ئەمڕۆ بە سەرۆکایەتییەکان و پێنج وەزارەت، دابەشکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەم کۆتایی دێت.
بە پێی خشتەی وەزارەتی دارایی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکایەتی هەرێم، سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران مووچەی مانگی یەک وەردەگرن.
هەر ئەمڕۆ مووچەی وەزارەتەکانی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ڕۆشنبیری و لاوان، کارەبا، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەگەڵ شارەوانی و گەشتوگوزار دەدرێت.
هاوکات مووچەی خانەنشینی پێشمەرگەش دابەش دەکرێت.
دابەشکردنی مووچەی مانگی یەک کۆتایی دێت، بەڵام هێشتا کێشەی مووچە لە نێوان هەولێر و بەغدا بە چارەسەرنەکراوی ماوەتەوە و گرفتەکەش بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە.
ئەمە جگە لەوەی هێشتا فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان مووچەی سێ مانگی کۆتایی 2023شیان وەرنەگرتووە.