هاووڵاتییانی هەرێم لە قەرز و پێشینەکانی عێراق سوودمەند دەبن
خەڵك وردەکاری بانکە نوێیەکە بڵاودەکاتەوە



وەزارەتی دارایی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیارێکی دەرکردووە بۆ ڕێکارەکانی دەستبەکاربوونی بانکی نیشتمان، کە بە دامەزراندنی بانکەکە گرفتی ئابووری هاووڵاتییان چارەسەردەبێت.

بانکی نیشتیمان لە ڕێکەوتی ٢٠ ئەیلوول ساڵی ٢٠٢٣ لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، تۆمارکراوە، کە بانکێکی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و ڕاستەوخۆ بە بانکی ناوەندیی عێراقی فیدڕاڵەوە دەبەسترێتەوە.

بانکی نیشتیمان هاوشێوەی بانکی ڕەشید و  ڕافیدەین دەبێت و وەک بوونی سەکۆیەکی ئەلیکترۆنی بۆ ئاڵوگۆڕی دراوەکان کە بازرگانان و هاووڵاتییان دەتوانن لێی سوودمەند بن.

مەولوود سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی بانکە بازرگانییەکانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، “بانکی نیشتمان لە هەرێمی کوردستان دادەمەزرێت و هەنگاوەکانی دامەزراندنی ئەو بانکە تەواوبووە”.

نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، “بانکی نیشتیمان دەبێتە چەترێکی کۆکەرەوەی سەرجەم بانکە بازرگانییە حکومییەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان، دەیانبەستێتەوە بە بانکی ناوەندی عێراق”.

دیلمان جەمال، بەڕێوەبەری بەشی توێژینەوە لە بانکی ناوەندی هەرێم تایبەت بۆ تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، “بانکی نیشتیمان مۆڵەتی لە بانکی ناوەندی وەرگرتووە، وەکو بانکێکی فەرمی ڕۆڵی بانکی ناوەندی دەبینێت لە هەرێمی کوردستان”.

لە عێراق سێ بانکی فەرمی بازرگانی هەیە، ئەوانیش بانکی بازرگانی عێراق- TBI، بانکی ڕافیدەین و بانکی ڕەشید، ئێستا لە هەرێمی کوردستان ٩٤ بانک هەیە، بەڵام هیچیان نەبەستراونەتەوە بە عێراقەوە، بەڵام بانکی نیشتیمان کە دامەزرا هاوشێوەی بانکەکانی دیکەی عێراق دەبێت، هەمان مامەڵە لەگەڵ حکومەتی فیدڕاڵی عێراق دەکات.

ناوبراو ئەوەشی خستەڕوو، “ئامانج لە دامەزراندنی بانکی نیشتیمان کەمکردنەوەی ئەو بانکانەیە کە ناپێویستن، ئەوکاتە ژمارەی بانکەکان کەمدەکرێنەوە و هەموویان لە ڕێگەی بانکی نیشتیمان-ەوە سەرپەرشتی دەکرێن و دەبەسترێنەوە بە حکومەتی فیدڕاڵی”.

دیلمان جەمال، سەبارەت بەو خزمەگوزرییانەی کە ئەم بانکە بۆ هاووڵاتییانی دەستەبەردەکات کە بانکەکانی دیکە ناتوانن وتی، “بۆ نموونە کەسێک لە شارەکانی ناوەڕاستی خوارووی عێراقەوە دێت بۆ شارەکانی هەرێم و چەکێکی پێیە، لە ئێستادا بانکەکان هیچ پەیوەندییەکان بە عێراقەوە نییە و ناتوانێت چەکەکەی بکات بە پارە، بەڵام ئەو کاتە بانکەکان لە ڕێگەی بانکی نیشتیمانەوە دەبەسترێنەوە بە حکومەتی فیدڕاڵی، لە هەر شارێکی هەرێم بیەوێت دەتوانێت خەرجی بکات”.

