نەخاتە هیچ سەبەتەیەکی وڵاتە هەرێمییه چاوچنۆکەکان، چونکە ئەوراقی ئەوانیش لە مامەڵەکەدایە.
دووەم، پڕۆژەیەکی کوردی کوردیان هەبێت، دوور لە دەستتێوەردانی ئەم و ئەو.
سێیەم، لەسەر هەموو ئاستێک کۆمەڵانی خەڵک ئاشتبکەنەوە بە تایبەت خانووە قوڕەکان، چونکە ئەوان هەموو جارێ سوتەمەنی بوون.
چوارەم، دوورخستنەوەی هەموو ئەو دەموچاوە قێزراو و بێزاراوانەی خەڵکیان بەهەموو شێوەیەک ئازارداوە و تەنها ڕەچاوی بەرژەوەندی تایبەتی و کەسی خۆیان کردووە.
پێنجەم، بۆ ئەم قۆناغە ڕاگوزەرە پێویستە لەگەڵ حکومەتی ناوەندی عێراق ڕێکوتەبابین، چونکە ئەوان لە ڕووی نێودەوڵەتیەوە بەرپرسن لە پاراستنی سەروەری عێراق و بۆیان هەیە سنوورەکان بپارێزن و نەهێلن وڵاتانی هەرێمی غەدرمان لێبکەن.
بەو هەنگاوانە دەتوانرێت هێزێکی مرۆیی باش و باوەڕپێکراو لە ڕووی نێودەوڵەتیشەوە بنیاتبنرێت و هیواکانی بۆ ئەو ڕۆژانەی دێتە پێشەوە لەسەر هەڵبچنرێت، لە دەرەوەی ئەوە، هەر چی بکەن و هەر ناوێک لە خۆیان بنێن، هەر کێیان لە پشت بێت، هیچی لێ شین نابێت و خراپتر لە پاشتر.
کوردیش لەخۆڕا نەی وتوە “ئەو کەسە کەسە، ئەلفێکی بەسە”.