وەزیری دارایی حكومەتی هەرێمی كوردستان گشتاندنێك سەبارەت بە مووچەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەكان دەردەكات و سكرتێری كۆمەڵەی كەمئەندامانی كوردستان دەڵێت: “لەمانگی داهاتووەوە كاری پێدەكرێت”.
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی، كە واژۆی وەزیری دارایی لەسەرە و ئاڕاستەی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی كراوە، بڕیار دراوە بە بەستنی مووچەی كەمئەندامی بۆ ئەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی مووچەی میراتگری خانەنشین وەردەگرن.
هەر لە نووسراوەكەدا هاتووە، “ژمارەی ئەو خاوەن پێداویستیانە 192 كەسە و بەپێی یاسای چاكسازی بڕاوە، بەڵام بە فەرمانی نهێنی سەرۆك وەزیران ژمارە (2523 لە 25-8-2022) بڕیاریاندا بە بەردەوام بوونی پێدانی كۆمەكی كەمئەندامی بەو خاوەن پێداویستییە تایبەتانەی لەهەمان كاتدا مووچەی خانەنشینی میراتگر وەردەگرن بەو مەرجەی ڕاپۆرتی پزیشكی نوێیان هەبێت”.
لای خۆشیەوە، سامان حسێن، سكرتێری كۆمەڵەی كەمئەندامانی كوردستان بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، توانرا مووچەی نزیكەی (٢٠٠) كەمئەندامی میراتگر بگێڕنەوە، كەبەهۆی سیستمی چاكسازی ڕاگیرابوو.
وتیشی، “بەپێی ئەم فەرمانە، لەمانگی ئایندەوە دەتوانن سوودمەند بن لە مووچەی كەمئەندامان و مووچەی میراتگریش وەربگرن”.