ناوبراو لەبارەی پێدانی دۆلار بە نرخی فەرمی ئاشکرای کرد، “دۆلار پەیوەندی هەیە بە سیاسەتی نەقدی عێراقەوە، ئەوەش دەبێتە بڕیارێک و بانکەکان پێوەی پابەنددەبن، بانکی نیشتیمانیش هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکات”.

 

بانکی نیشتیمان چۆن سوود بە فەرمانبەران و هاووڵاتییان دەگەیەنێت؟

بانكی ناوەندیی عێراق چەندین قەرز و پێشینەی جیاواز دەداتە هاووڵاتییان و خانەشینان و فەرمانبەرانی پارێزگاكانی عێراق، بەڵام پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانی لێ بێبەش كراوە.

لای خۆیەوە نەرمین مەعرووف، ئەندامی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە تۆڕی میدیایی خەڵک ڕایگەیاند، ” ڕێکارەکانی دامەزراندنی بانکەکە تەواوبووە، بە وتەی بەرپرسانی بانكی ناوەندی، کە بانكی نیشتمان بكرێتەوە، ئەوا قەرز و پێشینەكانی وەک پێشینه‌ی فه‌رمانبه‌ران، پێشینه‌ی خانووبەرە، پێشینه‌ی كشتوكاڵی، پێشینه‌ی پیشه‌سازی و قه‌رزی نیشته‌جێكردن، هەرێمی كوردستانیش دەگرێتەوە.”

هاوکات مانگانە ڕاستەوخۆ بەشە بوودجەی هەرێمی كوردستان و مووچەی فەرمانبەران دەگوازرێتەوە بۆ ئەم بانکە و فەرمانبەران دەتوانن لە بە دروستکردنی (هەژماری من) لەڕێگەی ئەم بانکەوە مووچەکانیان بە دەست بگات، کارتێکیان بۆ دروست دەکرێت و دەتوانن سەرجەم مامەڵەکانیانی پێ ئەنجامبدەن.

 

ئەم بانکە دەبێتە جێگەی متمانەی هاووڵاتییان؟

دیلمان جەمال، ئەوەشی خستەڕوو، “ئێستا لە شارەکانی خوارووی عێراق لە بانکەکان کێشەی نەختینە نییە، بەڵام حکومەتی هەرێم لە ساڵی ٢٠١٤ ەوە تا کۆتای ساڵی ٢٠١٦ ڕووبەڕووی کێشەی نەبوونی نەختینە بووەوە، پارە لە بانکەکان نەما و بودجە نەما، هەر بۆیە نەتوانرا شایستەکانی هاووڵاتییان بگەڕێنرێتەوە”.

وتیشی، “بانکی نیشتیمان دەبەسترێتەوە بە بانکی ناوەندی و حکومەتی عێراق، سیاستەکانی بانکی ناوەندی عێراق پەیڕەو دەکات و بۆیە متمانە بۆ هاووڵاتییان دەگەڕێنێتەوە، تەواوکاری مووچە دابیندەکات”.

سەرمایەی ئەو بانکە ٢٥٠ ملیار دینارە، لەو بڕە ٢٥ ملیاری بە نەخت لە ئەژمێرێکی تایبەت لە بانکی ناوەندیی عێراقی لە لقی هەرێمی کوردستان دانراوە، هەر بۆیە پێشبینی دەکرێت ببێتە جێگەی متمانەی هاووڵاتییان و سەرجەم مامەڵەکانیان لە ڕێگەی ئەو بانکەوە ئەنجامبدەن.

 

 

قوباد تاڵەبانی: گەشبینین ئەمساڵ کێشە داراییەکان بە یەکجاری چارەسەر بکەین
پێت قوباد تاڵەبانی: گەشبینین ئەمساڵ کێشە داراییەکان بە یەکجاری چارەسەر بکەین
وەزیری بەرگری تورکیا: هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر بێ پاساو بوو
دوات وەزیری بەرگری تورکیا: هێرشەکەی ئێران بۆ سەر هەولێر بێ پاساو بوو
پەیوەنیدر